ئەن بۆگارت: مرۆڤایەتی پێویستی بە چ مانایەکە؟

  2020-09-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

بەشی دووەم و کۆتایی

وەرگێڕانی: فاتیح فرومەند

داوام لە بینەرەکان کرد کە واز لە دیالۆگەکان بھێنن و تەنھا لە بینینی شانۆگەریەکە چێژ وەرگرن. چونکە لە کۆتایی دا ئەمەی کە بیستوویانە دێ بە مێشکیاندا و ھەموو شتێکیان بۆ روون دەبێتەوە. لە کاتی پڕۆڤە دا زۆر جار لە سەر شتێک دەماینەوە و نەماندەتوانی بەرەو پێش بچیین. بەڵام لە پڕدا ناوی "کتێبی پیرۆز" ھاتە سەر زمانی یەکێ لە ئەکتەرەکانم. ھەربۆیە بەشەکانی "کردەی خوڵقاندنی جیھان" و ھەروەھا "وەحی"م،  لە ناو کتێبی پیرۆز خوێندەوە و چەند دێرێکم ھەڵبژارد. رەنگە ئەم کردەیەی من زۆر شێتانە بووبێت، بەڵام لەم قۆناخەی پڕۆڤەدا باشتریین ساتەکانی ئەزموون کردنی بۆ من تیابوو. لەبەرئەوەی کە وڵامی پێداویستییەکانی ئێمەی دەدایەوە و زۆر سوودمەند بوو. ئەم پڕۆڤانە نمایشێکی بەرھەم ھێنا کە ناوم لێنا: "رۆیشتن- رۆیشتن و مردن"

ئەو کەسانەی دەھاتنە دیار پڕۆڤەی من پرسیاریان لێم دەکرد کە خەریکی چییم؟ بۆ ھەموو شتێکم خستۆتە سەر ئەستۆی ئەکتەر؟ وڵام ئەمەیە: ئەمە شکڵی گشتی کارەکەمانە. ئەم تەمرینانە پڕۆسەیەکی ھاوبەش پێکدێنێت. ھەربۆیە بڕیار نییە من بە ئەکتەر بڵێم "تۆبڕۆ دوواوە یا تۆ وەرە پێشێ"، نا. ھەرگیز وانییە. ئێمە دەزانیین بە دووای چی دا دەگەڕێین. لە سەرەتادا قەوارەیەک دەگرینە بەر، پاشان پڕۆڤەکەمان دەست پێ دەکەین. کاتێکیش کە رێگا بزر دەکەین رادەوەستین، وەک ئەوەی کە لە بەرزاییەوە سەیری دەورووبەر بکەین، پاش ئەوەی کە کێشەکە چارەسەر کرا  لە رێگاکەمان بەردەوام دەبیین. ئەم پڕۆسەیە وەک دروست کردنی مێزێک وایە. لەسەرەتادا یەک پایە دادەمەزرێنین، پاشان پایەکانی تر. زۆر کات کە مێزەکەمان بە تەواوی دروست کرد سەیری دەکەم، کتووپڕ بە خۆم دەڵێم، ھاوار خوایە ئەم دیالۆگ و حەرەکەتە سەیر و سەمەرانە چییە؟ کەواتە ئێمە پایەکانی مێزەکەمان زۆر بە ناڕێکی دابەستووە. بۆیە ھەم دیسان چەکوش و بزمار دەگرینەوە دەست، ھەرچی دروستمان کردبوو ھەڵیدەوەشێنین و سەر لە نوێ دەست پێ دەکەینەوە. بۆ پێکھێنانی شانۆگەریەک لە روانگەی فیزیکیەوە ھەمیشە بەم جۆرە دەست پێ دەکەین، بەڵام لە لایەنی تەکنیکییەوە رێگایەکی روون و دیار بوونی نییە.

