نزیکەی ٦٠ پەنابەری عێراقی لە تورکیا دەستبەسەرکراون کە زۆربەیان کوردن

  2020-09-14  | 
ئەستەنبوڵ
لەم مانگەدا نزیکەی ٦٠ پەنابەری عێراقی لە تورکیا دەستبەسەرکراون کە زۆربەیان کوردن
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاند، لەم مانگەدا نزیکەی ٦٠ پەنابەری عێراقی لە تورکیا دەستبەسەرکراون کە زۆربەیان کوردن، بەڵام لە ئێستادا بەشێکیان ئازادکراون.

ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، کوردە یەشار نوێنەری دەزگاکەیان لە تورکیا ڕایگەیاندووە، کە لەم مانگەدا نزیکەی ٥٠ بۆ٦٠ کەس لە کەمپەکانی ئەستەنبوڵ دەستبەسەرکرابوون بەهۆی نەبوونی پاسپۆرت و بەڵگەنامە یاساییەکانیان، بەڵام دواتر بەهەوڵی نوێنەرەکەیان بەشێکیان ئازادکراون کە زۆرینەیان خەڵکی دهۆک و زاخۆن و کەمینەیەکیان خەڵکی هەولێر و سلێمانی و شارەکانی دیکەی عێراقن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەسانەی دەستبەسەر دەکرێن، بەزۆری ئەوانەن کە بەڵگەنامە یاساییەکانیان پێ نیە و جگە لەوەش چەند هۆکارێکی تر هەن، لەوانەش بەبۆنەی نەبوونی ڕێگا و پاس و هێڵی ئاسمانی بۆ گەڕانەوەیان .

کوردە یەشار ڕاشیگەیاندووە، "لە ئێستادا گرتووخانەکان بەتاڵن و کەس زیندانی ناکرێت لە ناوچەی ئەدرنە، بەڵام لە ئەستەنبوڵ ئەو کەسانەی پاسپۆرتیان پێ نییە و بە پاسەکان بەرەو سنورەکان دەڕۆن ڕاستەوخۆ لە ڕێگادا دەستبەسەریان دەکەن، لەبەر ئەوەی وا دەزانن بە قاچاخ چوونەتە نێو ئەستەنبوڵ بۆیە دەیاننێرنەوە بۆ کەمپەکان، بەڵام لەوێ تەنها لە کەمپدا دادەنرێن و ناهێڵن هاتووچۆ بکەن نەوەک سجن بکرێن. پاش ئەوەی پەیوەندی بە نوێنەری دەزگای لوتکەوە دەکەن، نوێنەرمان پاسپۆرتەکانیان دەداتە لایەنی پەیوەندیدار و سەرئەنجام ئازاد دەکرێن و بەم شێوەیە زیاتر لە ٥٠ کەس ئازاد کراون" .

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەئێستادا ١٠ بۆ ١٢ خێزان و ١٠ کەسی دیکە کە سەرجەمیان ٤٣ کەسن، هێشتا دەستبەسەرن بەهۆی بەدەستنەگەیشتنی پاسپۆرتەکانیانەوە و هێشتا لە چاوەڕوانیدان .

نوێنەری دەزگای لوتکە لە تورکیا ڕاشیگەیاندووە، تەنها یەک پیاوی عەرەب گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا، و هەموو ئەو کۆچبەرانەی ڕزگارکراون نایانەوێت بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان بەڵکو دەیانەوێت بە هەر ڕێگایەک بێت بگەنە ئەوروپا.



ڕیکلام