لە ستایشی ئەدەبدا؛ دیدارێک لەگەڵ شێرزاد حەسەن

  2020-08-31  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سازادانى: شاخەوان سدیق

بەشى سێیەم 

*کەواتە تۆ مەبەستت بووە خۆشەویستی بە شكست كۆتایی بێت؟.  لە رۆمانی "ژنێك بەسەر منارەوە" ئاماژە بە کارەکتەرێک دەکەیت کە ناوی "هۆمەر"ە و  شۆڕش دەینێرێت بۆ ئەوەی ژنە لەشفرۆشەكان بکوژێت، کەچی دواتر لە رێگەی عیشقی کچێکەوە کە "شادی" ناوە دەکەوێتە گومان لە خۆی  و شۆرش، بگرە پەشیمان دەبێتەوە و هەڵدەگەڕێتەوە. عەشق یان ئەدەب كامیان دەتوانرێت قووڵتر مرۆڤ بگۆڕێت؟

شێرزاد حەسەن:  دیارە هەردووکیان، ئەدەب و عیشق، هەر یەکە و بە شێوەی جیاواز و زمانی تایبەت بە خۆی مرۆڤ دەگۆڕێت، هەر لەبەر ئەوەشە کە خۆشەویستی یەکێکە لە تێما و بابەت و ناوەرۆکە هەرە دیار و باو و زەقەکانی ناو جیهانی هونەر و ئەدەبیات، چونکە رۆح و کرۆکی ژیان و زیندەگییە، بەڵام لە ئەدەبدا تێما و بابەتی  ئەوینداری ئەزموونێكی زۆر هەڵبژاردەیە، لە هۆشمەندییەکی باڵاترەوە دێت، پەیوەندی بە شارستانبوونی مرۆڤەوە هەیە، نموونەی وڵاتی "یۆنان" کە لە تەک فیکر و فەلسەفەدا پەرە بە شیعر و شانۆ و داستان و ئەفسانە و رەسم و پەیکەرتاشی و بگرە گشت هونەرەکان دەدات، چونکە لەوێدا رۆحی بە شارستانبوونی مرۆڤ چەکەرە دەکات، هاوکات تێمای عیشق و ئەوینداری و ئیرۆتیکا پتر گەشە دەکات و دەنێو دونیای ئەدەبیاتدا رەنگی داوەتەوە. ئەفسانەی " ئۆدیب –ی پادشا" هەر هەبووە لە کۆندا، بەڵام ئەوە نووسەرێکی وەک "سۆفۆکلیس" دێت و دەیکات بە شانۆگەرییەکی نەمر، کە دواتر دەروونناسێکی وەک "فرۆید"  بۆ خوێندنەوەی مرۆڤ و ئایین و دامەزراندنی شارستانیەت و هەم پەیدابوونی ئایینەکان و تاوانی کوشتنی باوک و ستەم و دەیەها بابەت و تێما و نهێنی خودی ژیان و بوون کەڵکی لێ دەبینێت. دواتر دەیەها دەروونناس و وئەدیب دێن و کەڵک لە ئەفسانەی " ئۆدیب – ی پادشا وەردەگرن کە من بۆ خۆم لە ژێر کاریگەری هەمان ئەفسانەدا خەیاڵم ئاگر دەدەم کە بتوانم لە نۆڤلێتی/کورتە رۆمانی "حەسار و سەگەکانی باوکم"دا منیش باسی باوکی کوردانە بکەم، کە نوقمە لە ستەم و بێدادی، جا لە خانەوادەوە بیگرە تا ناو تەویلە و گەوڕی سیاسەتی ئێمە و درۆی شۆرش و رووبارێک لە خوێن، بگرە من گەرەکمە بڵێم ئێمە و ئازادی دووانەی هەمان سک نین، هێشتا کۆرپەی سەربەستی لە هەموو ڕەشهەڵاتی ناوەراست -دا لە دایک نەبووە.

بۆ من ئەو دۆخەی کە ئێمە تیایدا دەژین لە باری کۆمەڵایەتی و رامیارییەوە  بە تەنها ستەم نییە، بەڵکو ڕۆحی رەشی ستەمە کە هەموو ژیان و زیندەگی ئێمەی گەمارۆ داوە. ئیدی بۆ دەبێت من هەر لە ختوخۆڕایی باس لە سەرکەوتن و سوپەرمان و ئاگرخۆر بکەم؟ دوا جار خودی نووسێن بەرهەم و زادەی دیدگا و جیهانبینی ئەو نووەسەرە خۆیەتی، رەنجی خوێندنەوە و ئەزموونی ژیان و تێگەیشنتنی منە. دابەشکردنی کارەکتەرەکانی ناو چیرۆک و شانۆگەری و رۆمانەکان بەسەر دوو کاتیگۆری سەرکەوتوو یان بەزیو لەمڕۆکەدا باوی نەماوە و سواوە. 

*لە ئەدەبیاتی تۆدا جۆرێك لە ترس هەست پێدەكرێت. ئەو ترسەی كە "فرۆید"  لە کتێبی "موسا و یەكتاپەرستی" ئاماژەی پێکردووە کە درێژبوونەوەی ترسە لە باوك کە بە دەردی (عوساب) دەگات و دواتر بە ترس لە خودا دەگاتە چڵەپۆپە. ئایا ئەو ترس و تۆقین و پەیوەندییە ناڕێکەش لەو هێزە زۆرەی باوکەوە سەرچاوە دەگرێت کە هەیەتی لە باری فیزیکی / جەستەیی و رۆحییەوە بەسەر فەرزەندەکانییەوە؟

