خەدیجە

  2020-08-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

ماردین ئیبراهیم 

خەدیجە تۆش فریوی دنیات خوارد،

دنیا وایە خەدیجە،

یەکەمجار پەپووسلێمانەکانت پیشان دەدات،

ئینجا ئەبابیلەکان یەکەمجار مانگ بەتریفەکانییەوە دەنێرێت،

ئینجا دووپشکەکان کە دڵبەستەی بوویت وەک ناپاکێک پشتت تێدەکات،

وەک فاحیشەیەک ڕووت لێوەردەگیرێت .

دنیا وایە خەدیجە، دنیا وایە

......

پێم دەڵئ غەریبەکان خەون نابینن؟

بەڵام من، لە ڕۆما،

ئەو ڕۆژانەی وەک سەگ لە چارەنووسی خۆم هەڵدەهاتم تۆم لە یاد بوو

تۆم لە یاد بوو، ئەو کاتانەی لەیەختەکاندا دەڕشامەوە

لەسەر کۆنکریتی ساردی بەندەرەکان دەخەوتم و تۆم لەیاد بوو .

.........

کەنگئ وای لێهات بەینی من تۆ، خەدیجە؟

بەبیرت نایەت ژیژکێکمان هەبوو لە ترسی فرۆکەکان خۆی دەشاردەوە

ژیژکێکمان هەبوو بە گەنجی قاروونمان نەدەدا .

بە بیرت نایات لە " وەڕانگە" شیری بزنەکانت دەخواردەوە، چونکە دایکت نەما بوو

حەز ناکەم وەک شاعیرانی دی بڵێم دنیا تەم بوو،

بەڵام دنیا تەم بوو کچۆڵەیەک بوویت لە ماشێن دەترسایت؛

لە تۆ وایە مانگایە و خوا کردوویەتی بە ئاسن .

..........

پێم دەڵئ کوڕەکان ڕەحم لە دڵیاندا نییە؟

بەڵام من، لە کۆرنسۆس، ئەو شەوانەی لای ماسیگرەکان خۆم گەرم دەکردەوە

تۆم لە یاد بوو تۆم لە یاد بوو ئەو دەمەو عەسرانەی لەناو بەلەمەکاندا قورعانم دەخوێند

لە ئیجەدا قرشەکان ڕاویان دەنام و تۆم لە یاد بوو

...........

دنیا وایە خەدیجە،

یەکەم جار زەردەپەڕت بۆ دەڕازێتەوە تا فریوی تاڵە زیوینەکانی بخۆیت

کازیوە دێنێتە سەر ڕێگەت، تا بکەویتە داوی نەسیمی سبەینانی کە جوانیەکانی هەڵیانخەڵەتاندیت،

کە بەختیارییە وردەکانی لە خشتەیان بردیت،

کە دڵشادییە کەمخایەنەکانی زەفەریان پئ بردیت،

ئینجا وەک هاوڕێیەکی خائین پاشقوڵت لئ دەگرێت،

وەک دۆستێکی دووڕوو چەمۆڵەت لئ دەنێت .

............

پێش ئەوەی بەبەلەمێکی شین هەڵبێیت،

داوەتمان دەکرد بۆ سەر سفرەی عەزابەکانمان پێی دەگووتم غەریبەکان خەون نابینن

ئیستاش دوای ئەوەی بە بەلەمێکی شین هەڵات،

هەر شەوەی دێتە خەونێکمەوە شەوێکیان کاروانچیە و قورعان دەبات بۆ تەلئـەبیب،

تەورات دەبات بۆ مەدینە

شەوێکیان لەگەڵ زەندیقەکان لە پەنای ئاگرێکدا دەنیشێت کە بەخەبەریش دێم یان لە ئوتێلێکی کپم لە لەندەن،

یان لە گەوڕێکدام لە وان، یان لە زیندانێکدام لە تەورێز .

...........

لە دەشتی کەنعانیش نەبێت ڕۆژێک گورگێک هەر دەمانخوات

عاشوراش نەبێت هەر شیوەن زۆر بیکەن

قسەی ڕەقی خزمانم لە دڵ ناگرم،

وەک گەدایەکی دەرکراو دێمەوە بەر دەرگەتان

گوێم لە بۆڵە بۆڵی دراوسێ کەڕ دەکەم،

لەگەڵ پەڕەسێلکەکان دێمە حەوشەتان چش لەو سوکایەتییەی پێم دەکرێت،

وەک پشیلە دێمەوە بەر پەنجەرەتان .

