کاک سەباح ئەو شیعرەی بۆ ناردم تا بیخوێنمەوە، لە سەردەمێک کە نائومێدی بۆتە بژێوی ڕۆژانەی ناوەرۆکەکان، هەر بۆیەش بە وردی بە وردی خوێندمەوە، خوێندنەوەی من بۆ شیعر هەمیشە لەناو جیدییەت مەلە دەکات.
کەڵکەڵەی مردن، یا بەجێهشتنی کاتشوێنەکان، بە تەواوی سیمای شیعرەکانی ئەم قەسیدەیەی ڕەنگڕێژ کردووە، مەرگ لەمێژە پرسیارە قووڵەکانی خۆی لەناو زەینی شاعیران ڕەگاژۆ کردووە، هەر ئەمەشە وای کردووە کە شیعری باش بێتە ئاراوە، بەو پێیەی نائومێدی گەورە مەرجەعی شیعرە، ناونیشانی شیعرەکە هەموو شتێکمان پێ دەڵێت، کە ئێمە: لە ئاهەنگی یادەوەریماندا دەرکراوین، کاتیکیش مرۆڤ لە یادەوەرییەکان ڕووت دەبێتەوە، ئیدی جیاوازییەک لە میانی مەرگ و ژین نامینێ، ئەمەیان سەرەتای ئەم کەڵکەڵەیە، چونکە - ناگەین بە دوورییەکان و ئومێدێکمان نەماوە.
هەلبەت پەیوەستە بە ئەقڵی ئەفسانەیی گەلگامێش و گەڕان بە دووی ژیانی جاویدانی، کە بەرامبەر گەڕانە بە دوای مردن، شاعیر هەر زوو ئاڵای سپی خۆی هەڵدەکات و رایدەگەیەنێ کەوا: گەیشتوومەتە لاپەڕە بێکۆتاییەکان، ئەلێرەوە بێهوودەیی جینگڵ دەدات، چونکە کار لە کار ترازاوە: لەسەر ناوچەوانی گۆزە مێژوو شکاوە و هەرگیز پارچەکانی یەکتر نا گرنەوە، هەر بۆیەش شاعیر هاواردەکات: ژیان تۆ نزیکی بۆ لای من بگەڕێوە، ئەمە هاواری شاعیرانە بە درێژایی پەیدابوونی وشە، چونکە – مەرگ بوونێکی بێ پەروایەوە نە کەسی هەیە و نە کەسی کەسە، جا کە شاعیر: کات بە ئەندیشە بپێوێ، کەواتە درەوشانەوەی شیعر بەردەوامە بەڵام -زرینگانەوەی زمان- لەناو ئاڵۆزییەکان ژیان و ژاوەژاو هاوڕێیەتی درەوشانەوەی پێ ناکرێ و لە پەلوپۆ کەوتووە، هەر بۆیەش پرسیاری شاعیر بەرز دەبێتەوە بەرەو ئەو ئاگرەی کە قووڕی خەڵق شاعیری کردۆتە پەیکەر، کەواتە بۆ دواجار دەڕۆین بەرەو سەفەریکی نادیار، ئەمەیان کلیلی دەرگای هەموو پرسیارەکانه. قەسیدەکە تەژی پرسیار‌و ڕامانە، شوناسی تایبەتی خۆی هەیە. دەستخۆشی لە شاعیر دەکەم.