شێرزاد حەسەن:  بە بۆچوونی من گرێی ئۆدیب هیچ نییە، بێجگە لە خولیا و کەڵکەڵەی فەرزەندەکان کە چۆن لە ستەمی باوک رزگاریان بێت، دیارە دوای کوشتنی باوکیش هەستکردن بە گوناه و تاوان رۆحی هەموویان دەهاڕێت، ناچار رۆحی باوکە پیرۆز بکەن بە دروستکردنی کۆتەڵ و پەیکەر و بتی داتاشراو یان تەوتەم وەک رەمزێک بۆ زاتی باوکە، دواتر ترس و تۆقینەکە تەشەنە دەکات و ئیدی بە خەیاڵی کوشندە و ماندووی کچەکان و کوڕەکان ناچارن بەوەی رۆحی باوکە لە ناو دار و بەرد و شاخ و رووبار و بگرە هەر هەموو رەگەزەکانی ناو سروشت پەرت و بڵاو بکەنەوە، ئیدی باوکە دوای مەرگیش هەموو دونیایان لێ داگیر دەکاتەوە، بە رای من قۆناغی بتپەرستی زادەی چەشنێک لە پەرستن و سروتی پیرۆزکردنەکانی رۆحی باوان یان خودی باوە گەورەیە کە ئامادەن ببن بە قوربانیشی کە لە چیرۆکی " سەربڕینی ئیسماعیل –دا لە لایەن "ئیبراهیم"ی باوکییەوە دەگاتە چڵەپۆپەی هەستکردن بە گوناه و ئامادەگی بوون بە قوربانی بۆ پاکبوونەوە لە خەیاڵی کوشتنی باوکدا کە دیار دەبێت بە "تابوو" واتا حەرامی هەرە حەرامەکان،  باوکیش دەبێتەوە بە "تەوتەم"، بە واتا رەمز و سونبولێکی پیرۆز بۆ رۆحی باوکە، کە دەکرێت كۆتەڵیك بێت یان درەختێك و رووبارێک کە رۆحی باوکە تیایدا جێگیر بووە.. ئیدی کۆی سروشت بە رۆحی باوکە نەخشین دەبێت، بە بۆچوونی من قۆناغی بتپەرستی و سروشتپەرستی و بووونی ئەو سەدەها خوداوەندەی کە بۆ هەزارەها ساڵ مرۆڤ کرنۆشی بۆ بردووە زادەی ترس و تاوانی کوشتنی باوکە، کە دوا جار ترس و بیمەکە وەها دەئاوسێت و گەورە دەبێت کە بەندەکانی ناو سروشت ناچار دەبن خودا لەسەر زەمینەوە بگوێزنەوە بۆ ئاسمان کە ئەمجارەیان باوکە بە تەنیا سروشتی داگیر نەکردووە، بگرە زەوی و ئاسمان و هەر هەموو گەردوون هی خۆیەتی، کەواتە ناتوانین لە هەژموونی قەبە و هێزی لە بن نەهاتووی باوك دەربچین کە بەر نەفرەتی كەوتووین و هەرگیز پاک نابینەوە، بەڵام کەڵکەڵە و خولیای کوشتنی باوک وەک کەڵەگا و ستەمکار دەنێو هەموو کولتوورەکاندا بوونی هەبووە.

 با من نموونەیەکی زیندوو بێنمەوە کە ئەویش فەرمانڕەوایی نەوەی سێیەم و چوارەمی بنەماڵەی بارزانی –ییە كە من وای دەبینم گەر هێز و ناو و مێژووی مەلا مستەفای بارزانی نەبووایە، هیچیان نەیاندەتوانی تا هەنووکە لەسەر تەختی دەستەڵاتداری و سەرمایەگوزاری بەردەوام بن، دیارە بۆ من گرنگە ئەوە بدرکێنم کە  بارزانی باوە گەورە بە جەستە مردووە بەڵام ئەفسوونی و هێزی خواهانەی ماوە کە نەوەکانی دوای خۆی تا هەنووکە سوودی خراپیشی لێدەبینن. دیارە بە هەمان شێوە و کەمێک کاڵتر بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی –یش راستە، بگرە بۆ هەموو ئەو شێوە فیوداڵی و دەرەبەگییەی کە بە درێژایی مێژوو کە تا هەنووکەش ماوە و بۆتە یاسا و رێسا کە تەخت و تاجی فەرمانڕەوایی وەک میرات لە باوکەکانەوە بۆ کوڕەکانیان جێدەمێنن. دیارە رامیاری بە مانا مۆدێرنەکەی ئەو رۆحە خێڵگەرییە هەڵدەوەشێنێتەوە  چیتر رێز بۆمیراتگری دانانێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتێک و نەتەوەیەک، بەڵکو پەروەردەی مۆدێرن کە ئێمە نیمانە تەنها رێز لە تواناکانی تاکەکەسەکان دەگرێت بۆ هەڵبژاردنی هەر کار وئیشێک و پۆستێک، دوا جار سەرۆک بەر لە هەر شتێک بۆ خۆی هاوڵاتی/هاونیشمانییە و بەس، نابێت  پێگە و پۆستەکەی جێگەی ناز و فیز و هەوا و دەبدەبەی تێدا ببێتەوە. ترسی هەرە گەورەی من ئەوەیە کە ئێمە لە ماوەی ئەو بیست و شەش ساڵەی رابردوودا نەمانتوانیوە کچان و کوڕانی نەوەی تازە وا پەروەردە بکەین کە تەییار و ئامادە بێت بۆ خۆسەرقاڵکردن بە زانست و زانیاری، ویست و ئیرادەگەری لەواندا بچێنین، ئاوەز وعەقڵێکی رەخنەگرانەی هەبێت، خۆی لە ترس و شەرم رزگارکردبێت، بەر لە خوێندن بۆ وەدەستهێنانی پیشە، بیر لەوە بکاتەوە چۆنچۆنی ببێت بە مرۆڤ، بە بۆچوونی من و ئامادەگیم لە ناو ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانەکاندا وەک سەرپەرشتیار هێشتا سزادان و ئەشکەنجەدانی کچەکان و کوڕەکان ماون. لە راستیدا ترسی سەرەکیم لەوەدا چڕ دەکەمەوە کە پرۆسەی خەساندندنی نەوە یەک لە دوای یەکەکان: تاکە کارێکە کە زۆر بە وەستایی و کۆششەوە ئەنجاممان داوە.

*تۆ زۆرجار باسی كۆمەڵگای نێرسالاری دەكەیت و دەڵێیت هەموو شتەكان لەم كۆمەڵگایەی ئێمەدا بۆ نێرەوزە، بگرە وێنەی باوکی ستەمکار لەسەر ئاستی خانەوادەدا کە بە ناوی پیرۆزییەوە زیندانێکی بونیاتناوە لە ئەدەبیاتی تۆدا ئامادەگی زەق و زۆرە، کەچی هەمان ئەو وێنەی کەڵەگا و دکتاتۆرە لە ژیانی رامیاری و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کۆی پانتایی و جومگەکانی کۆمەڵگای ئێمەدا سەدبارە دەبێتەوە. ئەوەیان لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکانی تۆدا دووبارە دەبێتەوە؟ ئایا بە راست زەخمی ستەمەکە وەها کوشندەیە؟

شێرزاد حەسەن: بەڵێ.. ئەوەی دەگوزەرێت گڕدانی دۆزەخێکە بۆ هەموومان، بەڵام هەر هەمووان خۆیان لە بینین و درکاندنی دەدزنەوە. گرێی ئۆدیب، یاسا و رێسا ئاسمانی و سەرزەمینی باوانی پیرۆز کردووە کە کەم کەس هەیە بوێرێت گومان لەو پێگە پیرۆزەی باوکە ستەمکارەکان بکات لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و هەم رامیاری، دیارە لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد ئەو کاتەی نهێنییەکانی ئەفسانەی "ئۆدیب – ی پادشا" مان درکاند، پیرۆزییەک کە لە ئاکامی کوشتنی باوکەوە بە دەستی فەرزەندەکانی دەگاتە ترس و تۆقینێک کە بە پەرستنی باوک کۆتایی دێت، دەئاوسێ و دەپەنمێت و قەبە و گەورە دەبێت لە خوداوەندە دێرینەکاندا دەبێت بە سرووتی هەزار شێوە لە پەرستن، دواتریش لە ئایینە ئیبراهیمییەکاندا بە یەکتاخوایی دەگات و مرۆڤایەتی پێوەی پاند دەبێت و تا هەنووکەش بەردەوامە. هەڵبەتە کارەساتی پیرۆزیش دەبێت بە مایەی تەڵاقدانی هەم کوشتنی عەقڵ و ئاوەز. دەبێت ئەوەش بزانین کە هەر سێ ئایینە ئیبراهیمییەکە زادەی باوکسالارییە و هەم دووبارە بەرهەمهێنەری نێرسالارییە بە زەخم و زیادەیەکی زۆرەوە.