لە گرووپەکەی ئێمە دا ٤ دیزاینەر ئەندامن. "دارێن وێست"(Darren West) بەرپرسی دەنگە، کە ھەر لە رۆژی یەکەمی پڕۆڤەوە بە کەرەستە دیجیتاڵییەکانی خۆی لە ھۆڵی پڕۆڤە ئامادە دەبێت. دیزاینەری جل و بەرگیش،"جیمز شیت"(James Schette)  بە بەردەوامی لە تەمرینەکان ئامادە دەبێت و پێشنیاری خۆی دەدات. من لەگەڵ "نیل پاتێل" (Neil Patel)، سینۆگرافی گرووپ، بەر لە دەستپێکی تەمرینەکان کاتێکی زۆر بەیەکەوە بە سەر دەبەین. ئێمە بە ھاوفیکری یەکتر بە پێکھاتەیەک دەگەین کە ھەرگیز ئەکتەرەکان سەبارەت بەمە پرسیار ناکەن. ئەم دیزاین و نەخشەسازیانە بە پێی کەرەستە و ئیمکانییەتێک کە ھۆڵەکە ھەیەتی دابیین دەکرێ، ھەڵبەتە ھۆڵەکە سەربەستییەکی زۆر بە ئێمە دەدات. بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە بزانین لەم سەر بۆ ئەو سەری تەختەی شانۆ، پێوانەی چەندە؟ 

پێویست ناکات دیزاینەرانی رووناکی(ئینارێست) ھەموو کات لە پڕۆڤە ئامادە بن. ئەوان خاوەنی  بەھێزتریین توانان لە بوواری دڕاماتیک(نمایش). ئەرکی ئەوان تەنھا بۆ رووناک کردنەوەی تەختەی شانۆ نییە، چونکە ئەوان دەتوانن رێگایەک بۆ لابردنی  ئەم لەمپەرانەی کە دێنە پێش بدۆزنەوە. ئەوان خاوەن وردبینی و چاوتیژییەکی تایبەتن کە زۆرجار پێشنیاری دژوار، بەڵام دروستکەر و بەقازانجیشیان ھەیە. لەکاتی ھاتنەژوورەوەمان بۆ ھۆڵ، رادەکەین و تەمرینی جەستە ئەنجام دەدەین.

پاش سێ ھەفتە قۆناخی ئامادەسازی جەستەیی تەواو دەکەین و یەک ھەفتەش کێشەتەکنیکییەکان چارەسەر دەکەین. زۆرکات پڕۆسەی بەرھەم ھاتنی شانۆگەریەک (کە بریتی دەبێ لە گۆڕانکاری بەردەوام) ٤ ساڵ دەخایەنێ. بۆ شانۆگەریەکی "باب ویلسن"( باب: کورت کراوەی رۆبەرتە) ٥ ساڵی خایاند. زۆر شانۆگەری پاش ٣ ھەفتە ئامادە دەبێت چونکە پێویستی بە گۆڕانکارییەکی زۆر نییە. بەڵام ھەندێک شانۆگەری ھەن ناکرێ بەم جۆرە مامەڵەیان لەگەڵ بکەیت. چونکە ھەست بە نائومێدی دەکەین، داواکاری گۆڕانکارییەکی زۆر دەبیین. ھەتا کاتێک کە شانۆگەریەکە بۆ خەڵک نمایش دەکرێ ھەست دەکەی دەبێ بیگەڕێنییەوە بۆ ھۆڵی پڕۆڤە و دەستی پێدا بھێنییتەوە.

شانۆگەری "باب" بەم شێوەیە درووست کرا و شانازی پێوە دەکەم . کاتێک کە گەنج بووم زۆر لە ژێر کاریگەری "رۆبێرت ویلسن" دا بووم. بە ھۆی ئەمەوە کاتێک کە یەکێک لە ئەکتەرەکانم بڕیار بوو بچێ ھاوکاری "ویلسن" بکات، پێموت دەبێ رۆژانە لە رێگای "E-mail"ەوە لە پەیوەندیدابیت لەگەڵ مندا  و دۆخی ئیشکردنی ئەوم بۆ باس بکەی. ئەو ھەموو رۆژێک شتی سەیر و سرنجڕاکێشی دەربارەی "ویلسن" بۆ دەناردم. کاتێک کە شانۆگەری "مێدیۆم" (The Medium) مان لە شاری "دۆبلین" نمایش دەکرد، خەریک بووین کێشە تەکنیکییەکانمان چارەسەر دەکرد، منیش بەگاڵتە بەو ئەکتەرەم وت دەتوانی لاسایی باب(رۆبەرت ویلسن) بکەیتەوە؟
 