12/9/2020 هه‌ولێر
تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین
سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
ڕوخسار و شوێن
هه‌تاوی نیوه ئاوابووم دەڕژێنمە ناو هەواڵێک
دیکتاتۆر بەسەر خوانماندا پژمی
هیچ نیشانەیەکی خواردن نەما
گەڕاینەوە بەر سێبەری درەختی گۆڕستانی قوربانییه‌کان
تەم هات و هەنگاو گران بوو
لە ئاهه‌نگی یادەوەرییمان ده‌رکراین
لە شوێنی جیا جیا زەوی دەستی لە ڕێبوار بەرز کردووەتەوە
مرۆڤ یەکەم جار پەنجەی بە پێڵووی خۆیدا هێنا
نەرمی کرد بۆ بینین و جیاکردنەوە
نەرمایی پەنجەی دڕ بوو
نەیتوانی خەڵکی تر بکاتە تاسە و سیمای بڕسکێ
دەنگە دوورەکان بناسێتەوە
مرۆڤ شاراوە و نهێنی درۆی ژیرە
نانی کردە تاشەبەرد
گۆڕیان به‌تاڵ کردین و ئێسکیان کردینه قۆپچه‌ی جلوبه‌رگی سه‌ربازی
هه‌تا بڵێی بەهەشت چاوی کراوه‌یه و نەخرۆشا
کەڵەبابی شەڕ هاتە سەر زەنگی دەرگا
وزە ئەفسانەییەکە مەشقی بە تفه‌نگ و ئەسپەکەی کرد
نەچووە ڕاو
نەچووە جەنگ
ڕەگی مەچەکی خۆشی نەبڕی
لە تەنیایی نەترسا و نه‌چووه ناو ڕووناکییه‌کی نائاشنا
بە ناوچەوانی پاک و بێگەردی چیا و چۆمێکی
ئەوبەر و ئەمبەری بە درەختی بەبەر پڕ
به‌ده‌م هه‌وای خۆشه‌وه سه‌ر که‌وت
توانی گوێ لە خۆی بگرێ و دەنگە دوورەکانی ناسییەوە
خۆر لەسەری بەرز بووەوە و گومبه‌ت ده‌رکه‌وت
قۆزاخە خەمڵی و باڵی تێدا نواند
تێکەڵ بە تەم نابێ و ئارەزووی بەدی دێنێ
باڵندەیەک بۆ ئەم شارە به ئاسمانەوەیە
هەرئەمڕۆ دەگا و سەیری دواچڵ دەکات
ئێستا بیر لە باڵندەیەک دەکەمەوە
لە خوێن و گۆشتی پیاوێکی هەتاو نیوە ئاوابوو
ئاداری 2020 هه‌ولێر
جێناوەکان
زەوی منەی خودی دەکا و خۆی بە به‌رزبوونه‌وه‌ی باڵی باڵنده شووشت
چاویشی کورتبین نییە
ئا بەم شێوەیە من شتەکان ڕوون دەکاتەوە
خۆمم بۆ تۆ گوتەوە
با بگەڕێینەوە دواوە تیر وژەی دێ
خۆمم بۆ ئەو گوتەوە
با بگەڕێینەوە دواوە هێز تووڕەیە لە سێوی که‌وتوو
خۆمم بۆ ئەوان گێڕایەوە
با بگەڕێینەوە دواوە ڕێگای بەپەلەبەردڕێژکراو ئەسپ پشووسوار دەکات
خۆمم بۆ ئێمە گوتەوە
با بگەڕێینەوە دواوە باران خوێواوی لێ دەچۆڕێ و ده‌یکاته هه‌ڵم و ده‌بێته تانه‌ی چاو
خۆمم بۆ ئێوە گوتەوە
با بگەڕێینەوە دواوە دەمامک بە دەورمان دەخولێتەوە
سەیری خاڵی پێوه‌ری ناوچەوانی مێژوو بکەن
چەند سادە پرسیارمان لێ دەکات
ڕەشیش لێمان دەڕوانێ و ناگەین بە دووریی و ئومێدێکی بێ ڕێگاین
هەتاوی کەمقسەکەر بە ترسەوە نەنووست
چاوەڕوانی وەڵامی نەکرد و بە هێزێکی زۆرەوە خۆی سڕییەوە
تۆوی ئەستێرەی لە کێڵگەی جێناوەکان وەشاند
جۆگە بە نەرمایی زەوی پیاسە دەکات
پێغه‌مبه‌رانی چاوه‌ڕوانی ڕازی ڕووناک دێنه سه‌ری و ده‌یخۆنه‌وه
پاشان زمانیان ده‌بێته فانۆس
ده‌نگخۆشی له ڕوخساریان بووه‌ته چه‌ندین ڕه‌نگ
