جارێکی تر بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دراوە بیانییەکان دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکی بۆ زیاتر لە ٢٥ هەزار تمەن بەرزبووەوە.
بەپێی میدیاکانی ناوخۆی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە ٨ی٩ی٢٠٢٠، هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە بازاڕی کڕین و فڕۆشتنی دراو لە تارانی پایتەختی ئێران، لە نێوان ٢٥ هەزار بۆ ٢٥ هەزار و ٤٠٠ تمەن مامەڵەی پێوەکراوە، واتە نرخی هەر ١٠٠ دۆلارییەک بۆ ٢ ملیۆن و ٥٤٠ هەزار تمەن بەرزبووەتەوە.
ئەم دابەزینەش ریکۆردێکی نوێ نییە بۆ بێبەهابوونی تمەن بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، چونکە پێشتر و سەرەتای مانگی تەمموزی رابردوو بەهای هەر دۆلارێکی ئەمریکی بۆ چەند کاتژمێرێک گەیشتە ٢٦ هەزار تمەن.
دواتر بانکی ناوەندی ئێران نزیکەی یەک ملیار دۆلاری خستە بازاڕەوە و بەوەش بەهای هەر دۆلارێک بۆ ٢١ هەزار تمەن دابەزی، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران وردە وردە بەرزبوونەوەی دووبارەی بەخۆیەوە بینی.
لە چەند رۆژی رابردوودا و دوای دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دراوە بیانییەکان، نرخی خۆراک و کاڵای بازارگانییەکان و بەتایبەتیش نرخی ئۆتۆمبێل بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و نرخی هەندێک لە بەرهەمە ناوخۆییەکانی ئێران ، تا نزیکەی ٢٥ ملیۆن تمەن بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.