"بە خەونی گەورەوە کەوتینە ڕێ" دەکەوێتەوە بازاڕەوە

  2020-08-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرگ و چاپی دووەمی کتێبی بە خەونی گەورەوە کەوتینە ڕێ بڵاودەبێتەوە، کە بیرەوەرییەکانی سیاسەتمەدار و نوسەر، فازل کەریم"مامۆستا جەعفەر"ە.

کتێبەکە لەخۆگری چەند رووداوێکی مێژووییە سەبارەت بە سەرەتاکانی دەستپێکردنەوەی چالاکی چەکداری و سیاسی کورد لە ناوەڕاستی هەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا.

چاپی یەکەمی کتێبەکە ساڵی رابردوو لە چاپخانەی تاران چاپکراوە و لەلایەن خوێنەرانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا، چونکە وەک دەوترێت ڕووداوەکان بەشێوەیەکی بێلایەنانەنە و دوور لە عورفی خۆنواندن گێڕدراونەتەوە.

مامۆستا جەعفەر سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی چاپ و بەرگی دووەمی کتێبی بیرەوەرییەکانی بۆ تۆڕی دەزگای هەواڵی ژیان باسی لەوەکرد، بەهۆی داواکاری زۆر لەسەر کتێبەکە، بەرگی یەکەمی چاپ دەکرێتەوە و بەرگی دووەمیشی لە رۆژانی داهاتوودا بڵاودەکرێتەوە.
لە کتێبەکەدا نوسەر باسی چەند سەرکردە و فەرماندەیەکی سەرەتاکانی دەستپێکردنی شۆڕشی کردووە، لەوانە شاسوار جەلال"شەهید ئارام" و سیروان تاڵەبانی و چەند کەسێکی دیکە و سەبارەت بە شەهید ئارام نوسیویەتی"لەدەستدانی ئارام شکاندنی بڕبڕەی پشتی کۆمەڵە بوو، ئەو رۆیشت ئیدی کۆمەڵە بەبێ سەر مایەوە، هەنگاو بە هەنگاو هەڵوەشێنرایەوە"

هەر لە کتێبەکەدا لە دەلاقەیەکی نوێوە چەند چیرۆکێکی نوێی شۆڕش گێڕدراونەتەوە و چەند نهێنییەکی پەنهان خراونەتەڕوو.


ڕیکلام