له‌بۆنه خۆشه‌کان ده‌یانبینین
ئاداری 2020 هه‌ولێر
ڕێگاکانی دەوروبەر
مردن لەبەر چاکەکەت ڕێزت لێ دەگرم
دارەبازەیەک لەسەر پشتی ئەسپێک ببەستن
ڕابەری نەمران لەژێر تەمومژێکی قاوەییدا کۆچ دەکات
ئەڵماس دەمامک نادا
لەناو ڕۆشنایی و پێشبینی و بێدەنگیدا
دەستم لە ملی سێبەری خۆم کرد
بە ڕێگاکانی دەوروبەرم ڕۆیشتم و لەرز بەریدام
گوارەم لە گوێی درەختی درەوشاوە کرد
گەیشتم بە لاپەڕە بێکۆتایییەکان
لاپەڕەکان شاعیرە بێ هەوێنەکانیان تێدا نییە
پەپوولە ڕازی پاراوە و لە مۆم لادەدا
بەرەو مرۆڤی ناو لاپەڕەکان دەچێ
هیوای زیاد دەبێ
ئۆخەی هەموو شتەکان نزیکن
ئەسپ سەیری زەنگوڵە و گوڵینگی ناکات
لە شەقام دەپەڕێتەوە و سێبەری سواران وه‌ک دره‌ختی نزیک پێشوازی لێ ده‌که‌ن
دەستی دەشوا و ئاوێنەی هۆڵی وانەوتنەوەی جه‌نگی به‌خته‌وه‌ریی دەسڕێتەوە
نیسانی 2020 هه‌ولێر
گەشەی ڕەنگ
ڕەنگ لە دابڕاوی نادیار لەدایک دەبێت
گۆزەی پڕ ئاوی لەسەر پلیکانەی ڕاڕەو دانا
شەویی بوو
پەپوولە شیلەی مژی و بە هێڵی خێرا بردییە کێڵگە
دەستی لەسەر شانی ڕەگ دانا و پەیمانی بەست
لە گەشەت ورد دەبمەوە و لەناوی جێ دەمێنم
سەیرکەن تەواو سەیرکەن سه‌یرکردن چاو نامۆ ده‌کا
لەسەر ناوچەوانی کێڵگە
بەروبووم دەمێنێتەوە و جیهان دەگۆڕێ
لەسەر ناوچەوانی گۆزە
مێژوو دەشکێ و پارچەکانی یەک ناگرنەوە
چاوی مێژوو ژن ناترووسکێنێتەوە
جەستەی ڕووباری هاندان لە خۆی ڕەت ناکات
بە دەوری خۆی دەیسووڕێنێتەوە
شۆڕش شەپرە لێی داوە
ناتوانێ مەلە بکات
دیکتاتۆر ڕۆنی لەبن پێی شۆڕشگێڕ دا
هەڵیخلیسکاند بەرەو ڕووناکییەکی چرووک
بەڕێوەم بەرەو تابلۆی هەمیشە شتێک لە حاڵەتی ڕوودان هەیە
مۆسیقایە هاوڕێم
بە نهێنی گەشەی ڕووەک تابلۆ دروست بوو
تینێکین لە هەنگاوی ڕەنگ
ناوی ئێمە لە دەم و لێوی ڕەنگ گەورە و پاراو دەبێ
شێوەکارانیش لەناو هێڵەکانی خۆیاندا جێ دەهێڵێ
مایسی 2020 هه‌ولێر
ئاوازی چاوپێکەوتن
بای ساردی ساڵەکان له نیوەشەوێک نیگای ترووکاندم
لە ماڵی خۆم لەسەر دۆشەکێکی لە پەڕی پەلەوەر دانیشتووم
پەنجەرە شکاوەکانم بە گۆرانی ده‌ڵێم
گۆرانییەکانم پرسیارتان لێ دەکه‌ن
گوێیەکانتان پڕ ئاوازن
دەسرازەی پساوی منداڵێک کەوتە سەر دەموچاوم
بۆئەوەی ماسیگرە تار نەبن و دەریا بناسم
لای دەدەم
لانکێکم لە کەناری ئاوێکی سروشت هێمن دانا
ماسیگرە هێلکەی خۆی لەناو پاراست
ڕاوچییەکی تۆڕ دڕا‌و هێلکەکانی لەبن کڵاوی نا
بردییە بازاڕی چەنەبازان
لەپێناوی سڵاوی ماسیگرەیەک
ستایشی ژیان دەکەم
ژیان نزیکی بۆ لای من بگەڕێرەوە
کازیوان بە ئاگری باڵی ماسیگرە چاوانم کەوی دەکەم
سەرزەمین تەواو ماندووە
پێویستی بە ئاوازی چاوپێکەوتنی دەنووک و باڵە
دەنووک و باڵ لە جوانی بەدی هاتوون
بە ڕێز و شکۆوە دەدوێن
چیم بوێ بێ داوا پێم دەبەخشن
هەقیقەت ڕووی بازنەییە
