خەیاڵی نووسین و نووسینی خەیاڵی

  2020-09-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەهای خەیاڵی نووسین بەتەنھا نەبەستراوەتەوە بەرابردووەوە، وەکو ئەفسانەناسی و کەلەپورناسی گرینگی پێدەدەن، بەڵکو گرێدراوە بەو ویست و شتانەی کە داھاتووی لەسەر بونیاد دەنرێت، ئەم تێزە داوای وێنەی زیندوومان لێدەکات لەو شتانەی کە ژیان گەرەکیەتی، بەتایبەتی وێنەی ئازادی و خۆشگوزەرانی کە واقیعی مێژوویی دەنووسێتەوە، نەک ئەو وێنەیەی کە لەترسی بیرکردنەوە ئینسانی تیا گەمارۆدراوە، وەزیفەی نووسین لێرەوە دەستپێدەکات.

خەیاڵ ئەو قەید و بەندانە ڕەتدەکاتەوە کە تارمایین بەسەر ئازادی بیرکردنەوە لەلایەک، ڕەتکردنەوەی وەزیفەی ڕەخنەیی بەگوناە و تاوان کە لەلایەن دەسەڵاتی چاودێری و کۆمەڵگەی ھەژموون کراو بە دەسەڵاتی سیاسیەوە لەلایەکی دیکە.

ئەمە ئەگەر خەیاڵ لەو خەونانەی دوورخستینەوە کە کۆمەڵگە بە مەحاڵی تێگەیشتووە و لەھەندێ حاڵەتدا تابۆ و قەدەغەی کردووە، ئارگومێنت بۆ بەئاسایی وەرگرتنی ئەم تێگەیشتنە، ھێنانەوەی نموونەی ئەفسانەی (پرۆمیسۆس)ە، چونکە پرۆمیسۆس تەنھا ئەو سیمبۆلە نییە کە بۆ سەلماندنی ئەفسانەی نووسراو لەپێناو سەلماندنی شارستانییەت بە نموونە بھێنرێتەوە، بۆیە (پرۆمیسۆس) وەکو نموونەی بەھێزی ئەفسانە وەردەگرین، چونکە ململانێکردن لەگەڵ خوداکانی دەسەڵات و ئەو کەرەستانەی کە دەسەڵات بەھەموو کایەکانی خۆیەوە ڕێگری بەردەم خەیاڵی نووسین و خەیاڵەکانی دیکەی زانستین، لەڕێگەی مەعریفەوە دەسەلمێنرێت و وێنەی جێکەوتە لەزەینی ئینسانی ئاسایی ڕەتدەکاتەوە کە لەبری بیرکردنەوە بۆ گۆڕینی ستایلی ژیان، وێنەیەکی ترسناکی لەلا جێکەوتە کردووە، نووسەر ئەمە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکەیەتی. 
  
بەشێکی گرینگ لەخەیاڵکردن لەنووسیندا، پەیوەندیی ناڕاستەوخۆی بە کایەی سایکۆلۆژییەوە ھەیە، فرۆید ژیانی کاریگەری نائاگاھی و ناھۆشیاری چالاککردووە و دەیکات بە یاسا و ڕێسایەک کە ھەژموونی بەسەر عەقڵدا ھەیە و ترساندوویەتی، ئەو ھەژموونەی کە ژیانی کۆنتڕۆڵکراوی کردووە بە واقیع، واقیعێک کە کاریگەری بەسەر ستایلی بیرکردنەوەی نووسەر و ڕەخنەی خەیاڵییەوە ھەیە، تاکو بەھای مەعریفە لەلای خوێنەر و بینەر نەبێ، ڕەخنەگرتن لە عەقلانییەت لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە خەیاڵ وەکو مەحاڵ تەماشا دەکات، یان بەپێوەری لۆژیکی کاری لەسەر ناکات، چونکە ئەو فەزایەی کە عەقلانییەتی جێکەوتە کە لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕەواجی وەرگرتووە، ھەموو بەربەستەکانی بۆ دژایەتیکردنی خەیاڵە بەتایبەتی لەلای نووسەر و ھونەرمەند.  

کێشەی نەمانی خەیاڵ لەئینسانەوە دەستپێدەکات کە ھیچ پێوەرێکی بەدەستەوە نەماوە کاری پێبکات، ئەمە بیرۆکەکەی فۆکۆمان بۆ زیندوو دەکاتەوە کە لەدوای مردنەکەی نیچەوە بۆ چەمکی خودا، باسی لە مردنی ئینسان کرد، کڕۆکی باسەکە ھەڵکۆڵین بوو لەبنچینەی نەمانی ئەو بەھایەی کە ئینسانی لەڕێگەی عەقلانیەتەوە والێکرد بەر لەخۆی خەیاڵی خۆی بکوژێت، ئێستا ئەم سۆبجێکتە لەئەدەبیاتیشدا ڕەنگیداتەوە بەتایبەتی کە لەشیعری ھاوچەرخدا ئەو چێژە نەماوە بۆ خوێنەر، ئەو پنتە نەماوە بۆ بیرکردنەوە کە دەقێک دەخوێنرێتەوە، کە ئەدیب ھەموو مەبەستەکەی خۆسەپاندنە لەبری ئەوەی بیەوێ بەھای ئینسانییەت بگەڕێنێتەوە، لەبری ئەوەی زمانێکی دەرەوەی لۆژیکی سیاسی بسەپێنێ، ئەم فەزایە خەیاڵی کۆمەڵگاشی کوشت، نەک تەنھا تاک، کەواتە بەراورد لەنێوان خەیاڵی نووسین و نووسینی خەیاڵی ھیچ مانایەکی نییە، ئەگەر خەیاڵەکە بۆ گۆڕینی بەھای ئەدەبی ئامانجێک دەبێ، سابا ئەو ئامانجە ئیستاتیکی بێت و ھیچیتر. 

سمکۆ محەمەد 


ڕیکلام