ژن یەک جار پیاو جێ ده‌هێڵن
هه‌ندێكیان
له‌سه‌ر نووكی پێ
به خشپه
ده‌رگا له دوای خۆیان
پێوه ده‌ده‌ن
نه‌وه‌ك ڕۆحی له-هه‌زار-لاوه-درزبردوویان بەر بێتەوە و
هه‌پروون بە هەپروون بێت.
هه‌ندێكیان به ده‌م ژانێكی كوشنده‌وه
چمكی كراسه گوڵگوڵییه‌كه‌یان هه‌ڵده‌كه‌ن
نه‌وه‌ك له فرمێسكدا بخوسێتەوە.
هه‌ندێكیان ده‌ست به گوێیانه‌وه ده‌گرن و دڵیان وه‌ك ملوانكه مروارییەکی پچڕا‌و
ده‌نك ده‌نك ده‌كه‌وێته به‌ر پێیان .
هه‌ندێكیان شێت ده‌بن و له‌به‌ر خۆیانه‌وه خه‌ون ده‌گێڕنه‌وه و به ده‌م گریانه‌وه قاقا لێ ده‌ده‌ن.
هەندێکیان هێندە تەنک دەبنەوە، بە پتێک هەڵدەوەرێن
هه‌ندێكیان قژی خۆیان ده‌ڕننه‌وه
هه‌ندێكیان ده‌ستیان له‌سه‌ر دڵیان
هەندێکی تر دەستیان لەسەر چاویان و
ئەوانی تر لەسەر برینی تەڕیان
ژن له سەرەتای چیرۆکەکاندا، نا
لە ناوەڕاستی چیرۆکەکانیشدا، نا
لە كۆتاییی چیرۆکەکاندا
بوخچەی ئەڤین دەپێچنەوە و ئاوەوئاو ده‌چن
ژن ده‌رگایان به ئاستەم بۆ ده‌كرێته‌وه
کلیلە ژه‌نگگرتوه‌كان له ده‌ستیاندا عاسی ده‌بن
قوڕگیان به گریان ده‌گیرێت و
لێویان وەک پاژنەی پێیان دەقلیشێت و خوێنی لێ دێت
ده‌میان هێندە پیس ده‌بێت
جنێو به پیرۆزییەکانیش ده‌ده‌ن
به‌ڵام كه ده‌ڕۆن
ئاوڕ
ئیتر
ناده‌نه‌وه.
کە دەڕۆن له ده‌ست ده‌چن
خوا غه‌زه‌بیان لێ ده‌گرێت و
باڵیان لێ ده‌ڕوێت.
ئاسمان ده‌ورووژێنن و
بە بڕینی په‌یوه‌ندییه‌كانیان قژی خۆیان دەبڕنەوە
نینۆکیان بە ددان دەجوون تا سەرپەنجەیان خوێنی لێ دێت
نینۆکیشیان کە درێژ دەبنەوە
دڵدارەکانیان
ئیتر
بیر چووەتەوە
هه‌ندێكیان یادگارییه‌كان ده‌سووتێنن
هەندێکیان خۆیان،
هه‌ندێكیان هه‌ر ده‌خۆن و هەر تێر نابن
پانتۆڵه‌كانیان ته‌سك ده‌بێته‌وه و پێڵاوه به‌رزه‌كان ئیتر له پێ ناكه‌ن
هه‌ندێكیان قاپی خودا ده‌گرن و
هه‌ندێكیان تەرکی نوێژ ده‌كه‌ن
هه‌ندێكیان گۆرانی ده‌ڵێن و به ده‌م سه‌ماوه ده‌گرین
هه‌ندێكیان گوێ له گۆرانی ناتوانن بگرن
ژنه‌كان
له یه‌ك
ناچن
لە هیچ شتێکدا له یه‌ك ناچن
لە سووتانی قەقنەسئاسا و زیندووبوونەوە نەبێت
لە خۆڵەمێشی
خۆیاندا.