*هۆكاری ئەوە چییە، كە زۆرجار لەناو ئەم كۆمەڵگا نێرسالارییەدا كە تۆ زۆر دووپاتیدەكەیتەوە، ژنەكانیش هەمان نواندن و نمایشی پیاوان دووبارە دەكەنەوە؟ بۆ نموونە: ترس لە مێینە بوون و بگرە خۆ بە گوناهبارکردنێکی بەردەوامی ژنان بۆ خودی خۆیان و هەم بۆ یەکتری، هاوکات هەموو هەوڵەکانی رەگەزی مێ بۆ ئەوەیە نێرینەکان ئاسوودە بکەن هەتا گەر لەسەر حیسابی بەدبەختی خۆیشیان بێت؟

شێرزاد حەسەن: تێگەیشتن لەوەی بۆچی ژنان کەوتوونەتە ژێر هەژموون و دەستەڵاتی پیاوەکانەوە وامان لێدەکات بگەڕێینەوە بۆ کۆی مێژووی ستەم لەسەر ئاستی مرۆڤایەتی و پاشان لەسەر ئاستی ستەمی نێرینە دەرهەق بە مێینە. ئەوەیان دەگەڕێتەوە بۆ داگیركردنی مێشكی خانمان لە لایەن پیاوەکانەوە لە رێگەی هەزارەها بەند و داو و تەپکە و تەڵە و فاقە و یاسا و رێسا ئاسمانی و هەم سەرزەمینییەکان، کە مێشک داگیرکرا، ئیدی زۆر ئاسانە کچەکان و ژنەکان بخەینە ژێر رکێفی خۆمان و جڵەوگیری ئێمەی نێرینەبن، بگرە خودی زمان تا هەنووکە زمانێکە هی نێرە و لە بەرژەوەندی نێریش خۆی دەنوێنێت، بگرە هەر لە سەرەتای ئەفسانەی خەلیقەتەوە کە یەزدان "ئادەم و حەوا" دروست دەکات، لە هەر سێ ئایینەکەدا بە ئەندازەی زۆر یان کەمەوە جەخت لەوە کراوەتەوە کە "حەوا" لە پێناو "ئادەم"دا خولقاوە، بگرە چەندین فەرموودەی باوەڕپێکراو هەیە کە جەخت لەوە دەکاتەوە کە رەزامەندی یەزدان لە ژنان پەیوەستە بە رەزامەندی مێردەکانیانەوە، دەگوترێ ئەوە "ئادەم"ە کە ناو لە شتەکانی دەوروبەری خۆی دەنێت نەک "حەوا"، هەڵبەتە بە یارمەتی یەزدان فێری ناوی شتەکانی ناو سروشت دەبێت، ئەوە "ئادەم"ە ناو لە "حەوا" دەنێت: حەوا، حەوا بۆ خۆی خامۆشە و گوێڕایەڵە. بیرمان نەچیت کە گوناهی یەکەم خراوەتە ئەستۆی "حەوا" کە لە پای دەمبردنە بۆ میوەی قەدەغەکراو و فریودانی ئادەم بۆ تامکردنی میوەی حەرامکراو، پاشانیش تڕۆکردنمان لە بەهەشت، ژنان کەم عەقڵ و کەم دین هەژمار دەکرێن لە لایەن پیاوانەوە کە بۆ خۆی وای لێدێت کە ئەندازەسازی رەوشتپارێزی و مۆڕال لە لایەن پیاوانەوە بۆ ژنان دابمەزرێنن، یەکەمین گومانی لە میراتی ئەو کولتوورەی نێرینە بۆ خۆی نەخشەی کێشاوە لە زمانەوە دەستی پێکرد، چونکە هیچ فکرێکی سپی و رەش لە دەرەوەی زمان بوونی نییە، زمانێک کە لە "ئادەم" ەوە تا هەنووکە هی پیاوەکانە و کۆی یاسا و رێساکانی بە قازانج و سوودی رەگەزی نێرینە نووسراوەتەوە، بەڵام بۆ تا هەنووکە نەگۆڕاوە؟ چونکە پیاوان و ژنان پێکەوە هیچ گومانێکیان لەم زبڵ و زارە نییە کا بە پیرۆز ناسراوە، سەرباری ئەوەش هۆشیارییەکی زۆر و زاحڵ دەوێت پیاوان بێنە پای ئەوەی شەرم لە خۆیان بکەن و ئەو یاسا و رێسایانە هەڵبوەشێننەوە کە ستەم و بێدادی تێدایە دەرهەق بە ژنان. بگرە "حەوا" و کچەکانی کە دایکان و خوشکان و کچان و هاوژینەکانی  من و ئێوەیە کراون بە هاوڕێی شەیتان، گوایە ئەوە شەیتانە کە هانی "حەوا" دەدات لە سێوە حەرامەکە بخوات. ژنان بۆ هەمیشە لە لایەن نێرینەکانەوە هەم ڕامکراون و هەم ڕاوکراون.

 ژنان بۆ خۆیان بڕوایان وایە شایستەی جۆرەها سزان کە بەر نەفرەتی یەزدان کەوتوون، بگرە من دەیەها جار لە ژنان و کچانم بیستووە کە وتوویانە، " خوشکی خۆم.. ئێمە لە پەراسووی خوار و خێچی ئادەم خولقاوین و تازە هەرگیز راست نابینەوە." لە راستیشدا ئەم روانینە زادەی زمانی خوار وخیچی نێرگەلێکی خۆ بە زلزانە، من گومانم لەوەدا نییە کە ژنان دوای تێکشکانی دایکسالاری لە بەرامبەر باوکسالاریدا بە تەواوی لە ناو مێژوودا جێلەق دەبن و وەدەر دەندرێن، چونکە پیاو بە تەنیا خۆی دەکات بە خاوەن مێژوو. فەرموو سەیری ناو هەر هەموو کایەکانی ژیان بکە، نە لە ناو کایەی ئاییندا و نە لەنا دونیای رامیاری و نە لە بازاڕ و سەرمەیگوزاریدا ژنان ئامادە نین، نەک خۆیان حەز بەوە بکەن.. نەخێر، بەڵکو پێگەی خانمان لە هەر سێ کایەکە نزمە و ریگا پێدراو نیە ژنان کێبڕکێ و ململانی دەگەڵ پیاواندا بکەن..کاری نەکردەیە. گوێ لەم فەرموودەیە بگرە سەبارەت بە خانمان، "من لە دوای خۆم هیچ فیتنەیەكم بەجێنەهێشتووە لە ژنان زیانبەخشتر بەرامبەر بە پیاوان. 

