نوسەرێکی یۆنانی خۆشحاڵە بە وەرگێڕانی ڕۆمانەکانی بۆ زمانی کوردی

  2020-08-23  | 
کەریم تاقانە-ى وەرگێڕ لەگەڵ تیۆدۆر کالیفاتیدێس-ى ڕۆماننووس
 تۆڕی هەواڵی ژیان


تیۆدۆر کالیفاتیدێس ناوێکی ئاشنا بە خوێنەرانی کورد

کولتوور

تیۆدۆر کالیفاتیدێس نووسەرێکی یۆناییە و لە وڵاتی سوێد نیشتەجێیە، ئەو لە ڕۆمانەکانیدا ژیانی پەناھەندەیی ڕەنگی داوەتەوە، کە زیاتر شێوەی یاداشتەڕۆمانیان ھەیە، ماوەی چەند ساڵێکە ھەندێک لە ڕۆمانەکانی لەلایەن وەرگێڕە کوردەکانەوە کراونەتە زمانی کوردی، لەبەر ئەوە ناوێکی ئاشنایە بە خوێنەرانی کورد، بەڵام کاتێک ئەم نووسەرە یەکێک لە ڕۆمانەکانی خۆی بە وەرگێڕانی (کەریم تاقانە) بە ناوی (بیانی) بەدەست دەگات، خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕێت و لە تویتێکدا دەنووسێت: نابێ سەخت بێ بزانی ئەو پیرەپیاوەی لە وێنەکەدا دیارە، کێیە. بەڵام ڕەنگە سەختتر بێ گومانت بۆ ئەوە بچێ کە ئەمە یەکەمین ڕۆمانی منە، ڕۆمانی بیانی، کە کەریم مەحموودی تاقانە کردوویەتی بە کوردی. پڕ بە دڵ سوپاسگوزارم.

ئەم نووسەرە لە سەرەتاکانی گەیشتنی بە وڵاتی سوێد شیعر دەنووسێت، پاشان بەرەو نووسینی ڕۆمان دەچێت و دەبێتە یەکێک لە نووسەرە دیار و خۆشەویستەکانی ئەو وڵاتە، خاوەنی شێوازێکی سادەیە لە نووسیندا و مەبەستێتی خەمی مرۆڤ بە ستایلێکی ڕوون بگەێنێتە خوێنەرانی، ئەمەش تایبەتمەندی ھەندێک نووسەرە، دەربارەی پەیوەندی خۆی و تیۆدۆری ڕۆمانووس (کەریم تاقانە) وەرگێڕی ڕۆمانی (بیانی) تایبەت بە تۆڕی ھەواڵی ژیان وتی:  تیۆدۆر کالیفاتیدێس یەک لە نووسەرە دڵخوازەکانی منە. ئێستا کە لە نزیکەوە تیۆدۆر کالیفاتیدێس دەناسم، لە جاران زیاتر نووسینەکانیم خۆش دەوێن. ڕەنگە ئەم زیاترخۆشویستنەی، لەبەر ئەوە بێ بۆم دەرکەوتووە تیۆدۆر مرۆڤێکی بێ ئەندازە خاکەڕا، بێڕیا و لەبەردڵانە. ئێمە تا ئێستا یەک جار یەکترمان بینیوە و ئەگەر کۆرۆنا نەبوایە، ئەمساڵ دیسان دەچووم و لە نزیکەوە دەمبینی. بەڵام نامەمان بۆ یەکتر نووسیوە و پێکەوە قسەمان کردووە. 

ماوەتەوە بڵێین: لە ئێستادا ڕۆمانێکی دیکەی ئەم نووسەرە لەلایەن ھەمان وەرگێڕەوە کراوەتە زمانی کوردی بە ناوی (ژیانێکی دیکە) بەڵام ھێشتا بڵاونەکراوەتەوە.


ڕیکلام