پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە و كوردیش بڕیاری هاوبەشی نیە

  2020-09-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ یاسای هەڵبژاردنەكان كۆدەبێتەوە هەرچەندە فراكسیۆنە كوردیەكان هیچ كۆبوونەوەیەكیان بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام نەداوە بەڵام یەك دەنگیەك لە نێوانیاندا هەیە بۆ ئەوەی دژی بەشێك لە یاساكە بووەستنەوە.


رێزان شێخ دلێر، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، بە  (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: ئەمڕۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بازنەكانی هەڵبژاردن كۆدەبێتەوە، بەڵام لایەنە سیاسیە كوردیەكان تا ئێستا هیچ كۆبونەوەیەكیان ئەنجام نەداوە بۆ ئەوەی رایەكی هاوبەشیان هەبێت. 

ئەو باسی لە مەترسیەكانی ئەو یاسایە كرد  بۆ ناوچە دابڕێندراوەكان و دەڵێت ئێمە لە رابردوودا هەشت كورسیمان لە كەركوك بەدەست هێناوە بەهۆی سیاسەتی هەلچەمان لە دواین هەڵبژاردندا بووە شەش كورسی، ئەگەر هەیە بەم یاسایە دەنگەكانی كورد بە گشتی لەوەش كەمتر بكاتەوە. 

ئەو پەرلەمانتارە روونیشی كردەوە یاساكە لە ئێستادا لەلایەن سائیرونەوە كە گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانە پشتیوانی دەكرێت، بەڵام بە خۆشحاڵیەوە هاوپەیمانی فەتح كە دووەم فراكسیۆنە لەگەڵ جێبەجێكردنی یاساكەدا نیە بەو شێوەیە. 

رێزان شێخ دلێر، ئەوەشی روونكردەوە سەركردایەتی سیاسی كورد لەم بابەتەدا كەموكورتی هەیە و خەمی لێنەخواردووە بۆ ئەوەی هاودەنگیەك لە نێوان فراكسیۆنەكان دروست بكات تەنانەت كۆبوونەوە لە نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕانیش نەكراوە، هەرچەندە دەبوو كۆبوونەوە لە نێوان سەرجەم فراكسیۆنەكان بكرایە. 

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد كە كێشەیەكی زۆر لە یاساكەدا هەیە كە نمونەی بە كۆتای ژنان هێنایەوە كە لە بوونی فرەبازنەیدا شێوازی دیاری كردنی كۆتای ژنان كێشەی بۆدروست دەبێت، هەر بەو هۆیەشەوە بە زەحمەتی دەزانێت لەمڕۆدا یاساكە پەسەند بكرێت. 

تا ئێستا فراكسیۆنە كوردیەكان هەریەكە بۆخۆی بەشێوەی جیاواز دژ بوونیان لەگەڵ فرە بازنەیی هەڵبژاردنەكان راگەیاندووە، بەڵام یەك دەنگی لە نێوانیاندا رانەگەیەندراوە. 


ڕیکلام