قه‌ل زماندرێژی کرد
خۆر به پڕی سه‌رنجی دا و ده‌نووکی خسته ناو جه‌نگه‌کانه‌وه
مایسی 2020 هه‌ولێر
بلیتی ژمارە بیست و هەشت
بلیتی ژمارە بیست و هەشتی دکتۆرم وەرگرت
دوای پشکنین و کۆمەڵێک خۆشدوویی بۆ گەرمکردنەوەی دەمارە ساردەکانم
دەمی بەتاڵ بوو
له‌گه‌ڵ مه‌رگ قسه‌ی کرد و فەرمووی
شەکرەت بەرزە
پەستانی خوێنت زۆرە
هەناسەسوارییت باڵنده‌یه‌کی هێلکهشکاوی هه‌ڵکوڕماوه
لەرزەی دڵت چوار ناڵەیەتی
بادارییت به ئازای گیانت سهرهوژووریهتی و گه‌مارۆی داوی
مه‌رگ ئه‌وه‌ی که‌سوکاره نییه‌تی
بۆ مەتەڵێک پرسی چەند زمان ئازار و سه‌روا و کێشت سه‌نگ ده‌کات
گوتم زمانی ڕووتم کوردییە و لەو زمانە ڕووته‌ش زیاتر بێژینگم ناسووڕێنێت
بە ئینگلیزییەکی خاو
لەژێر لێوەوە کوڕەکەمی فریو دا و گوت
هەوڵدە باوکت لە شارێکی تردا دڵنیا بهه‌ژێ و پێڵاوی له‌ناو چیمه‌ن بن
چاوی زیندووی ئه‌ستێره‌یه‌کی قاوه‌یی مارۆی شکاند
بە دەموچاوی پڕ ئومێدەوە چوومە بەر پەنجەرە و چاوم هەڵدایە هەر حەوت ئاسمان
گوتم لە شاری ئه‌ستێران دەژیم و هه‌ناسه‌م نه‌رم و خۆشه
ئەها شیعر ناز دەکا وەک کاتژمێری چوونە ژوان ڕێکی خستووم
شەکرە
پەستان
هەناسەسواریی
لەرزەی دڵ
باداری
بە ئارەزووی خۆم لە شاری هاوار له ئاوێنه نوستوو ناچمە دەرەوە
هاودهمتم سڵاوم لێ بکە ده‌ی سڵاوم لێ بکه بۆ هه‌مووان گریاوی
لە سێبەری دەستت دادەنیشم
لە نزیکەوە گەرماییت فریام کەوت و ئاگری ناو فانۆس دۆزیمییەوە
لەنێوان لوولەی سووربووەوه‌ی تفەنگ و نیشانەدا
کەروێشک لەسەر پاشووی بێدەنگ و مات وه‌ستاوه
گۆرانی منی بەبیر هاتووەتەوە کە بۆم وتبوو
ڕێبواری ماندوو خۆبینیو و میهرەبانانە کاری خۆی دەکا
پێشیوایه پهڕاگهندهکراو به ده‌ست بانگمان ده‌کا و ناوی خۆی ده‌ڵێ
دابهزیومهته قووڵایی به‌شه‌کان و هیچ شتێکم لێ ون نابێت
حوزه‌یرانی 2020 هه‌ولێر
ئه‌مڕۆ گۆرانییه‌ک ده‌گوترێت
شتێک نه‌ماوه بیه‌وێ بگری
لە ئاسمانیش زەوی ڕوون دیار نییە
گغەگغ و
گڕوگاڵ و
قولاب هه‌ڵدان بۆ مانگ و
هێنانی بۆ ناو ته‌شتی پارێزراو
لەسەر سندانیان دانام
کردمیانە پڵینگی فریا و چنگ بهرزکردوو
مارم له گه‌رده‌نی باڵنده‌ی سه‌ر هێلکه کرده‌وه
ئه‌و شاعیره‌ی ئه‌فسانه‌ی له‌باره ده‌گێڕنه‌وه
ئه‌میش کات به جریوه و جووکه و ئه‌ندێشه ده‌پێوێ
به‌ناو کڵپه‌ی ناکاو ده‌خولێته‌وه
لە وه‌نه‌وز و ته‌ونی جاڵجاڵۆکه و مێشی سه‌ر لووتی ئه‌سپ تێدەپەڕێ
جیهان له‌ژێر پێیدا نه‌رمونیان و گه‌وره ده‌بێ
زەوی دەڵێت تەنیا سەیرکەری مانگ با بفەرمووێ
ڕوخسارم ماچ بکات و دنیا له کڵپه‌ی ناکاودا به‌دی بکا
له بهدیکردندا جه‌نگاوه‌رێکی دێرین
گۆرانی کرانه‌وه‌ی قۆزاخه‌ی په‌مۆی گوت و پرچی خاوبووه‌وه
حوزه‌یرانی 2020 هه‌ولێر
بێڕەنگ
پەنجەرە چاوی ترووکا
بێڕەنگ ڕوومەتی خۆی بە پڕی پیشان دام
