فوئاد حسین: بەیاننامەی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق قورس بووە

  2020-08-22  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، گفتوگۆکردن لەسەر بەیاننامەی کۆتایی تایبەت بە گفتوگۆی ستراتیژی قورس بووە، بەڵام شاندی عێراق ئەنجامی ئەرێنی بەدەستهێناوە لە گفتوگۆکاندا.

لەدیدارێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراق وەزیری دەرەوەی عێراق وتی "گفتوگۆی بەیاننامەی کۆتاپی گفتوگۆی ستراتیژ یەک ڕۆژی تەواوی خایاندووە، شاندنی عێراق گفتوگۆی کردووە لەسەر هەموو خاڵەکان لەسەر سەرجەم ئاستە سیاسی وس ەربازیی و ئابورییەکان".

ڕوونیشیکردەوە گفتوگۆکان تایبەت بووە بە پەیوەندییە ئەمنی و سەربازییەکان ، چونکە عێراق لە دۆخێکی تایبەتدایە و بڕیارێکیش هەیە لەپەرلەمانەوە سەبارەت بە بوونی هێزە بیانییەکان لەعێراق، ئەوە سەرباری بابەتە هەرێمایەتییەکانی کە کاریگەرییان هەیە لەسەر دۆخی ناوخۆیی عێراق، ململانێکانی نێوان واشنتۆن و تاران هەموویان کاریگەرییان هەیە لەسەر عێراق.

جەختیشیکردەوە شاندنی عێراق کاتێک لەبەغداوە بەڕێکەوتووە، گفتوگۆی چڕی ئەنجامداوە لەگەڵ ناوخۆدا ، چونکە بابەتە ستراتیژی و هەستیارەکان دەبێت لەبەرچاو بگیرێت و سەرۆک وەزیران بیروبۆچوونی سەرکردەی حزبەکانی لەوبارەیەوە پێبووە ، بە تایبەت هێزەکانی ئەمریکا، کە لە حکومەتی پێشتریشدا لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا تاوتوێ کراوە.

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕوونیکردەوە، بەیاننامەی کۆتایی پێویستی عێراق بە هێزەکانی ئەمریکا لەخۆگرتووە لە قۆناغێکی نوێدا، ئەویش لەڕێگەی هاوکاریکردن بۆ دژایەتیکردنی تیرۆر و پێویستی عێراق  بە لایەنی ڕاهێنان و پڕچەککردن، ئەو بابەتەش لەلایەن لیژنە هونەرییەکانی هەردوولاوە ڕێککەوتنی لەسەر دەکرێت.

 



ڕیکلام