دواهەمین هەناری دونیا

  2020-08-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

دواهەمین هەناری دونیا

ئارام سدیق

هەندێک کتێب ھەن زوو چانسی خوێندنەوە بەدەست دەھێنن، ھەندێکی دیکە بەو شێوەیە نین و زوو ناخوێنرێنەوە، ھەندێک کتێب بۆ ھەندێک خوێنەری دیاریکراو ئەولەویەتن، بەڵام بۆ ھەندێکی دیکە بەو شێوەیە نین. تا ئێستاش بەشێک لەو کتێبانەی نزیکەی ٢٠ ساڵە لە کتێبخانەکەمدان و ھێشتا نەمخوێندوونەتەوە ھەر چانسیان نەبووە بخوێنرێنەوە. زۆری دیکەش ھەن، بەر لەوەی بیانگەیەنمە ماڵەوە ٢٠ بۆ ٥٠ لاپەڕەیانم خوێندووەتەوە. دەشێ بڵێم ئەمە لە کتێبە بە بەختەکانی کتێبخانە بچووکەکەی ماڵەکەی منن. زۆر کتێب ھەبووە بەر لەوەی بگەنە نێو ڕەفەی کتێبخانەکەم خوێنراونەتەوە. بەڵام زۆری دیکەش ساڵان تێپەڕیوە و ھێشتا سەرەیان نەھاتووە و ڕەنگە دوا ھەناسەم بە کۆتا بگات و نەگەم بە حزووری ئەو دێڕ و ڕستانە.

ساڵی ٢٠٠٢ ئەوکاتەی سەرەتای کاری ڕۆژنامەوانیم بوو و لە رۆژنامەیەکی ھەفتانە کارم دەکرد، ڕۆژێک لە یەکێک لە کتێبفرۆشییەکانی سلێمانی ڕۆمانی "دواھەمین ھەناری دونیا"م کڕی. ئەم رۆمانە لە ڕیزی ئەو ڕۆمانانە بوو کە ھەر زوو چانسی ئەوە ھەبوو بخوێنرێتەوە. بیرمە بەر لەوەی بیگەیەنمە ماڵەوە زیاتر ٢٠ لاپەڕەییم خوێندەوە، ئیتر من گیرۆدەی کتێبەکە بووم و لە دوو رۆژدا تەواوم کرد. ڕووداوەکان و چیرۆکی سەریاسەکان سەرسامیان کردم. ئەمەشم بۆ خوشەکانم گێڕایەوە و ئەوانیش کتێبەکەیان خوێندەوە. لەوکاتەوە تا ئێستا و دوای ئەوەی جارێکی دیکەشم خوێندنەوە، بەڵام ئەو کتێبە پەرجوویەکی ھەیە کە ھەمیشە لەگەڵمدا دەژی و ھەموو کاراکتەرەکانی نێو ئەم تێکستەم بە زیندووی لەلا ماوەتەوە. 

دەشێ بپرسین زیندووێتی تێکستێک چۆن بەدەست دێ؟ ئایا ئەو تێکستانەی سەدەکان تێدەپەڕن و نووسەر و خوێنەرەکانیشیان نەوە دوای نەوە دونیا بەجێدەێڵن، بەڵام ئەوان ھەر زیندوون ئەمە چ پەرجوویەکە؟

بێگومان ئەوەی زیندووێتی دەدات بە تێکستێک، ئیدی ئەو تێکستە رۆمان بێت یان ھەر بابەتێکی دیکە (بێگومان قسەمان لەسەر بابەتی زانستی نییە، کە ھەمیشە لە نوێبوونەوە و داھێنانی تازەدایە و قسەکان زیاتر لەسەر بابەتی مەعریفییە) ئەوەیە کە نزیک بێت لە ڕۆحی مرۆڤەوە، نزیکییەک کە تەنھا مرۆڤی یەک زەمەنی دیاریکراو نەگرێتەوە، بەڵکو مرۆڤی ھەموو سەردەم و سەدەکان بگرێتەوە. ئەوەی زیندوێتی دەدات بە تێکستێکی وەکو دۆنکیشۆت، ئەو ھێزەیە کە لە نوێبوونی تێمەکانییەوە وەریگرتووە، کە پاڵەوانێک شەڕ لە پێناو خەیاڵەکانیدا دەکات و راستی و خەیاڵی لێ دەشێوێت. ئەوەی "پیرەمێرد و زەریا" ی ئەرنست ھەمینگوای دەکاتە تێکستێکی نەمر ئەوەیە کە مرۆڤ لە بەرامبەر سروشتدا چۆک دانادات و لەسەر ئەو ململانێیە بەردەوام دەبێت. خۆ ئەگەر تێمەی ئەم دوو رۆمانە بە جۆرێکی دیکە بوونایە ئەو ڕەنگ بوو ئێستا ئێمە لەم سەدەی بیست و یەکەدا خوێنەری ئەو دوو تێیکستە نەبین. 
    
