بەس نەبوو بێهروز نەخنكا!

  2020-09-01  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێز عەباس

لە ماوەی پێشوودا ڕۆمانێكی گرنگ و جێگەی بایەخ بڵاوكرایەوە بەناوی "هیچ دۆستێك جگە لە چیاكان" لە نووسینی بێهروز بوچانی، چۆنێتی نووسینی ڕۆمانەكە و ناونیشانی ڕۆمانەكەو تەكنیك و گێڕانەوەكانی وای كردووە هەرزوو ڕۆمانەكە دەنگدانەوەی خۆی هەبێت و خوێنەرێكی زۆر لە خۆی كۆبكاتەوەو چەندین ڕەخنەگری ناسراوی ئوسترالی لەسەری بنووسن و ژمارەیەك خەڵاتی بەناوبانگیش لە وڵاتی ئوسترالیا وەربگرێت لەوانە خەڵاتی یەكەمی ڤیكتۆریا بۆ باشترین ڕۆمان و هەروەها خەڵاتی باشترین یادەوەرینووس و ژیاننامەنوسی هەر ئەمەش وای كردووە گفتوگۆی زیاتر لەسەر ڕۆمانەكە بكرێت بەوەی چ ژانرێكەو هەندێك پێیان وایە ناچێتەچوارچێوەی ژانرێكی دیاریكراوەو لەو نووسینانەیە كە دەچێتە چوارچێوەی دژە ژانرەوە، ڕۆمانەكە لە لایەن "د.هاشم ئەحمەد زادە" لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی و "ناوەندی غەزەلنووس" چاپ و بڵاوی كردۆتەوە.

"بێهروز بوچانی" نووسەری ڕۆمانەكە كوردەو خەڵكی ئیلامی ڕۆژهەلاتَی كوردستانە، ئەم ڕۆمانە سەرگوزەشتەی خۆیەتی باس لە كۆچی خۆی دەكات لە ئێرانەوە بۆ وڵاتی ئەندۆنیسیاو لەوێوە بۆ ئوسترالیا و نە هامەتییەكانی دەگێڕێتەوە بە شێوەیەكی سەرنج ڕاكێش و چێژبەخش بە جۆرێك خوێنەر كەمەندكێش دەكات لە كاتی سەرەتای خوێندنەوەیدا ئارەزوو دەكات دەستی لێهەڵنەگرێت تاوەكو تەواوی دەكات، بێهروز ئەم ڕۆمانەی لە زینداندا نووسیووە لە دوورگەی "مانوس" بەڵام چ جۆرە زیندانێك ئەو زیندانەی كە تژی بووە لە عەزاب! ئەو تێڕوانینانەی ئێمەی كوردو خەڵكانی ڕۆژهەڵاتی دەگۆڕێت كە پێمانوایە مرۆڤ لە زیندان و كەمپەكانی ڕۆژئاوا ڕێزلیگیراون و مافەكانیان پارێزراون، بێهروز لە ڕێگەی ئەزموونی خۆیەوەو ئەو چیرۆكانەی بینیویەتی و بەسەری هاتووەپێمان دەڵێت دورگەی مانوس و زیندانەكەی جۆرێك بووە لە دۆزەخ!

بێهروز  بە قەڵەم و لەسەر كاغەز و بە ئارامی سەرگوزەشتەی خۆی نەنووسیوەتەوە وەك ڕۆماننووسانی تر، بەڵكو جیاوازو سەرنجڕاكێشتر ئەو لە زینداندا ڕۆمانەكەی نووسیوەو بەردەوام لەژێر چاودێریدا بووە، بۆی نەبووە قەڵەم و كاغەزی هەبێت ئەو بە دزییەوە لە ڕێگەی مۆبایلەوەو لەڕێگەی واتساپەوە بە شێوەی پچڕ پچڕ ڕۆمانەكەو سەرگوزەشتەی خۆی دەنووسێتەوەو بۆ هاوڕێكانی دەرەوەی زیندانی دەنێرێت ئەوانیش كۆی دەكەنەوەو ئەم ڕۆمانە بەناوبانگەی لێدەردەچێت! تەنانەت جارێكیان لە زیندان مۆبایلەكەی لێدەسەنن و ئەمجارە لەڕێگەی مۆبایلی هاوڕێییەكییەوە نامەكان دەنێرێت، تاوەكو ماوەیەكی تر بە دزییەوە مۆبایلێك دەباتە ژورەوەی زیندان و دووبارە بە نهێنییەوە بە مۆبایلی خۆی سەرگوزەشتە تەواو نەكراوەكانی خۆی بۆ هاوڕێكانی دەنێرێت! بێهروز بە زمانی فارسی نامەكان دەنێرێت و دواتر لەلایەن یەكێك لەو هاوڕێیانەی خۆیەوە بەناوی "د.ئومێد تۆفیقیان" وەری دەگێڕێتە سەرزمانی ئینگلیزی و بڵاوی دەكاتەوە پێش ئەوەی بە زمانی فارسی یان زمانی كوردی بڵاوببێتەوە.

