وەزیری پەروەردە: بژاردەی یەكەممان دەستپێكردنەوەی خوێندنە لە كاتی خۆیدا

  2020-08-27  | 
دۆسیە:  حکومەتی هەرێم
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، دەستپێكردنەوەی دەوامی خوێندن لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیراندایە وەك وەزارەتی پەروەردە بژاردەی یەكەممان ئەوەیە خوێندن لەكاتی خۆیدا دەست پێبكاتەوە.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: بۆ دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن بڕیار لەلای وەزارەتی پەروەردە نیە لەبەر ئەوەی بابەتەكە رەهەندی تەندروستی هەیە ئەنجومەنی وەزیران دەبێت بڕیار بدات. 

ئەو وتیشی: بژاردەی یەكەمی ئێمە ئەوەیە لە كاتی ئاسایی خۆیدا دەوام دەستپێبكاتەوە، بەڵام ئەگەر وەزارەتی تەندروستی پێی باش بوو بۆ چەند هەفتەیەك دوابخرێت ئەوكاتە ئاساییە و جێبەجێی دەكەین. 

وەزیری پەروەردە راشیگەیاند، بابەتی دەوامی ناوبەناو و دەوامی ئۆنلاین كۆمەڵێك بژاردەن كە لە حاڵەتی ئەو پەڕی هەڵكشاندا جێبەجێ بكرێت، ئەو كاتە پەنا ببرێت بۆ ئەوە، بەڵام پژاردەی وەزارەت ئەوەیە لە كاتی خۆیدا دەوام دەست پێ بكاتەوە. 

ئالان حەمە سەعید، لە شاری دهۆكەوە دوای دابەشكردنی خەڵات بەسەر یەكەمەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی وتیشی، نزیكەی 130 هەزار مامۆستا لە كوردستان وانە دەڵێنەوە و نزیكەی 17 هەزار مامۆستای وانەبێژمان هەیە و ژیانی ملیۆنێك و 800 هەزار قوتابیش بۆئێمە گرنگی خۆی هەیە بۆیە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و who گفتوگۆ دەكەین بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام. 

روونیشیكردەوە ئەو پژاردانەی باسی لێوە دەكرێت گرفتی تەكنیكی و ئیداریان زۆرە تا نەگەینە دۆخی ناچاری بیریان لێناكەینەوە، بۆ ئەوەی چارەنوسی خوێندن بە نادیاری نەمێنێتەوە.   


ڕیکلام