بۆچی پاشای مێشەکان بخوێنینەوە؟

  2020-08-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

نوسینی: جێڵ داش

لە ئینگلیزییەوە: قارەمان جەلال

ویلیام گۆلدینگ لە جەنگی جیھانی دووەم لە سوپای بەریتانیا جەنگاوەر بوو، مامۆستای فەلسەفە بوو پاشان بوو بە ملازمی ھێزی دەریایی شاھانە کە بە چاوی خۆی کارە دڕندانە و قیزەوەنەکانی ھاوڕێکانی دەدیت. کاتێک گەڕایەوە بۆ بەریتانیا، تێبینی شەری ساردی نێوان وڵاتە زلھێزەکانی کرد کە ھەرەشەیان لە یەکتر دەکرد بە بەکارھێنانی وزەی ناوەکی کاولکار. پاشان  ویلیام ناچار کرا کە توێژینەوە دەربارەی بنیچینەی سەرەتایی و سروشتی مرۆڤ بکات. کاردانەوەکانی بەرجەستەبوونی توندوتیژی لە مرۆڤدا، وایلێکرد کە یەکەم و بەناوبانگترین ڕۆمانی خۆی بنووسێت بە ناوی: "پاشایی مێشەکان."

دوای ئەوەی کە ٢١ چاپخانە پەرتوکەکەیان ڕەت کردەوە و ئامادە نەبوون چاپی بکەن، لە ساڵی ١٩٥٤دا دواجار ئەم ڕۆمانە چاپ کرا. ناونیشانی کتێبەکە لە ئەفسانەی (بیلزە بیب) وەرگیراوە کە شەیتانی شەڕ و شانازییە، کە دوو بابەتی سەرەکی و خاڵی جەوھەرین لە پەرتوکەکەی گۆڵیندا. ئەم ڕۆمانە تەنزە و ڕەخنە لە چیرۆکێکی کلاسیکی سەرکێشی سەر دوورگەکان دەگرێت کە ژانرایەکی بەناوبانگە. کۆمەڵێک گەنج کەشتییەکەیان لە شوێنکی دوورە دەست تێکدەشکێت. قارەمانانی ناو ئەم چیرۆکانە دەتوانن بەسەر سروشتدا زاڵ ببن، بە خۆپاراستنیان لەو مەترسیانەی کە لە ژینگە تازەکەیان توشی دەبن. ژانراکە باس لە کێشەی داگیرکاریش دەکات کە لە زۆربەی بەرھەمەکانی ئەو کاتەی ئینگلیزدا، بەدی دەکرێن. گەنجەکان بەھا و ڕەوشتی بەریتانیایی زل ھێز، فێری دانیشتوانە ڕەسەنەکانی ئەو دوورگەیە دەکەن.

ڕەخنەکانی گۆڵدینگ زیاتر قووڵبووتەوە بە جۆرێک کە شوێن و کات و ناوی کارەکتەرەکانی لە پەرتوکی "دوورگەی مەرجان"ی بالەنتاینەوە وەرگرتووە— کە یەکێکە لە ڕۆمانە خۆشەویستەکانی تایبەت بە سەرکێشی دوورگەکان. بەڵام، لە کاتێکدا کە کتێبەکەی باڵانتاین مژدەی "سەرسامی و دڵخۆشییەکی بێسنوور" دەدات بە خوێنەرانی، بە پێچەوانەی کتێبەی گۆڵدینگ، کە شتگەلێکی ناخۆشی بۆ خوێنەران لە ھەگبەدایە.