ڕۆمانی "دواھەمین ھەناری دونیا"ی بەختیار عەلی، ڕۆمانێکە حیکایەتەکانی لە ھەناوی مرۆڤگەلێکەوە دێتە دەرەوە کە مرۆڤی ھەموو سەردەمێکن. گەڕانی موزەفەر بەدوای سەریاسەکاندا جگە لە گەڕانی بەردەوامی مرۆڤ بەدوای خۆی و بەدوای نیوەکەی دیکەیدا ھیچی دیکە نییە. کوژرانی سەریاسی یەکەم (مارشاڵی عارەبانەکان) ڕەمزی ئەو ھەزاران مرۆڤەیە کە لە ھەموو سەردەم و زەمانێکدا دەستێک ھەیە دەیەوێت مرۆڤی سادە و دڵباش بکوژرێت. ئەوەی مرۆڤێک (لە چەشنی محەمەدی دڵشووشە) لە ساتەوەختێکدا دڵی درز دەبات و بەرگەی جوانی و خۆشەویستی مەعشوقەکەی ناگرێت، ئەمە چیرۆکی تەنھا چەند ساڵێکی کەم نییە، ئەمە چیرۆکی مرۆڤایەتییە لە یەکەم مرۆڤەوە تا دوا مرۆڤ و ئەم ھەستی دڵشکان و بەرگەنەگرتنە جوانی تا مرۆڤ ھەناسەی تێدابێت بەردەوام دەبێت.

بەدەر لەوەی دواھەمین ھەناری دونیا چیرۆکی مرۆڤە پەڕاگەندەکانی نێو ئەم ژیانە دڵڕەقەیە، ئیدی لە ھەر جێگەیەکی دونیا بێت. ھاوکات چیرۆکی مرۆڤی کوردیشە بە زام و تراژیدیاکانییەوە، سەریاسەکان پیشاندەری تراژیدیای ئەم مرۆڤە کوردانەن، کە لە بوونیانەوە نکۆڵی لە بوونیان دەکرێت و دەچەوسێنرێنەوە و ئازار بە گەروویاندا دەکرێت.  

ئەگەر زۆربا کاراکتەرە ئاشنا و دڵنشینەکەی یۆنانییەکان بێت. ئەوا دەشێ سەریاس ئەو کاراکتەرەی نێو دونیای گێڕانەوەی ئێمە بێت. کاراکتەرێک کە سێ فیگۆردا (سێ سەریاسی نێو ڕۆمانی دواھەمین ھەناری دونیا) بەرجەستە بووە. بە جیاوازی ئەوەی زۆربا کاراکتەرێکی بێباک و دڵشاد و سەمازان و کەیفسازە. بەڵام سەریاسەکان سێ کاراکتەری تێکشاون، کە ھەڵقوڵاوی رۆحی ئەو نەتەوەیەن، کە ناوی کوردە. ھەڵقوڵاوی نێو مێژوویەکن کە ساڵانێکی زۆرە بە ڕیتمێکی ترسناک خۆی دووبارە دەکاتەوە و بەردەوام شکست و تێکشکان بەرھەم دەھێنێتەوە. ئەوەی لە ڕۆحی سەریاسەکاندا بەرجەستە بووە گوزارشتکەر و ڕەنگدەرەوەی کۆی بوونی کوردە. بە جۆرێک ھەر لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی سروشتی ئەم بوونە گەشەی نەکردووە. 
  


ڕیکلام