پەنجەرە خانەی جەستەی خۆری گه‌یشتووی چیاکانه
بە ئارامییەکی زۆرەوە بێڕەنگ چنی
ئەو ڕۆژەی مرۆڤ دروست بوو
بێڕەنگ هەموو ڕەنگەکانی دابووە دنیا
هێواش بە ڕێگاکان دەڕۆم و فووێک له ئاگری ڕاوچییان ده‌که‌م
سوپاس بۆ بەختی باشم
بێڕەنگم لە پێوانی قووڵاییەک ناسی
دیارییەکی کۆن بوو بۆم گەڕایەوە و نازی ڕادەگرم
ڕەنگەکانی ڕژاندمە ناولەپ و چۆلەکەیەک بژاری کرد
ئاوا
بەڵێ ئاوا
نهێنییەکانی بژار کرد
هەر گیانلەبەرێک نهێنی بناسێت
ناوچەوانی لەسەر عەرد دادەنێ و نوێژی بۆ دەکات
ناسین هێزە سەر بۆ هیچ نانەوێنێ
لاولاوی بە دیوار هەڵگەڕاو لادەدا
برینی دیوار دەسڕێتەوە و خۆشحاڵ دادەنیشێ
کووپەی دەمودووی پێغەمبەرانی تێدایە
ناو و وێنەی ڕایەڵە و زایەڵەی بەرەبەیانی لاوین
ته‌ممووزی 2020 هه‌ولێر
کاتی تایبەتی ڕووبار
ڕووبار نەخشەی شەڕەپشیلە نییە
هێڵێکی خرۆشاوی درێژە لە پەرۆشی زەوی
ڕووگەنما کانەگەنجینەی لەسەر لێو دەڕوێ
زمان دەیزرینگێنێتەوە
لەنێوان چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێدا هه‌نگاوی ناوه‌ند دەهێڵێتەوە
ئایندە بانگمان بکە
کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنین
بیخەینە گەنجینەی منداڵێک
پدووی گەرمە بە هاتنی ددانی شیری
هەم وەک مەشقی کردنەوەی دەرگا
هەمیش وەک حیکمەتی شەقشەقە پەرە دەستێنێ
هاوڕێ گیانییەکانی دەبینێ و پشوو دەدا
نهێنییەکی زۆر لە ڕووگەنما جێ دەهێڵێ
لە مەودایەک زمان بیزرینگێنێتەوە
ڕووبار کاتی تایبەتی هەیە بۆ خەوتن و خه‌ڵک بانگکردن له که‌ناری دانیشن
بۆنی زیندەوەرەکانی ناوی دەکات
لێشیان دەپرسێ
هیچ بێزارییەکتان لە پەروەردەکارییم هەیە
زرینگانەوەی زمان
چلباز له کونی ورد داده‌به‌زێنێ و ده‌یکاته که‌تانی شۆردراو
ته‌ممووزی 2020 هه‌ولێر
ستایشێک بۆ جوودی
لە سۆراخی بەردی گرانبەها
ڕێگا چوونەوە ناویەک
بێ هیچ سه‌رسامییه‌ک بەناو خۆمدا سووڕاندمیانەوە
ئه‌سپی سم کولم له‌گه‌ڵدا نه‌بوو
گەیشتم بە شاری بێ ناونیشان
گوند ناترسێت له بوون به شار
سیمرخ باڵی بچووک بوو
لەسەری جێم نەبووەوە
لە تەنیشت تەندوورێک داینام
کوا ئەو ئاگرەی قوڕی دروستبوونمی کردە پەیکەر
گورگ کەڵبەی کلۆر نییە
له له‌نگه‌ری که‌شتی هات و نههاتدا شایەدی دەدەم
دوای نیشتنەوەی هەڕەشەی ئاو
چیای جوودی خۆی پیشان دا
لەناو دەستی به ڕه‌نگ و بۆنی پیرێک پشووی دەدا و ده‌یناسینه‌وه
تای به‌هاری لێ بوو
پێی گوتم به ئاوازی چ کۆڕاڵێک و چۆن پرسیاری لێ بکه‌م
شوێنی له‌دایکبوون بۆنی چی ده‌دا
گوند بۆ ناترسێت له بوون به شار
ئه‌وه‌ی له ناوچه‌وان نووسرابێت چاو ده‌یبینێت
گه‌ر ڕوخساری ئه‌وانه ببینم که ده‌منێژن
ڕووناکییان لێ کۆبووه‌ته‌وه و ده‌چنه یاری بلیارد
له‌خۆمدا جێم ده‌بێته‌وه
باڵنده‌ی باڵ له باران خوساو
دێته ژێر که‌پری ده‌ستی خاڵی له گومانم
ئابی 2020 هه‌ولێر