............

ئەو ڕۆژەی خەدیجە بە بەلەمێکی شین هەڵات،

مانگ دەفێکی دڕاو بوو بە ئاسماندا خلۆر دەبۆوە

زەوی مزراحێکی ماندوو بوو لە فەزادا دەخولایەوە

خەدیجە بە گالیسکەیەکی شین بەناو هەورە پەرێشانەکاندا ڕۆیشت بەجێیی هێشت ئەو هەموو حوسەینە،

ئەو هەموو کەربەلایە ئەو هەموو مەسیحیە، ئەم هەموو جەلجەتایە .

...........

بەبیرت نایەت کیسەڵێکمان هەبوو لە گومەی تۆپەکان دەترسا؟

کیسەڵێکمان هەبوو نەیدەزانی ڕابکا

یاریت بە سیسرکەکان دەکرد

کە مێروولەکان ئاوی وەستاوی جئ سمی ئەسپێکیان لێ دەبوو بە دەریا،

تۆ دەت گووت؛ ئای مەڕەکانی خوا ئای مەڕەکانی خوا

بیرت نەماوە یەکەمجار هاتیتە شار؟

حەزناکەم وەک شاعیرانی دی بڵێم ێوارە بوو،

بەڵام ێوارە بوو ڕووناکی گلۆپەکان بە شەوارەیان خستیت

کچۆڵەیەک بوویت بەدزی خاڵتەوە جگەرەت دەکێشا .

..............

لە خەونمدا خەدیجە خۆشی نەدەویستم، یــا ڕەبی بەڕاستی نەگێڕیت ئەم خەونە

لەناو دڵی شەودا ئەستێرەکان لێدەدەن،

ئەدی ئەسترەکەی من کووا؟

لەناو دڵی شەودا ترپەی ئەستێرەکانم گوێی لێیە،

کئ دزیویەتی ئەستێرەکەی من؟

...........

کە بارانەکە خۆشی کردەوە مانگ بەسەر درەختەکاندا هەڵدەخەین خەدیجە و بەهەشتیەکان جۆگای شیر هەڵدەبەستن،

ئاگری دۆزەخی پێ دەکوژێننەوە دۆزەخی و بەهەشتیەکان پێکەوە لەو شەهدە یەزدانییە دەنۆشن

خەدیجە پێیان دەڵێت ژیانی سەرمەدی چەند خۆشە،

تخوا چاکم نەکرد بەجێم هێشت ئەو هەموو بێرەحمییە،

ئەو هەموو جەفایە،

ئەو هەموو یەزیدە،

ئەو هەموو یەهودایە؟

...........

دنیا تۆفان با، ئەو نوامان بوو ئاگر باران با، ماڵەکەی ئەو پەنامان بوو

کە نائومێدی دەیچەماندینەوە ئەو کۆڵەکەیەک بوو پشتمان پێ دەدا

ئەو چرامان بوو کەچی ئێمە پەنجەرەکانیمان دەشکاند

تفمان دەکردە کانیەکانییەوە

ئیستاش دوای ئەوەی بەبەلەمێکی شین هەڵات، زمانمان ئاوسا هێندەی ناوی بێنین

ڕۆژێک تەوتەمێکە پەنای بۆ دەبەین،

ڕۆژێک پەیکەرێکە پاکی دەکەینەوە .

.........

تازە ئەوەی چوو، چوو ....

خەدیجە شەرت بێت لە تاوت پشت بکەمە بەلەمەکان

پشت بکەمە ماسیگران و تۆڕەکانیان

باجگران و مۆرەکانیان

قەشەکان و کتێبەکانیان

تاوانکاران و گوناهەکانی ناو دڵیان

دەموو چاوم بخمە دەستمەوە و بڵێم: تخووا دنیا چییە؟

منداڵێک بم مشکەکانی ماڵەکەت ڕاوبنێم، خۆشترە لەوەی ئیمپڕاتۆرێک بم

پشیلەیەک بم لە موبەقەکەتدا بخەوم، خۆشترە لەوەی حاکمی شارێک بم

.....



ڕیکلام