بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن چەند پێشنیازێک بۆ ئەنجومەنى وەزیران بەرزکرایەوە

  2020-08-29  | 
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێ خوێندن لە هەرێمی کوردستان، چەند پێشنیازێک ئاڕاستەی ئەنجومەنى وەزیرانی هەرێم کرا.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتى (٢٩/٨/٢٠٢٠) ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەسەرپەرشتى د. ئارام محەمەد قادر سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت و ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆکان کۆبونەوەى ژمارە (٩) ى ئاسایى خۆى بەشێوەى ئۆنلاین ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە ڕەچاوکردنى بارودۆخى تەندروستى هەرێمى کوردستان، لە کۆبونەوەکەدا چەندین پێشنیاز بۆ ئەنجومەنى وەزیران بەرزکرایەوە بەمەبەستى پەسەندکردنیان، كە بریتین لە :-

-خوێندنى ساڵى نوێى ئەکادیمى لە (١/٩) دەستپێدەکات و پێویستە ساڵى ئەکادیمى لە (٣٠/٦) کۆتای پێ بێت .

-لە نێوان (٢٠/٩) تاکو (٤/١٠) پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى لە هەرێمى کوردستان دەستپیدەکات، بەشێوەیەک زانکۆکان سەرپشکن و دەسەڵاتیان پێدەدرێت لە نێوان ئەم دو ڕێكەوتە رۆژێک بۆ دەستپێکردنى خوێندنى ساڵى (٢٠٢٠-٢٠٢١) دەستنیشان بکەن .

-سیستمى خوێندن بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) بریتیە لە خوێندنى ئاوێتە واتە (blended learning).

-خوێندنى وانە پراکتیکیەکان و تاقیکردنەوەى کۆرسەکان و کۆتاى ساڵ و تەطبیقاتى ناو نەخۆشخانە و تاقیگەکان و وانە تیۆریە سەرەکییەکان لە ناو کامپەس دەخوێنرێت، بەو واتایەى زۆربەى خوێندنى ساڵى نوێ لە ناو کەمپەس دەبێت .

-ماوەى نێوان (٩/١) تاکو (١٠/٤) ئەو ماوەیە بۆ ڕاهێنانى مامۆستایان بەکاردەهێنرێت و یاخود ڕێکخستنەوەى ساڵنامەى زانکۆ و قەرەبوکردنەوەى وانە فەوتاوەکان .

-هیچ کۆرسێکى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان نابێت لە (١٥) هەفتە کەمتر بێت .

-بەهۆى بارودۆخى تەندروستى و بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆنا، تەنها بۆ ئەمساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) لەنێوان زانکۆکانى هەرێم سیستمى میواندارى دەکرێتەوە ئەویش لەنێوان بەش و سیستمى هاوشێوەدا دەبێت .

-بۆ خوێندنى ئاوێتە، هەر زانکۆیەک ئەو پلاتفۆرمە ستانداردانەى خوێندن بەکاردەهێنێت کە یونسکۆ ڕاسپاردەى دەکات .

-لە (٢٠٢٠/١٠/١١) پرۆسەى خوێندنى خوێندنى باڵا/ ماستەرو دکتۆرا دەستپێدەکات .

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم راشیگەیاندووە، کۆى ئەم پێشنیازانە و چەندین پێشنیازى دیکەى پەیوەست بە پرۆسەى ساڵى نوێى خوێندن تاوتوێکران و دەخرێـتە بەردەم ئەنجومەنى وەزیران بەمەبەستى تاوتوێکردن و پەسەندکردنیان.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، لە ئێستادا باشترین بژاردە ئەوەیە کە بۆ ماوەیەک دەستپێکی پرۆسەی خوێندن لە هەرێم دوابخەن.



ڕیکلام