بەهەشت

  2020-08-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کەریمۆک غەفور


من و باوکم هەردووکمان
ئاخ هەڵدەکێشین..
ئەو بۆ؛
دووبارە چوونەوە حەج و
پۆشینی قوماشێکی سپی
تەوافکردنی کەعبە و
رەجمکردنی شەیتانی لەعین..!
من بۆ؛
دووبارە چوونەوە ئیسپانیا و
راکشان لە لێواری دەریا و
مەست بوون 
لە نێو ژنە رووتەکانی ئەوێ
من و باوکم، باوکم و من
هەردووکمان
شەو و رۆژ دوعا دەکەین
ئەو دەپاڕێتەوە خوا لێی خۆش بێ و
بە بەهەشتی حۆریانی شادکا
رووباری شەراب لە تەکیا بێ
کاسەی خۆشنودی
ئارەزووەکانی بنۆشی
منیش هەمیشە خەیاڵم لای کەنارە
قاقام تێکەڵی شەپۆڵ بێ
ڕۆحم ئاوێزانی بادە و
جەستەم لە شیلەی ژندا نغرۆبێ
بەڵێ من و باوکم لێکدەچین
هەر کتومت یەک کەسین
ئەو بۆ بەهەشت دەمری
من بۆ بەهەشت دەژیم
من و باوکم 
هەردووکمان دوعا دەکەین
بیردەکەینەوە بگەینە بەهەشت
من و باوکم، باوکم و من 
هەردووکمان 
 کتومت لێکدەچین..!


ڕیکلام