بە حاڵەتێکی  گاڵتەئامێزەوە چووە دەرەوە لە ھۆڵەکە و لە رۆڵی ویلسن دا ھاتە ژوورێ. حەڕەکاتی ئەو ئەوەندە پێکەنیناوی بوو کە نزیک بوو لە پێکەنیندا بگریم. لە ھەمان کاتدا بە گەمە وتم ئێمە دەبێ شانۆگەریەک دەربارەی "ویلسۆن" درووس بکەین. لەم دەمە دا "ژاکلین کلارک"(Jocelyn Clorke)  ھاوڕێی خۆشەویستم کە لە "دۆبلیین" نووسەر بوو وتی: 

" دەبێ ئەم کارە بکەین، ئەم شانۆگەریە دەبێ دروست بکرێ". 

چەند مانگ دواتر دایکم لە دۆخێکی زۆر دژوار دابوو و حەزیشی نەدەکرد من شایەتی مردنی بم. زۆر بێ تاقەت و نیگەران بووم ، نەمدەتوانی بخەوم. کەواتە تەلەفوونم کرد بۆ یەکێک لە ھاوکارەکانم لە "نییویۆڕک" و ووتم:
" ھەر شتێک کە دەربارەی ویلسۆن بڵاو بۆتەوە کۆیکەرەوە و بۆمی بنێرە". 

شەوگەلێکی زۆرم تەرخان کرد بۆ خوێندنەوەی ئەم نووسراوانە و ھەندێک لە قسەخۆشەکان و دێرە سەرنجڕاکێشەکانی "رۆبێرت ویلسن"م  ھەڵبژارد و ناردم بۆ " ژاکلین کلارک"، ئەوییش پاش ماوەیەک ئەم ھەڵبژاردانەی لە چوارچێوەی  شانۆنامەیەکی ٣٠ لاپەڕەیی بۆ ناردم. ھەر ئەمە خۆی زەمینە سازییەک بوو بۆ پێکھاتنی شانۆگەری "باب". 

من داھێنەر نیم. بەڵکو ھەموو شتێک ئەدزم. یەکێک لە تواناکانم ئەوەیە کە دەتوانم ھاوکات زانیارییەکی زۆر کۆ بکەمەوە. لە بیرۆکەی ئەوانی تر کەڵک وەردەگرم. سرووش و پەیامەکانی من لە پرسیارەکانمەوە دێت. رەنگە ئێوە لێم بپرسن ئاخۆ لە سەر شانی کێ وەستاوم؟

من لە قسەکەیی  "ئیسحاق نییۆتۆن" بۆ وڵامی ئەم پرسیارە کەڵک وەردەگرم کە دەڵێ:

"من بۆیە دەتوانم شوێنە دوورەکان ببینم، چونکە لە سەر شانی دێوەزمەیەک دانیشتووم."

زۆرشت بووەتە ھۆکاری لە بیرچوونەوەی ئەم دێوەزمانە لە وڵاتی مندا. وەک سەردەمی سیاسی سێناتۆر "مەک کارتی" یان ئەم بابەتانەی دژ بەو سیاسەتە وەک "سیاسەتی ستالیین". کەواتە ئامانجی من لە ژیانمدا "بیرھێنانەوەیە". ئەگەر بڕیار بێت پێناسەیەک بدەم بۆ  شانۆ وەک چەمکێک ، وشەی "بیرھێنانەوە" بە کار دەھێنم. چونکە دەبێت وەبیر خۆمان بھێنینەوە کە ئێمە مرۆڤین و دەبێ بپرسین "مانای مرۆڤایەتی" چییە؟


ڕیکلام