سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ: هەڕەشەی کوشتنم لێکراوە

  2020-09-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند لەلایەن دوو پەرلەمانتاری پارتی و پەرلەمانتارێکی یەکێتیەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە.

کازم فاروق لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا ڕایگەیاند ناوی ئەو پەرلەمانتارانەی هەڕەشیان لێکردوە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات.

وتیشی پیانوتووە" پێمان ناخۆشە منداڵەکانت بێ ناز دەبن".

قسەکانی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و هەرزوو ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی و لوقمان وەردی پەرلەمانتاری یەکێتی وتەکانیان رەتکردەوە.

لەسەر ئەو بابەتەش سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە حەوت ئەندامی پەرلەمان پێکهێنا بۆ ئەوەی لە ڕاستی و دروستی وتەکانی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بکۆڵنەوە و ڕاستیەکان بخەنە ڕوو.

دواتر بە دەنگی 79 پەرلەمانتار هەریەکە لە ئیسماعیل سگێری لە فراکسیۆنی یەکگرتوو بەسەرۆکی لیژنە و ڕوپاک ئەحمەد لە کۆمەڵی ئیسلامی و بژار موسا لە فراکسیۆنی پارتی و سەرۆکی لیژنەی یاسایی و لوقمان وەردی لە فراکسیۆنی یەکێتی وهیمداد مەجید لە بەرەی تورکمانی و رزگار محەمەد لە فراکسیۆنی گۆڕان و رۆمیۆ هەکاری لە پێکهاتەی مەسیحییەکان پێکهات.

دواتر رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان داوای لە کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ کرد وتەکانی خۆی و چۆنیەتی هەڕەشەلێکردن و ناوی ئەو کەسانەی هەڕەشەیان کردوە ئاراستەی لیژنەکە بکات.


ڕیکلام