پاشای مێشەکان ڕاستەوخۆ بەمە دەست پێ دەکات کە گەنجەکان لەسەر دوورگەکەن، بەڵام بە کورتە گفتوگۆییەک کە ئاماژە بە ئەوە دەکات کە لە گەشتێکی مەترسیدار دان، فڕۆکەکەیان لە ناوەڕاستی جەنگێکی نادیاردا دەکەوێتە خوارەوە. تەمەنی کوڕەکان لە نێوان ٦ بۆ ١٣ ساڵان دایە و یەکتر ناناسن. جگە لە گروپێک کە ھەموویان جلوبەرگی ڕەشیان لەبەردا بوو و جاک پێشڕەوییان دەکات. وەک لە "دورگەی مەرجان"ی باڵەنتیندا، ژینگە تازەکەی منداڵەکان وەکو بەھەشت دەردەکەوێت- کە ئاوی خاوێن، شوێنی حەوانەوە، و خواردنی بەتام و نەبڕاو بەردەستە. بەڵام ھەر لە سەرەتایی ڕۆمانەکەدا، تاریکییەکی کوشندە باڵ بەسەر ئەو کەشە ئارام و دڵفڕێنەدا دەگرێت. سێبەری کوڕەکان وەکو "شەمشەمەکوێرەی ڕەش" دەردەکەون لە کاتێکدا کە گروپەکە یەکەم جار وەکو "شتێکی ترسناک... کە دەجوڵان بە درێژایی کەنارەکە" دەرکەوتن. ھەر لە سەرەتای گەیشتنییان، منداڵەکان پڕوپاگەندە بڵاو دەکەنەوە کە گوایە ئاژەڵێکی دڕندە ھەیە و لە ناو دارستانەکە خۆی حەشارداوە.

لەم دەستپێکە شومانەوە، پەرتوکەکەی گۆڵدینگ ئەوە دەردەخات کە خەڵکی چەندە خێران لە ھاوکاری و ھەماھەنگی یەکتردا لە نەبوونی دەسەڵاتی گەورەکاندا. لە سەرەتادا، منداڵە ڕزگاربووەکان ھەوڵی نووسنی چەند یاساییەک دەدەن، کوڕێک بە ناوی ڕالف، بوق لێ دەدات تا گروپەکە کۆ بکاتەوە و ڕێکیان بخات و ئەرکیان بۆ دیاری بکات. بەڵام کاتێک جاک لەگەڵ ڕالف لەسەر دەسەڵات دەکەوێتە ململانێ، گروپەکە دەبێت بە دوو بەرەوە. منداڵەکانش دەکەونە داوی ویستە ترسناکەکانیان. پاش ماوەیەک ھەندێک لە منداڵەکان پلانی دەربازبوونیان لە یاد دەچێت، بە بێدەنگی و کوێرانە، شوێن بڕیاڕەکانی جاک دەکەون بۆ کەناری دوورگەکە، تا کەناری سەرشێتی.

ڕەوشت، شارستانییەت و کۆمەڵگە بابەتە سەرەکیەکانی ڕۆمانەکەن و ڕۆمانەکەیان کردووە بە نووسینێکی کلاسیکی، کە ڕەخنە لە بیر و باوەڕە کۆنەکان دەگرێت دەربارەی بیری مرۆڤایەتی لەو کاسەردەمەدا. لە کاتێکدا زۆرینەی کاتەکان چیرۆکەکانی سەرکێشی پاڵپشتن بۆ داگیرکاری، بەڵام ڕۆمانی "پاشای مێشەکان" ئەمە بە تەواوی ڕەت دەکاتەوە. لە جیاتی ئەوەی خەڵکی ڕەسەنی دورگەکە وەکو دڕندە بناسێنێت بەڵکو منداڵە فریشتەئاساکانی ئینگلیز، دەکات بە دڕندە. گەنجەکان دەست دەکەن بە شەڕ، بەڵام زۆر خراپتر لەو شەڕەی کە ئەوانی گەیاندنە دورگەکە. تەنانەت ئەگەر کوڕەکانیش لە خۆیان ڕزگاریان ببێت. دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ناو چ جیھانێک؟

لەگەڵ ھەبوونی بەڵگەی کەم بۆ بەستنەوەی کارەکتەرەکان بە شوێنێک یان کاتێکی دیاریکراوەوە، ڕۆمانەکە بە نەمریی دەمێنێتەوە لە باسکردنی سروشتی مرۆڤ لە سادەترین بابەتیدا. ھەرچەندە دەکرێت ھەموو خوێنەرانی، ھاوڕا نەبن لەگەڵ بیر و بۆچوونەکانی گۆڵدینگدا، بەڵام "پاشایی مێشەکان" بە جۆرێک نائارام و نادڵنیایە کە بەرنگاری ھەموو بیرکردنەوەیەکی گەشبین دەبێتەوە.

سەرچاوە: وێبسایتی تێد


ڕیکلام