*ئەدەب چۆن دەتوانێت هەموو ئەم تێڕوانینانە بگۆڕێت؟

_ شێرزاد حەسەن: سەرەتا گوتم کە ئەدەب وەک سیاسەتباز ورابەری ئایینی خاوەنی ئایدۆلۆژیا نییە، کە نیازی بێت من و تۆ وا پەروەدە بکات کە کۆی پەیامەکانی بە پیرۆز بزانین و پەیرەوی لێبکەین، ئەدەب تەنها ئەو هێز و هۆشیارییە زاڵ و زۆرەمان دەداتێ کە هەمیشە بپرسین و گومان بکەین، دیدگایەکی رەخنەگرانەت پێدەبخشێت، گۆڕانکاری لە مرۆڤدا و پەیداکردنی تێڕوانین و جیهانبینی تازە کارێکی ئاسان نییە کە لە میانەی چەند ساڵیکی کەمدا بێنە دی، ئەوەیان کار و ئەرکی پەروەردەی مۆدێرنە کە منداڵێکی تازەمان بۆ ئامادە بکات بە مەرجی گومانکردن لە بڕێکی زۆری ئەو میراتە فیکری و فەرهەنگی و یاسا و رێسا و نۆرمە کۆمەڵایتییەکان ببێت بە سەرمەشقی نەخشە و پلان و ستراتیژی درێژخایەن، ئەو گۆڕانکاریییە رادیکالەی ئێمە دیخوازین کار و پرۆسەیەکی مێژووییە و عەقڵی گەورە و ویست و خەونی گەرەکە کە بە داخەوە دەستەڵاتداران و پەروەردەکارانی ئێمە لەو بیست و شەش ساڵەی رابردوودا خەوتبوون. ئەو گۆرانکارییە زادەی کەڵەکەبوونی زانست و زانیاری و ماریفەتێکی پڕ و دەوڵەمەندە، دیارە من هیچ ئومدێکم نییە کە خانەوادەی کوردان بتوانن منداڵەکانیان لەسەر خۆشەویستی فیکر و ئەدەب و هونەر پەروەردە بکەن، هەموومان دەزانین قوتابخانەکانیش کاولەئاشن و بگرە کچەکان و کوڕەکانمان لە کتێب و زانست و زانیاری دەتۆرێنن، سیستمی پەروەردە و فێرکردنی ئێرە نەوەیەکی تازەی دروست نەکرد کە هێزی بیرکردنەوە و شیکاری و لێکۆڵینەوە و خوخوێندنەوە و دونیاناسینی هەبێت.. بۆیە دونیای ئێمە لە تووتیستان و کیڵگەی داهۆڵەکان دەچیت.

لە هەموو دونیای پێشکەوتوتر لە ئێمە كچەکان و کوڕەکان هەر لە سەرەتاوە فێری ئەوە دەکرێن بەدەر لە بابەت و پرۆگرامەکانی خوێندن، عاشقی خوێندنەوە ببن و بگەڕێن و ببینن و ببیستن بۆ ئەوەی بتوانن بیر و بۆچوون و شیکاری و لێکدانەوەی خۆیان هەبێت لەسر ئەو ئەزموون و زانست و زانیاریانەی کە دەخڕیتە بەردەست و چاوانیان.ئەرکی پەروەردەی تازەیە کە خەون بە دامەزرندنی جیهانێکی تازەوە ببینێت، ئێمە تا هەنووکە نەمانکردووە، کەواتە سەیر نییە لە شکستێکەوە بۆ شکستێکی دیکە درێژە بە  ژیانێکی سست و بێ داهێنان و خەون و خەیاڵ دەدەین. پەروەردەی مرۆڤدۆست و عەقڵزەدە پرۆژە و خەونی ئەوەی هەیە کە فێری هونەری ژیان و خۆشەویستیمان بکات کە نەیکردووە. ئەوەندەی من ئاگادار بم  وڵاتانی ئاوروپا لە دوای دوو جەنگی وێرانکار توانیان کەم و زۆر بەخۆبکەون و روو لە بەرپاکردنی  رۆحی ئاشتیەوانی بکەن کە ئەوەش بێ پەروەردەی مرۆڤدۆستانە نەدەهاتە کایەوە، ڕەشهەڵاتی ناوەراست تا هەنووکە، بە کوردستانیشەو، خەونێکی وای نییە ئومێدمان بە داهاتوو هەبێت. دیارە لە دوا راپۆرتی یەکێتی ئاوروپا کە بۆ سەدەی بیست و یەک و هەزارەی سێیەم ئامادە کرابوو، تیایدا بە ئاشکرا دیارە کە گومانیان لە پەروەردەی خۆیان هەیە کە ئەگەر تەییار و ئامادە نەبن ئەگەری دووبارەبونەوەی مەترسییەکانی سەدەی بیست ئەگەرێکی دوور نییە، بە تایبەتی لە بواری توندوتیژی و رەگەزپەرستی و نایەکسانی و بێدادی و پێگەی نزمی خانمان بە بەروارد دەگەڵ پیاوان، پیسبوونی ژینگە کە ئاو و هەوا و خاک گەنیوتر بوون لە جاران..سەرباری ترسیان لە کوژانەوەی ئەم ئەستێرەیەی کە ئێمە لەسەری دەژین لە ئایندەیەکی نزیک یان دووردا.

*زۆر جاران ئەدەبیات دەستكاری كۆمەڵگا دەكات، كۆمەڵگا ئاسوودە نییە بەو نووسەرەی كە باسی جۆرێك لە تایبەتمەندییەكانی كۆمەڵگا دەكات، بگرە ڕەتی دەكاتەوە، مەبەستم ئەوەیە ئەدەب تا چ رادەیەک بە مافی خۆی دەزانێت کە پەردە هەڵماڵێت لەسەر نەنگی و کەموکوڕی و داڕزانی کۆمەڵگا؟

شێرزادحەسەن: بە بۆچوونی من، ئەدەبێك ئابڕووبەرە نەبێت و  پەردە هەڵنەداتەوە لەسەر رووداوە سەیر و سەمەرەکان و گۆبەندەکان و ئەو ژیانە تراژیدی و هەم کۆمیدییەی مرۆڤ.. کەواتە هیچی نەکردووە، گەر نەچێتە ناو چڵپاو و زەلکاوە شاراوەکانی ناو  شار و گەڕەکە دۆزەخییەکانی ئێمە و شۆڕ نەبێتەوە بۆ ئەو ئەشکەوت و بەشە تاریکەی وا لە ناو ناخی هەمووماندایە، رەسمی ئەو بڕە زۆرەی توندوتیژییە نەکات، کە ژیانی ئێمەی خوێناوی و غەمگین کردووە.. ستەمی نەبڕاوە دژی منداڵان و ژنان، قسەیەکی نەبێت سەبارەت بەو مۆتەکە و کابووسەی ناومان ناوە مێژوو کە درۆیە و نیمانە، یان شۆڕشی چەواشە، یان بە داهۆڵ- بوونی ئەو هەموو پیاوە بەتاڵانە..