بێهروز پێش ئەوەی ئەم ڕۆمانە یان ئەم سەرگوزەشتەی خۆی بنووسێتەوە، ڕۆژنامەنووس و فیلمساز بووە واتە باگراوەندێكی مەعریفی هەبووە، ئەم باگراوەندە مەعریفییە ڕەنگیداوەتەوە لە كتێبی "هیچ دۆستێك جگە لە چیاكان"، چونكە بێهروز ڕووداوەكان بە تەنها ناگێڕێتەوە، بەڵكو وەكو مرۆڤێكی هوشیارو بە ئاگا چەندیین پرسیاری فەلسەفی دەكات لەسەر ئەو ڕووداوانەی دێنەڕی و ڕوودەدن مرۆڤ لە كاتی خوێندنەوەیدا تووشی ڕامان و سەرسامبوون دەكات!

بێهروز بۆ ماوەی چەندین مانگ لە وڵاتی ئەندەنووسیا دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی دەرفەت و هەڵیكی بۆ هەڵبكەوێت بە بەلەم لە ئۆقیانووسەوە خۆی بگەیەنێتە ئوسترالیا ئەو وڵاتەی بێهروز خەونی پێوەدەبینێت، بەڵام ئەوەی بێهروز چاوەنواڕی ناكات دێتەدی، لە ئەندەنووسیا ژیانێكی كولەمەرگی و برسێتی دەباتەسەر، لە كاتی پەڕینەوەی بە ئۆقیانووسدا بۆ ئوسترالیا زیاد لە جارێك ڕووبەڕوی مەرگ و خنكان دەبێتەوە، لە كاتی خوێندنەوەی گێڕانەوەی دیمەنی كونوبونی بەلەمەكەیان لەناو ئۆقیانووسداو پەلە قاژەكرنیان و بێڕەحمی شەپۆلەكان ئینسان سام دەیگرێت! چەند ڕۆژێكی كەم پێش ئەوەی بێهروز و هاوڕێكانی ئۆقیانووس ببڕن و خەونەكەیان بێتەدی و بگەنە وڵاتی دڵخوازی خۆیان حكومەتی ئوسترالیا بڕیار دەدات كە هیچ كۆچبەرێك بۆی نییە بێتە وڵاتەكەیان، لێرەوەیە نەهامەتییەكی تری ژیان بۆ بێهروز بوچانی زیاد دەبێت و خەونەكەی لەباردەچێت. پێش ئەوەی ئۆقیانووس بەتەواوی ببڕن و بگەنە ئوسترالیا لەلایەن پۆلیسی دەریایی و كەشتیوانی ئوسترالییەوە لە سنووری ئوسترالیا دەستبەسەردەكرێن.

