جەماوەریبوونەوەی نووسەر

  2020-09-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حسەین لەتیف

هەموو دەقنووسەكانی دونیا بۆ خوێنەر دەنووسن،ئەگینا بیریان لە بڵاو كردنەوە نەدەكردەوە. لەگەڵ ئەوەش بۆ خوێنەر دەنووسن هەندێكیان جەماوەری دەبنەوە و هەندێكیشیان هەرگیز جەماوەری نابنەوە. جەماوەری بوونەوەی دەقنووس زیاتر لەهۆكارێكی هەیە:

یەكەم: بوونی خانەی بەهێزی چاپ و بڵاوكردنەوە.

دووەم: گرنگیدانی  میدیاكان  بە بەرهەمەكە بەهەموو جۆرەكانیەوە.

سێهەم: زمان كەدەقەكەی پێ نووسراوە.

چوارەم: بابەتی دەقەكە.
بوونی  هەریەك لەو خاڵانە گرنگی تایبەتی خۆیان هەیە،خاڵی یەكەم و دووەم لەدوای سێهەم و چوارەمەوە دێن.خاڵی یەكەم و دووەم بەجۆرێك لە جۆرەكان دەچنەوە ناو كۆمەڵناسی ئەدەبەوە،ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە كە كاری ئەدەبی  بەتەنها گرێدراوی دەقنووس  نییە،بەڵكو ئەوە میدیا و خاەكانی بڵاوكردنەوەن دەتوانن كار لەسەر جەماوەریكردنەوەی دەقەكان بكەن. میدیاكان بەشێوەیەكی خێرا،بەرلەوەی كتێبەكان بگەنە شارەكان ئەوان لە ڕێگای بڵاوكردنەوەی ڕانان و كۆمێنتی كۆمێنتارانەوە گۆشەیەكی كتێبەكە، ژیانی دەقنووس،ببەنە ناو ماڵەكانەوە.

خاەكانی چاپ و بڵاو كردنەوە،بەگوێرەی  ئەو ڕۆڵەی لە بازاڕكردن دا هەیانە دەتوانن خوێنەر لەدەوری كتێبەكان كۆبكەنەوە.

فەراهەم نەبوونی میدیا  و نەبوونی خانەی باشی بڵاوكردنەوە بۆ هەرنووسەرێك گرفتێكی گەورەیە.

زمان ئامرازی پەیوەندی نییە بۆ  نووسەر،بەڵكو زمان خۆی  پەیوەندییە،نووسەرانی تەواوی كورد بەكوردی دەنووسن،بەڵام هەموویان جەماوەری نەبوونەتەوە،چونكە زمانیان وەك ئامرازی پەیوەندی بینیووەتەوە نەك خودی  پەیوەندی. نووسەری  داهێنەر و بەسەلیقە، لەناو ئەو زمانەدا كەپێی دەنووسێت زمانی تایبەت بە خۆی دادەهێنێت. ئەوەیەكێك لەو تایبەتمەندییە هەرە گرنگانەیە كە ئێمە لەدەوری دەقێك كۆ دەكاتەوە،نەبوونیشی وامان لێدەكات بەلێشاو دەق  فەرامۆش  بكەین.نووسین بە زمانی هاوبەشی نەتەوە گرنگە، بەڵام لەو گرنگتر زمانی تایبەتی نووسەرەكەیە.

ئەو نووسەرانەی دونیا لەبەر ئەوە خوێنەر لەدەوری دەقەكانیان كۆنەبووەتەوە كە بە زمانی  ئەڵمانی و ئینگلیز و عەرەبی دەنووسن بەڵكو لەبەر  ئەوئەو داهێنانایە لەدەقەكانیاندایە.

ساموئێل بكێت،جگە لە ئینگلیزی كە زمانی خۆیەتی بەفەرەنسیش نووسیووەیەتی،بەڵام ئەوە چ ئەفسونێكە ئێمە هەمیشە دەگەڕێینەوە سەر دەقی "لە چاوەڕوانی گۆدۆ دا"؟

سەلیم بەرەكات  بەعەرەبی دەنووسێت ئەی بۆ ئێمە و عەرەبیش دەگەڕێینەوە بۆ خوێندنەوەی دەقەكانی؟ یەشار كەمال بە توركی دەینووسی،بەڵام هەموومان پەرۆشی خوێندنەوەی بووین! ئەگەر تایبەتمەندی نووسەر لەزماندا نەبووایە ،ئەوا نەدەبوو ئێمە بگەڕێینەوە بۆ خوێندنەوەی  دەقی ئەو نووسەرانە.

بابەتی كار لەسەركراو لەدەق دا گرنگی خۆی هەیە،چۆن دەتوانیت بابەتێكی گرنگ هەڵبژێریت بۆ دەقەكەت.مێژووی شیعر و چیرۆك و ڕۆمان،مێژووی گێڕانەوەی ململانێ نێوان خوداكان و پادشاكان و شكستی عەشق بووە.لەسەردەمی تەكنولوجیادا  ئەو تێمایانە تاڕادەیەكی زۆر دەگۆڕێن و لەبریتیاندا تێماكانی نامۆبوون و جەنگ و برسێتی و بێكاری و چەوساندنەوەی چینایەتی و ڕەگەزی دەبنە تەوەری دەقەكان.لەگەڵ ئەوەشدا زۆر دەگمەنن ئەو نووسەرانەی دونیا،كە ئەوتێمایانەیان بۆ گرنگبووە خوێنەر لەدەوری دەقەكانیان كۆبووبێتەوە،ئەوەش لەبەر نەبوونی  ئەو چوار خاڵەی لەسەرەتاوە باسمان كرد.

نووسەرانێك هەن میدیا  و خانەی بڵاوكردنەوە ناوبانگ بۆ دەقەكانیان پەیدا دەكەن،بەڵام ئەو ناوبانگە كاتییە و زوو كۆتایی پێ دێت.چونكە نەتوانیویانە زمانی تایبەت بەخۆیان دابهێنن و نەتێمایەكی گرنگیش بۆ كارلەسەركردن هەڵبژێرن،بەڵكو دەسەڵاتێكیان لەناو میدیادا هەیەو هیچی تر.

ئارسەر ڕامبۆ،كۆمەڵەشیعرێك چاپ بكات،دایكی بەڵێنی دایە تێچووەكەی بۆ دابین بكات،كاتێك كۆمەڵەشیعرەكەچاپكرا،دایكی پەشیمان بوویەوە و پارەكەی نەدا،خاوەنی چاپخانەكەش دەستی  بەسەر كتێبەكاندا گرت و نەیهێشت بڵاوبكرێنەوە. حەفتاوپێنج ساڵ دواتر لەكاتی نۆژەن كردنەوەی چاپخانەكەدا،بەڕێكەوت لە گەنجینەیەكدا دۆزرانەوە!

دەشێت چەند كۆمەڵە شیعر و ڕۆمان هەبن میدیا و خانەی بڵاوكردنەوە زیاد لە پێویست گەورەیان كرد بن؟ئەی دەشێت چەند كۆمەڵە شیعر و چیرۆك و ڕۆمان  هەبن  چاوەڕوانی ڕێكەوتێكی وەك بەرهەمەكەی ڕامبۆ بن؟یان خاوەنەكانیان وەك دەستۆفیسكی،ڕەخنەگرێكی وەك بلینیسكی بەرهەمەكانیانی نەخوێندووەتەوە؟ با چاوەڕوان بین.


ڕیکلام