هەموو ئەو شتانەی كە مرۆڤ شەرمی لێدەكات و لێشی دەترسێت، گەر وا نەکات.. دەکرێت هەر ناوێکی دیکەی لێ بنێیت، بەڵام ئەدەب و هونەر و داهێنان نییە. ڕەنگە چەند خوێنەرێكی تەوەزەلی هەبێت کە دڵی نووسەرەکە خۆش بکات، بەڵام ناتوانێت خوێنەرێكی زیرەك پەیدا بكات.  گەر سەیری مێژووی ئەدەبیات بکەین تێدەگەین کە بۆچی لە هەموو سەردەمەکاندا  سانسۆر و چاودێری دەستەڵاتداران و کەسانی کۆنەپارێز هەبوون بۆ خنکاندنی دەنگی ئازاد و دلێری نووسەران، بگرە بە بیانووی سنووربەزاندن و شکاندنی حەرامەکان و قەدەغشکێنی ژمارەیەکی کەم و زۆر لە نووسەران لە جوگرافیای جیاواز و سەردەمە دێرینەکان و هەم لە هەنووکەدا سزا دراون بە توندکردنیان لە زیندان و ئەشکەنجەدان و شاربەدەرکردن و تڕۆکردن و کوشتن، جا چ بە ناوی ئایدیۆلۆژیان ئاسمانی بووبێت یان سەرزەمینی کە هەردووکیان پیرۆزیان بۆ خۆیان قۆرغ کردووە. رۆماننووسی ئایرلەندی "جێمس جۆیس" دارکاری کرا لە سۆنگەی بڵاوبوونەوەی کۆمەڵە چیرۆکی" خەڵکانی دەبلن" گوایە ئاماژەی بە چەند کارەکتەرێکی ناو شاری "دەبلن" کردووە کە دەناسرانەوە، گوایە ئابڕووبەرە بووە، هەر خودی ئەو نووسەرە وتەیەکی تووڕەی هەیە کە گوتوویەتی، " من ناتوانم بنووسم بە بێ بریندارکردنی هەستی ئەوانیدیکە! "نەجیب مەحفوز"یش لەسەر بڵاوبوونەوەی رۆمانی " منداڵانی گەڕەکەکەمان" لە لایەن ئیسلامییە توندڕۆکان بەر چەقۆ درا. دوو نووسەری ئینگلیز کە کوڕ و باوک بوون: کە لە دوو قۆناغی جیاواز دەژیان و هەم ئەزموونیشیان لە یەکدی نەدەچوو، پتر سەرگەرمی نووسینی رۆمان بوون، مارتن – ی کوڕی دەیگوت گەر باوکم رۆمانێک سەبارەت بە خانەوادەی خۆمان بنووسێت، هەموو وردەکارییەکان باس دەکات، بەڵام توخنی ژووری نووستنی خۆی و دایکم ناکەوێت، بەڵام جیاوازی من لەتەک باوکمدا کە سەر بە نەوەیەکی تازەم ئەوەیە گەر منیش رۆمانێک سەبارەت بە خانەوادەی خۆمان بنووسم .. بەر لە هەر شتێک دەرگای ژووری خەوتنی دایک و باوکم دەکەمەوە. هەڵبەتە مەبەستی مارتن ئاشکرا و روونە.

زۆرینەی مرۆڤەکان حەزیان نییە ئاوێنەیەکیان بدەینێ و داوایان لێبکەین سەیری خۆیان بکەن گەر هەست بکەن پیس و چڵکن و ناشیرینن. مەرجە رێز لە فیکشن یان ئەدەبی داستان –ئامێز بگرین کە  بڕوای بەوە نییە کەسانێک هەن فریشتە و کەسانێکیش شەیتانن.. نەخێر، بەلکو لە ئەدەبی گێڕانەوەدا کە بە فیکشن ناسراوە ئاماژە بە راستییەک دەکات کە نووسەران سەرگەرمی باس و خواسی ژیان و زیندەگییەکن کە هەمووو شتێکی تێدایە، واتا فیکش تۆماری باباتگەلێکە لە ژیانەوە قەرز کراو یان وەک ژیان وایە بە هەردوو دیوی جوان و ناشیرینی، بەڵام بێ داداگاییکردن و لە قەفەزنان، کەس سووک سەیری کارەکتەری "سۆنیا" ناکات لە رۆمانی " تاوان و سزا"ی رۆماننوسی روسی ' دۆستیۆڤسکی"، کە ناچارە قوربانی بە لەشی خۆی بدات تاوەکو بتوانێت خوشک و براکانی بەخێو بکات، دەتوانین ئاماژە بە سەدەها کارەکتەری بەدکار و شەڕانگێز بکەین کە لە بری رق هەڵگرتن ئێمە هاوسۆزیانین.لە فیکشندا ژیان بە هەموو رەنگە جیاوازەکانەوە خۆی دەنوێنێت.

*تا چەند لەگەڵ ئەدەبی ڕووتبوونەوەدایت، كە داماڵینە لە هەموو شتێكی رووکەشانە؟

شێرزاد حەسەن: ئەرکی ئەدەبە کە دەمامکەکان داماڵیت و مرۆڤ وەک خۆی دەربکەوێت، بە تایبەتی لە باری رۆحی و رەوانییەوە، واتا ناسینی دیوە شاراوەکەی، ئەدەب پەلاماری نادیار دەدات بەر لەوەی خۆی لە قەرەی ئەو بەشە بدات کە هەموومان پێی ئاشناین. ئەرکی ئەدەبە کە نائاسایی بکات بە ئاسایی و پێچەوانەکەشی راستە. بروا ناکەم تۆ مەبەستت "پۆڕنۆ" بێت سەبارەت بە ئەدەبی رووتبوونەوە، بەڵام هەموومان دەزانین کە ئەدەبی "ئیرۆتیکا" کە دیوە سۆزداری و عیشقییەکەی مرۆڤە پانتاییەکی گەورەی لە ئەدەبیاتی جیهانی داگیر کردووە. بە بڕوای من مرۆڤی ئەم سەردەمە تووشی سەرەتان / شێرپەنجەی رۆحی بووە کە مەرجە نووسەران ئاوڕی لێ بدەنەوە نەک وەک پزیشکی دەروونی و  بەس، بەڵکو وەک ئەو نووسەرەی کە چاوی چۆلەکەی هەیە و هەر چواردەوری خۆی دەبینێت و دەپشکنێت.