دوای دەستگیركردنیان بێهروزو هاوڕێكانی دڵخۆشن لە سنووری ئوسترالیان و دەربازیان بووە لەو ڕابردووە تاڵەی بەسەریان هاتووە، بەڵام بە پێچەوانەوە بە پابەندبوون بە بڕیارەكانی حكومەتی وڵاتەكەیانەوە ئەفسەرەكان بێهروزو هاوڕێكانی دەبەن بۆ دوورگەیەك بەناوی كریسمەس یان لە ڕاستیدا بۆ زیندانێك بەناوی كریسمەس و زیاد لە مانگێك لەو دوورگەیەدا دەمێننەوە ئا لێرەوە بێهروز ئازارەكانی زیندان دەگێڕێتەوە، ئەو ئازارانەی مرۆڤ وا دەزانێت بێهروز لە زیندانێكی وڵاتێكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە دەیگێڕێتەوە نەوەك زیندانێكی وڵاتێكی پێشكەوتوو ناسراو بە دیموكراسی وەك وڵاتی ئوسترالیا. مامەڵەی نەشیاوی ئەفسەرەكانی ئوسترالی لەو دوورگەیدا بەرانبەر كۆچبەرەكان بێهروز تووشی تێڕامان و سەرسامبوون دەكات! سزایی ڕەمزی جەستەیی سزایەكە بێهروز وا لێ دەكات و هەستی ئەوەندە بریندار دەكات بیر لەوە دەكاتەوە بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی لێوە هاتووە یان نا! بێهروز و هاوڕێكانی ڕووت دەكرێنەوە بە جۆرێك هیچ جلێك لە بەریاندا نامێنێت كاتێك دەپشكنرێن و هەستیارترین ئەندامەكانی لەشیان دەپەشكنرێن و ڕووت دەكرێنەوەو دواتر جلێكی پێدەدرێت كە بۆ بەری ئەو هیچ گونجاونییەوەو دوو ئەوەندەی بەری خۆیەتی! ڕۆژنامەنووسەكان بانگ دەكرێن بۆ ئەوەی وەك هەواڵ دەستگیركردنی ئەم كۆچبەرانە بڵاوبكەنەوە بەو جلانەوە، لەو كاتەیا بێهروزو هاوڕێكانی هەست بە سوكایەتیپێكردن دەكەن.

 بڕیاردەدەرێت كۆچ بەرەكان لە دوورگەی كریسمەسەوە بگوازرێنەوە بۆ دوورگەیەكیتر بەناوی دوورگەی مانۆس فڕۆكە ئامادەدەكرێت و وەك زیندانی كە هەمیشە پۆلیسی ئوسترالی بە توندی چاودێریان دەكەن سواری فڕۆكەیان دەكەن و دەبرێن بۆ دوورگەكە، دوورگەی مانوس وێستگەیەكی تری ژیانی زیندانی بێهروزەو كۆمەڵێك زیندانی جیاوازی لێیە وەك زیندانەكانی فۆكەس و دێلتاو و مایك و ئۆسكار كە ژمارەیەكی زۆر زیندانی لە خۆگرتووەو تەنها گوناهیان ئەوەیە كۆچییان كردووەو دەیانەوێت لە وڵاتی ئوسترالیا بژین و بێ ئەوەی تاوانێكی مەترسییان ئەنجامدابێت! لەو زیندانانەی دوورگەی مانوس زیندانییان بە سیستەم دەچەوسێنرێنەوەو لە مرۆڤبوون دەخرێن و لە قاڵب دەدرێن لە كاتێكدا شایانی ئەو هەموو عەزابە نیین كە دەدرێن، سیستەمێك پەیڕەو دەكرێت كە بێهروز زۆرجار دووبارەی دەكاتەوەو پێی دەڵێت "كایریاركلی" بە هەموو شێوەیەك زیندانییەكان لەلایەن پۆلیسی ئوسترالییەوە ئەشكەنجە دەدرێن، بێهروز لە زیندانێكدا دەژی تەوالێتەكانی پیساییەكانی تا ناو قەدی مرۆڤ هاتوون، بۆ خواردن دەبێت سەرە بگرن و ئەگەر شانسی ئەوەیان هەبێت دوای زیاد لە كاتژمێرێك سەرەگرتنیش خواردنیان بەربكەوێت و لە نیوەدا تەواو نەبێت! برسێتی هەمیشە لەگەڵیاندا بەردەوامە، بۆیان نییە هەركات برسییان بوو نان بخۆن، بەڵكو لەكاتێكی دیاریكراودا هەموویان بانگدەكرێن و ڕیز دەبەستن بۆ نان خواردن چ نانخواردنێك نیو پەرداخ شیر یان لەتكە نانێك و كە هەر لەدوای خواردنیان هەست بە برسێتی دەكەن، ئاشپەزەكان بە جۆرێك چاودێری دەكرێن لەلایەن پۆلیسی ئوسترالییەوە بۆیان نییە تۆزێك لەنیوەزیاتر شیربكەنە پەرداخەكەوە! ئاوخواردنەوەش دیاریكراوەو بە ئارەزووی خۆت ئاو ناتوانیت بخۆیتەوە، ئاوەكانیش بەجۆرێك گەرمبوون هیچ جارێك تینوێتی زیندانەكانی نەشكاندووە، دوورگەی مانوس بۆق و گەرمییەگەی نا ئاسایی بووەو زیندانییەكەیان بۆنی پیسی عارەق هەمیشە میوانیان بووە!

