بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی دواخست

  2020-08-21  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا پڕۆسەی دەستپێكردنەوەی خوێندی دوا خست و بڕیاریشیداوە پلانی قەرەبووكردنەوەی خوێندنی لەدەستچوو دابڕێژرێت.

 بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە تیایدا بڕیاریداوە ، بۆ پاراستنی هاوڵاتیان لە تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی 2021/2020 بۆ یەكەم رۆژی مانگی تشرینی یەكەمی 2020 دوابخرێت. 

ئیدارەكە ئەوەشی راگەیاندووە، تەواوی شێوازەكانی دەوامی كارگێڕیی مامۆستایان رادەگیردرێن، دەوامی لیژنە و نووسینگە پەروەردەییەكانیش بەجێبەجێكردنی رێنماییە خۆپارێزییەكان بەردەوام دەبن.

 بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بڕیاریشیداوە لیژنە پەروەردەییەكان نەخشەیەك بۆ قەرەبووی خوێندنی لەدەستچوو دابڕێژن بۆ ئەوەی پڕۆسەی خوێندن و فێركردن لەو ناوچانە روبەڕوی دواكەوتن نەبێتەوە. 

 لە رۆژی 27ی ئایار ئیدارەی خۆسەری ساڵی خوێندنی 2019 بۆ2020ی كۆتایی پێهێنا  بڕیاریشیدا كە قەرەبووی خوێندنی لە دەستچووی خوێندكاران قەرەبوو بكاتەوە. 

بە گوێرەی ئامارێكی دەستەی پەرەوەردە و فێركردن لە ساڵی 2016دا بەبێ ناوچەكانی عەفرین ئیدارەی خۆسەری نزیكەی 2700 خوێندنگای هەبوو نزیكەی 470 هەزار خوێندكاریان تێدا بووە كە بەشێك لەوانە بە زمانی كوردی خوێندویانە. 


ڕیکلام