من بۆ خۆم نووسەر وەک بیرلێدەر دەبینم کە ناچارە چەندین چینی زەوی و  خاک هەڵبکۆڵیت تاوەکو دەگاتە ئاوی پاک هەڵقوڵاو، مەرجە نووسەریش بە هەزار فانۆسەوە سەردانی ئەو ئەشکەوتە تاریکەی ناو ناخی مرۆڤ بکات، دەکرێت من و تۆ و ئەوانیدیکە دۆزەخێک لە ناو بوونی ئێمەدا هەبێت، نووسەری ئازا ئەوەیە کە بوێرێت سەر بەسەر زارکی ئەو جەهەننەمەدا شۆڕ بکاتەوە و بگرە پیاسەی بە ناودێ‌ بکات، بە واتا من گەر وەک دۆزەخییەکان نەسووتێم: ئاخۆ چۆن بتوانم باسی سووتان بکەم؟

*هەموو ئەو نائومێدییەی لە ئەدەبیاتی تۆدا هەیە، پەیوەندی بەوەوە هەیە كە مرۆڤ دەمرێت  و بوونەوەرێكی نەمر نییە، گەر وەكو گلگامێش بەدوای نەمرییەوە بگەڕایە، گریمان نەمری دەستبكەوتایە. ئایا تۆ هەر وا نائومێد دەبوویت یان ئەگەری ڕزگاربوون  زیاتر دەبوو؟

شێرزاد حەسەن: بە بۆچوونی "ئەلبێر کامۆ" خودی مەرگ زاڵترین خولیا و بیرۆکەیە کە مرۆڤی داگیر کردووە. ئەگەر مرۆڤ نەمریش بووایە بێ گرفت و کێشە نەدەبوو، گەرچی هەندێک بیریار و دانا و سۆفی مەرگ بە کۆتایی نازانن، بەڵکو بە درێژکراوەی ژیانی دەزانن. حەسرەتی نووسەرێکی وەک "گابریل گارسیا مارکیز" ئەوە بوو کە ئەزموونی مەرگ لای نەبۆتە نووسین، یان شاعیرێکی وەک "ئەدۆنیس" بڕوای وایە ئەو خودی مەرگە وایکردوو مرۆڤ خودایەک و قیامەتێک بخوازێت. مەرگ بۆ خۆی وەک چەمک و مانا تێمایەکی سەرەکی ناو دونیای ئەدەبیاتە.

ئەوەی کە بۆ من مایەی بایەخ و تێڕامانە ئەوەیە کە خەڵکی ئێمە مەرگدۆستە نەک ژیاندۆست، غەریزەی مەرگ و ژیان کە لە ململانێدان، پارسەنگی مەرگ قورسترە لە هی ژیان، بەڵام نائومیدی من هیچ پەیوەندی بە ترسەوە نییە لە مەرگ، بەڵکو هاوارێکە بۆ ژیاندۆستی، بەڵام من ناچارم وەک نووسەر باسی ئەو مەرگپەرستییە بکەم کە رۆحی خەڵکی ئێمەی تاریک کردووە. من لە هەوڵی ئەوەدام گومان لە مرۆڤ بکەم، بە تایبەتی پیاو کە لەوەتەی هێز و توانای پەیدا کردووە، سەرگەرمی جەنگ و  ڕاووشکارییە. مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی جەنگە هەمیشەییەکانە.

*كە ژیان ئەوەندە ڕەش و ناخۆشە بۆچی مەرگ هەڵنەبژێرین پێش ئەوەی خۆی بێت؟

شێرزاد حەسەن: هەڵبەتە هەندێك كەس لە نێوەندی نووسەران و هونەرمەندان و فەیلەسووفان بە خوایشتی خۆیان مەرگیان هەڵبژاردووە،  ناوی گەورە و درەوشاوەش بوون. من لە تەمەنی لاوییەتیمدا بیرم لێدەکردەوە کە کۆتایی بە خۆم بێنم، چونکە زیندەگیم زێدە تاڵ بوو، وەلی چوار هۆکار نەیانهێشت دەستم بچێتە خۆم: تەنیایی و خەمی ناقۆڵای دایکم کە لە دوای من دە منداڵی ببوو، ستەمدیدە بوو بە دەست باوکێکی قومارچی و دەستوەشین و هەم جنێفرۆش، دووەمیان مۆسیقا بوو، نەک وەک ژەنیار، بەڵکو من گوێگرێکی هەمیشەیی مۆسیقا بووم، سێیەمیان کە دواتر هەموو ژیان ئاوەدان دەکاتەوە: ئەدەبیات بوو، چ وەک خوێندنەوە و چ وەک نووسین.

چوارەمیان شاگەشکەبوونی من بە سینەما کە بۆ من دۆزینەوەی جیهانێکی هاوتەریب بوو لەتەک ئەدەبدا.راستی من هاوسۆزی فەیلەسوفی یۆنان-یم کە "ئیپیکورس"ە کە بڕوای وابووە کە" ئەم ناچار نییە بیر لە مەرگ بکاتەوە تا ئەو رۆژەی دەژی، چونکە کە دەمرێت هیچ بوارێکی نەماوە بیر لە ژیان بکاتەوە"، وتەکەی ئەو فەیلەسووفە زێدە پەندئامێزە. هاوکات من بڕوام وایە کە سەگێکی زیندوو، گەر بەڕەڵلا و تۆڕیش بێت جوانترە لە شێرێکی مردوو کە پادشای دارستانە. ئەم رستانە بۆنی ژیاندۆستی لێدێت، بەڵام كابرای دیندار قیامەت دێنێتە بەر ماڵەوە و پەلەیەتی بگاتە حۆرییەکانی ناو بەهەشت. ئەوەی کە لە خۆرهەڵاتی ناوەراست دەگوزەرێت مەرگدۆستییە تا ئەوپەڕی شێتبوون.

