با و گەڵا

  2020-08-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عەباس كیاڕۆستەمی

وەرگێڕانی: هیوا خەیات

1
خەون ئەبینم
ژمارە سەد دابەش دەکەم
هیچ ئەنجامێکی نییە

2
بۆ بێداری زووە و
خەوتنیش، مەحاڵ

3
زۆرن ئەوانەی خەو ناچێتە چاویان
هەریەکەو لەخەڵوەتی تەنهایی خۆی.

4
لەماڵەوە 
پەنا ئەبەم بۆ شەقامەکان
لە شەقامەکانەوە
پەنا ئەبەمەوە بۆ ماڵ.

5
بۆ ئەوەی کەسێکی خراپبم
بیانوی تەواوم هەیە
ئەفسوس
ئەوانیتر لەمە تێناگەن.


6
پاڵەوانی چیرۆكێكم 
كە نە چیرۆكی تێدایە
نە پاڵەوان.

7
لە لێواری مەنهۆڵەکەدا
بەدەوری خۆیاندا ئەسوڕێنەوە
توێکڵە پرتەقاڵەکان.

8
کاسەی سواڵکەرێک
بەرامبەر بە کڵێسایەکی بەشکۆ.

9
دەستگێرەکە سوڕێکی داو
سەرەنجام 
مامەڵەی چاکەت و پانتۆڵێکی نیواشتی کرد
بەهەزار تمەن.

10
ئەگەر لەگەڵ ڕووبارەکە بەردەوام رێبکەم
دەگەم بەدەریای باكور
بەڵام، مەبەستم نییە بڕژێمە دەریاوە.

11
راست شوێن خۆر دەکەوم و
لەگەڵ ئەودا ئاوادەبم.

12
سێبەرەکەم
گەورەتر و گەورەتر دەبێت
لەسەر لمی کەنارەکە
بێدەنگ و بێدەنگتر دەبێت
دەنگی شەپۆلەکان.

13
پاسپۆرتەکەم 
ئاو بردی بەرەو ئەو شوێنەی
کەنەمدەویست بۆی بچم.

14
رۆژەکان 
درێژ و دێژتر
شەویش کورت و
کورتتر
هاوینێکی گەرم و درێژیشمان لەپێشە.

15
کێ لەئازاری خونچە  تێئەگات
ئەوکاتەی ئەکرێتەوە؟
16
ویستم بمێنمەوە ڕۆیشتم
ویستم بڕۆم مامەوە
نەڕۆیشتن گرنگ بوو نەمانەوە
ئەوەی گرنگ بوو من بووم کە من نەبووم.

17
وتی
هیچم لەدەست نایەت
خۆزگە
بیوتایە لەدڵم.

18
هەزار وەڵام لەسەر دەممە
کەسێک نیە بپرسێت!

19
ماڵی تەنهایم
داڕما
بەهاتنی
میوانی ناوەختە.

20
ئەوساڵە
جوتیاران هەرچیان چاندبوو
شعریان دروێنە کردبوو.

21
هەرگیزنەگەڕانەوە
ئەو ڕووبارانەی ڕژانە دەریاوە
ئەوسەربازانەی چون بۆ جەنگ
ئەو دۆستانەی چون بۆ دیاری غوربەت.

22
ئەمڕۆ 
بەرهەمی دوێنێیە
بەیانیش
ئەنجامی ئەمڕۆ
ژیانیش
ئەنجامی مردنە
مردنیش
بەرهەمێکی ئادان.

23
زۆرن عاشق
مەعشوقیش زۆر
عاشق و معشوقیش
بە پەنجەی دەست ئەژمێردرێن!
24
تەنها شتێک لێی دڵنیابم
ئەوەیە
من، منم!

25
چ باکێکم لەڕەشەبایە
من ڕەگم لەخاکدایە.

26
مردنم دوا دەخەم
لە یادی لەدایكبوونی حەفتا ساڵیمدا
مردن پەلەی نییە.

27
دڵنیام 
ئەم غەمە کۆتایی دێت
ئەگەر نا من
لەگەڵ مانگ 
بەڵێنی دیدارمان هەیە ئەمشەو
لەگەڵ مانگی چواردە
حەوت خولەکی ئەویت
بۆ حەوت.

28
کەباش بیردەکەمەوە
تێناگەم هۆکار چییە
ئەم هەموو ترسە لەمەرگ.


29
ئەمڕۆ لەماڵەوە دەمێنمەوە
دەرگا لەکەس ناکەمەوە
بەڵام بێ دەر و دیوارە ماڵی زەینم.

30
دۆستەکانم 
بەردەوام ڕەنجاندومیان
لەدوژمنەکانم
شتێکی وام لەبیر نییە.

31
بەمەبەستی فڕین
کەوتنم تاقیکردەوە.

32
رۆژی پر شکۆی لەدایکبوون
رۆژی تاڵی مەرگ
چەند رۆژیکیش لەو بەینەدا.

33
شەو هات لەکاتی خۆیدا
سپێدەیش لەکاتی خۆی
کەڵەشێر لەکاتی خۆیدا خوێندی
من لەکاتی خۆیدا نەخەوتم!

34
عەشقەکانم فەرامۆش کردووە
کینە لەدڵمدا نەماوە
دوژمنەکانم بەخشیوە
دۆستی تازەیشم ناویت!

35
کۆتایدا
من و من ماینەوە
منیش لە من  تۆراوە

36
کەسیش نیە ئاشتمان بکاتەوە
تەنهایی
رێککەوتنی بێ مەرجی منە
لەگەڵ خۆمدا
دەیان کلیلی ساڵانی زووم ماون
بوێری ئەوەم نیە فڕیان بدەم
بەبێ ئەوەی قفڵێکیشم هەبێت!
رویەکی پەنجەرەکەلەمنە
روەکەیتری
لەو ڕیبوارەیە کەبەلایدا تێدەپەڕێ
ئەمڕۆ 
باخەکەمم فرۆشت
تۆبڵێی درەختەکان ئاگاداربن؟!
ئاگر لەدارستانەکە بەربوە
دار چنارەکانیش
وەستاون تەماشا دەکەن!
پاسپۆرتەکەم 
ئاو بردی بەرەو ئەوشۆێنەی
کەنەمدەویست بۆی بچم
رۆژەکان 
درێژ و دێژتر
شەویش کورت و
کورتتر
هاوینێکی گەرم و درێژیشمان
لەپێشە.


ڕیکلام