تەلەفۆنكردنیش دیاریكراوەو بە سەرەیەوە بۆت نییە بە ئارەزوو تەلەفۆن بكەیت، تەلەفۆن بە ئاسانی بەرناكەوێت ئای لەو چیرۆكەی بێهروز دەیگێڕێتەوە باوكی یەكێك لە زیندانییەكان گیان دەدات و خەریكە دەمرێت و دەیەوێت پێش ئەوەی بمرێت گوێی لە دەنگی كوڕەكەی بێت لە زیندان لە دوورگەی مانوس، بەڵام پۆلیسی ئوسترالی ڕێگە بەو كوڕە نادەن لەگەڵ باوكی قسەبكات بەهۆی نەبوونی سەرەوە! زیندانییەكان لە نەتەوەو ڕەگەزو تەمەنی جیاواز پێكهاتوون، بەهۆی چەشتنی ئەو عەزابانەوە زیندانییەكان بەشێكی زۆریان توانای بەرگرتنی زیاتریان نامێنێت و دەست دەكەن بە ئازاردانی خۆیان بۆ ئەوەی كۆتایی بە ژیانی خۆیان بهێنن، زیندانیەكان بە شێكیان دەست دەكەن بە بڕینی دەمارەكانی دەست و مل و زگكیان و خوێن دەبێتە میوانی ژورەكانیان!

جارێكیان زیندانییەكان هەموویان بڕیاری یاخی بوون و شۆِڕش دەدەن دژ بەو ستەمكارییەی پۆلیس و بەرپرسانی بەندیخانە دەیكەن بەرانبەر بە كۆچ بەران دوای ڕووبەڕووبونەوەیان كە هەندێجكار سەركەوتنیش بە دەست دێنن و پۆلیسەكان ڕاودەنێن، بەڵام دڵڕەقی  جوگرافیای دوورگەی مانوس و نا بەرانبەری هێز لەنێوان پۆلیسەكان و كۆچبەرەكان بێهروزو هاوڕێكانی ناچار دەكرێن بۆ دووبارە گەڕاندنەوە بۆ زیندان دوای قوربانیدانێكی تراژیدی! بێهروز منداڵی چیاكانی كوردستانە ئەو لە زیندان تەنهاییەكانی وای لێدەكات یادەوەرییەكانی دەێگەڕێننەوە بۆ كوردستان لە دایكبوونی شوێنێكە هەمیشە هێرشی كراوەتەسەرو بەردەوام جێگەی جەنگەكان بووە لەنێوان وڵاتانی دراوسێ ئەو لە سەردەمێكدا لەدایك بووە كە جەنگی عێراق و ئێران بووە، كوردستان ئەوەی ڕزگاری كردووە تەنها چیاكان بووە كە دۆستی ڕاستەقینەی كوردەكان بووە نەوەك مرۆڤەكانی دی، لە دوورگەی مانوس بێهروز وەك كوردێك لەوێ ئەمەی زیاتر بیردەكەوێتەوەو هەستی پێدەكات بەهۆی عەزابەكانی! 

بەس نەبوو بێهروز نەخنكا، چونكە هەم ڕۆمان و تێكستێكی گرنگمان لە دەست دەچوو لەگەڵیشیدا كەس نەبوو جگە لە بێهروز بەو شێوەیە ئەو مێژووەی دوورگەی مانۆسمان بۆ بگێڕێتەوەو ڕووی ڕاستەقینەی دەربخات! بێهروز وەك خۆی لە چاوپێكەوتنێكدا دەڵێت بەهۆی ناسراوی و پەیوەندییەكانی وەك ڕۆژنامەنووس و وەكو هونەرمەند هەندێك لە ڕێككخراوەكان ویستویانە لە مانۆس ئازادیبكەن و بیگەیینە ئوسترالیا، بەڵام ئەخلاقیاتی ڕێگەی پێنەداوە هاوڕێكانی زیندانی بەجێبهێڵێت! دوای ماوەیەكی زۆر لە زیندان و دوورگەی مانوس پێش چەند مانگێك ئەو دوورگەو زیندانەكانی دادەخرێن و بێهروزیش خۆشبەخاتانە ڕزگار دەكرێ و ئازاد دەبێت.     
      
    
   


ڕیکلام