*ئایین ڕۆڵیی هەیە لەوەی كە مەرگ جوان بكات؟

شێرزاد حەسەن: بێگومان.. زۆریش بە داخەوە، بە تایبەتی مەرگ بۆ کەسانێک کە لەسەر زەمین گیرۆدەن. لە راستیشدا مرۆڤ تاکە ئاژەڵێکە کە نازانێت بژی. زۆربەی بیریار و دانا و زانا و فەیلەسووفەکانی کۆن و نوێ بەدبینن بەرامبەر توخمی مرۆڤ، لە هەنووکەدا ئاو و هەوا و خاک پیس و بۆگەن بوون، خەریکە ئەم ئەستێرەیەی ئێمە دەکوژێتەوە، دەی باشە.. بێجگە لە مرۆڤ کام گیاندار ئەو کارەی کردووە؟ گوایە مرۆڤ خەلیفەی خودایە لەسەر زەمین، دەی ئەگەر مرۆڤ دڕندەی خودا بووایە: چۆن شەڕانگێز و بەربادێکی لێدەردەچوو؟ ئایین رۆڵیکی گەورەی هەبووە لە رازاندنەوەی مەرگ، بگرە مەرگی کردووە بە فریادرەس و هەم گەیشتن بە فیردەوسی پڕ لە حۆری و غیلمان، بە تایبەتی ئایینی ئیسلام، مەگەر هەمووتان گوێتان لە تەلقینی سەر مردووەکانی خۆمان گرتووە کە مەلا دەژنەوێت، " لقد خرجت من دار الغرور.. و دخلت الی دار السرور. لقد خرجت من دار الفنا‌و.. و دخلت الی دار البقا‌و"  کە مانا کوردییەکەی سووک و پووچکردنی ژیان و دونیایە و ئەو دونیاش هەواری خۆشی و نەمرییە.

فتوحات و غەزەواتی ئیسلامییەکان بە درێژایی مێژوو مژدەی داوە بە جەنگاوەرەکانی کە گەر شەهادەت وەدەست بێنن، بە جلی خوێناوییەوە لە ناو بەهەشتدا دەرحاڵ زیندوو دەبنەوە. بگرە سوپای عوسمانلییەکان کە بەرەو هەر شوێنێک ئەسپیان تاو دەدات مژدەی ئەتک کردنی ژنان و کچانی غەیرە دینیان بە جەنگاوەرەکان دەدا، سەرباری تاڵانی و داگیرکردنی خەڵک و خاک پێکەوە. کەسێک بە قەد چۆلەکەیەک دەماغی هەبێت ئەو مێژووە خوێناوییە بخوێنێتەوە تێدەگات مۆتیڤی سێکس و هەوەس کە لە بەهەشت چنگ دەکەوێت بۆ شەهیدەکان شاخەونی خەونەکان بووە، هەمیشە مەرگ و سێکس دووانەی یەک سک بوون دەنێو ئەو کولتوور و میراتە شەرمهێنە. کەسێک سورەتی " ئەنفال" بخوێنێتەوە دەزانێت چی دەڵێم کە هاندانە بۆ تاڵانی و ئەتک کردن، ئەی چۆن عەرەبی بیانان-نشین توانی بگاتە چین و هیندوستان و کوردستان و ئیسپانیا؟ بە چەپکە گوڵەوە چوون یان بە زەبری شمشێر داگیریان کرد؟

*لەناو ئەو هەموو كێشە و گرفتانەی ژیاندا،  هەر لە نەفرینی نێرسالاری کە بۆ تۆ بووەتە کانگای ستەم، بیگرە هەتا ونبوونی مرۆڤ خۆی. ئایا ئەرکی ئەدەب هەمان پەیامی ئایین و سیاسەتی هەیە کە بانگەشەی بەخشینی ژیانێکی خۆش و شکۆمەندی و بگرە رازاندنەوەی بەهەشتێکە لەسەر زەمین یان لە ئاسمان؟ سەرباری ئەوەش  دەنێو هەر دوو کایەی ئایین و رامیاریدا مرۆڤ بووەتە چەقی بیرکردنەوە و هەم نیازیانە بیکەن بە خودان ژیان و سروشت و بگرە هەموو گەردوون. ئایا وایە؟ ئەی ئەدەب نیازی بە چییە بە بەراورد لەتەک ئەو دوو بانگەشەیە کە تۆ خۆت گومانت لەوەدا چڕ بۆتەوە کە هەردووکیان زەریای خوێنیان بەرپا کرددوە؟

شێرزاد حەسەن: ئەدەب هیچ ئایدۆلۆژیایەكی فەرمی نییە و بانگەشە و مژدەی هیچ بەهەشتێکی پێ نییە، هاوکات سوپەرمارکێتی نییە کە وەک هەر دوو کایەی سیاسەت و ئاییین بە تەن خەون و هیوا و ئاوات بفرۆشێت. ئەدەب دژی ئایدیۆلۆژیایەکە کە فریوی مرۆڤ بدات بۆ مەرگێکی هەرزان، ئەدەب پێناسەی بۆ دۆزەخ و بەهەشت تەواو جیاوازە، بگرە گومانی لە هەردووکیان هەیە بەو شێوە رەهاگەرییەی کە ئایین و سیاسەت قۆڵ لە قۆڵدا باسی دەکەن. ئەدەب دژی هەر چەشنە "یوتۆپیا"یەکە کە دەکرێت ناوی بنێین شاری خەونەکان، بەڵكو ئەدەب ژیان وەكو خۆی وێنا دەکات کە هەموو رەنگەکان لە خۆی دەگرێت، بە قووڵیش ئەو توێكارییە بۆ زیندەگی تاڵی هەموومان دەكات.

ئەدەب هیچ دروشمێكی زێرێن و خەونهێنی نییە تاوەکو خەڵکێک لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە، بەڵام ئایدۆلۆژیا ئاسمانی و سەرزەمینییەکان خەڵکیان گڕداوە بە ناوی پیرۆزی و ڕەهاگەری و قۆرغکردنی هەر هەموو هەقیقەتەکان و جەخدتکردنەوە لەسەر یەقینگەرایی و فرۆشتنی مژدە و مزگێنی بە نرخی خوێن و فرمێسک و ئارەقە،  کە دیارە ئەدەبیات ئامادە نییە حیساب بۆ هیچیان بکات. لە هەمووی گرنگتر ئایین و سیاسەت بە بێ "دۆگما" و "یوتۆپیا" ناژین کە ئەدەب هەردووکیانی تەڵاقداوە، بەڵکو کارکردەی ئەدەب بۆ خۆی گوماکردنە لە پیرۆزی و دۆگما و یۆتۆپیا. من هاوسۆزی وتەیەکی گەوهەرداری "ئەلبێر کامۆ"م کە دەفەرموێت، "ئایینی تازەی من خودی ئەدەبە." کە دیارە ئەم وتەیە بۆ خۆی گومانکردنە لە ئایین بە مانا هەرە باو و ترادسیۆنەکەی.

*كەواتە ناتوانین وەک فریادرەس تەماشای ئەدەب بکەین؟

شێرزاد حەسەن: نەخێر و هەرگیز.. کۆی پرۆژەی ئەدەب و پەیامەکەی گومانکردنە لە هاتنی فریادرەس کە ئایین و سیاسەت کردوویانە بە پایە و بناغە و چەتری خۆیان، ئەدەب بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ خەونی هاتنی فریادرەس و پاڵەوانی رزگارکەر هەڵدەوەشێنێتەوە. هەر بە راستیش کارەساتە لە تاو هەموو گرفت و کێشە و تەڵزگە کۆمەڵایەتی و رامیاری و ئابوورییەکان لەسەر زەمین نەتەوەیەک چاوەڕانی فریادرەسی دێوبەزێن بێت وەک لە ئەفسانەکاندا هاتووە کە پاڵەوانێکی دێوبەزێن دێت خێر و خۆشی لەگەڵ خۆی دێنێت، گرفتی ئێمە ئەوەیە کە بەردەوام سەرمان بۆ ئاسمان هەڵبڕیوە و نزا دەکەین فریادرەسێکمان بۆ دابەزێت.

 دوا رۆمانی من "دوا شەوی دابەزینی عیسا"  گومانی منە لە خۆمان وەک کورد کە لە پەراوێزی مێژووش نزیک نەبووینەتەوە، چونکە چاوەڕوانی فریادرەسین کە ئەوەش بۆ خۆی رەگێکی قووڵی ئایینی لە خۆیدا هەڵگرتووە کە بە تەنیا ئێمە گیرۆدەی نەبووین، بەڵکو بە درێژایی مێژوو لە سەردەم و قۆناغ و جوگرافیای جیاوازدا هەر هەموو خەڵکانی سەر ئەم ئەستێرەیە گیرۆدەی بوون، دیارە هەندێک نەتەوە رزگاریان بووە لەو خۆشخەیاڵییە، بە دیدگای من لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ئەو وەهمە لە ترۆپکدایە.

*کەواتە ئەدەب هۆشیاری بەرهەم دێنێت و تێڕامان و بیركردنەوەی مەردومگەل زیاد دەكات؟

شێرزاد حەسەن: هەڵبەتە ئەدەب بەو ناسراوە کە بۆتەیەکە زۆرێک لە کۆی زانیاری و ماریفەتی مەردمگەلی لە خۆیدا کۆ کردۆتەوە، سەرباری ئەزموونی پڕ و دەوڵەمەندی جوگرافیا جیاوازەکان، ئەدەب بۆ خۆی خوانی خۆشەویستی و کۆکردنەوەی هەموومانە لەسەر هەمان سفرەی داهێنان و جوانی، ئەدەب خاوەنی هەزاەها ئەندازیارە کە پردی درێژ و بتەو  و تۆکمە لە نێوان خەڵکانی هەر حەوت کێشوەرەکە دروست دەکەن کە مەحاڵە بڕوخێت. ئەدەب کەڵەکەبوونی کۆی هۆشیاری و زانیاری عەقڵە گەورەکانی سەرجەم مرۆڤایەتییە، هەر ئەوەشە وایکردووە خوێنەری هەمیشەیی ئەدەبیات بۆ خۆی  دەبێت بە رەخنەگرێکی ویژدان زیندوو، ئەدەب هێزی سازاندنی دیالۆگ و فەراهەمکردنی رۆحی ئاشتیەوانی هەیە کە ناهێڵێت پەرت و بلاو ببینەوە، رێک پێچەوانەی هەر دوو کایەی ئایین و سیاسەتە، بە تایبەتی لای خۆمان، کە بۆ هەمیشە وایکردووە خۆمان بە پیرۆز بزانین و ئەواندیکە گڵاو و چەپەڵ، هاوکات دەمانکەن بە دۆژمنی یەکتری بە ناوی جیاوازی بیر و بۆچوون و فەلسەفەی سیاسی جیاواز و خودای جیاواز و دڕدۆنگ و مۆن و کینەباز و شمشێروەشێن. بڕوای تەواوم بەوە هەیە کە دوورکەوتنەوە لە ئەەدبیات و هونەر کەسانی ساغڵەم و ئاوەزدار و عەقڵزەدە دروست ناکات.

من لە دوای تەواوکردنی زانکۆ پتر ئاشنا بووم بە سایکۆلۆژیا و سۆسیۆلۆژیا کە سەر بە زانستە مرۆییەکانن، بەڵام چونکە لە تەمەنی چواردە ساڵییەوە بە ئەدەبیات ئاشنا ببووم، هەستم کرد خوێندنەوەم بۆ ئەدەبیاتی نەتەوەکانی دیکە رێگای بۆ کورت کردوومەتەوە کە ئاسانتر لە سایکۆلۆژیا و سۆسیۆلۆژیا کەڵک ببینم و قووڵتر خۆم و خەڵکی بناسم، دواتر بۆم دەرکەوت کە زانستە مرۆییەکانیش سوودێکی زۆریان لە ئەدەبیات وەرگرتووە، هەر لەبەر ئەوەش بووە کە  من زانیم نووسەرێکی وەک "دۆستۆیڤسکی" هەمان هێز  توانای " فرۆید"ی هەبووە لە ناسینی مرۆڤ بە هەموو ئەو نهێنی و گرێ و ترس و درمە رۆحییەکانی کە کەم و زۆر لە ناو هەمووماندا ڕەگی داکوتاوە. بۆ من ئەدەب نازەنیترین یارە کە هەموو رۆژێک بە رۆحێکی تازەوە پێشوازیم لێدەکات، ئەفسوونی ئەدەب لەوەدایە کە ماریفەت و فیکر و زانیاری و ئەزموونی هەموو دونیا دەخاتە بەر دەمی من، بەڵام بە خۆشی و چێژ و غەمێکی سەنگین و مرۆڤپەروەرانە کە هەموو رۆژێک دەمکاتەوە بەو منداڵەی بۆ هەمیشە سەرسام بم و بپرسم و گومان بکەم.. بەڵام هاوکات نەهێڵێت عاشقی خۆم بم بە دیوە نارسیستی و خۆپەرستییەکەی.. بەڵکو بۆ هەمیشە گومانم لە خۆم هەبێت کە زۆرم ماوە ببم  بە نووەسەر و ئینجا مرۆڤ... تائهوو.. هێشتا زۆرم ماوە کە منی پێڕەوگە بە گاگۆڵکێ بۆی دەخشم. دەی.. گوایە من کرێکار و شاگردی ناو دونیای ئەدەبیاتم.. دوا نیازی خۆم بۆ ئێوە دەدرکێنم کە لەوەدا چڕی دەکەمەوە: گەر ئەدەبیات سوود و کەڵکی بۆ هیچ کەسانێک نەبووبێت، ئەوجا منیش وەک ئاغزە نووسەر سوود و مانایەکم بۆ هیچ کەس نەبووبێت.. وەلی ئەوەندەم بەسە کە دوای دەیەها ساڵ لە کایەکردنی من دەنێو ئەدەبدا هێز و توانایەکی بە من بەخشیوە کە بۆ هەتاهەتایە لە خورافاتی "ئایین" و "سیاسەت" و مزگێنی و مژدە فاڵسۆکانی رزگارم ببێت و نەشترسم کە تاوەکو ناو جەرگەی جەهەننەم رێبکەم و باکم بە هیچ نەبێت..! دەی لەوە جوانتر گەرەکە ئەدەب چیدیکەم پێببەخشێت؟!



ڕیکلام