تارا جاف; مەستیی پەنجە سپییەكانی و چەنگە مێینەكەی

  2020-09-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئالان پەری


كەمن بۆ یەكەم جار چوومە كۆنسێرتەكەی كە (سەنتەری كلتوری جیهان) لە وڵاتی دانیمارك بۆی سازكردبوو لە ساڵی ٢٠٠٨، هەر لەیەكەم ساتەوە هەستم بەو جۆشە كرد كە لە ئاسمانی مۆزیكی ئەوەوە‌ دەهاتە بیستن و بینین و بەر كەوتن ،كۆنسێرتەكە كەمێك جیاواز و كەمێكیش تایبەت بوو ،جیاواز بوو چونكە تەنها یەك ئامێر دەبووە سۆلۆی گۆرانییەكان و تایبەتیش بوو چونكە خەڵكی ئێمە بەدەگمەن لەو جۆرە كۆنسێرتانە دەبینرێن. هەڵسوڕانی كۆنسێرتەكە زۆر دەترسان كە جەماوەری كەم بێن بۆ كۆنسێرتەكه بەو پێیەی زۆربەی زۆری جەماوەری ئێمە ‌ حەزی بە بەزم و ڕەزمی ڕەشبەڵەكە . بەڵام خۆشبەختانە جەماوەرێكی زۆر لە كورد و بگرە چەند بیانیەكیش ئامادەبوون.

تارا جاف لە ڕێی باوەشی ئەو چەنگە ناسكە جوانترین هەستی خۆیمان دەكاتە پێكێ شەرابی عیشق: بۆ ئەوین و بۆ ژیان.

لە ڕێی ئەو تەلە باریك و تەریبانە بە مەستیی ، چ هەواڵێكی خۆشەویستی و چ مزگێنییەكی پڕ لە شادمانیمان بۆ دێنێ ، لە ڕێی بۆشایی ئەو تەلە ناسكانە دەنگێك دەردەهێنێ كە تێكەڵ بە هەناسەی شەرابی ئێوارەكانە و ‌ پڕە لە ستایشی ئاسمان،كە بۆ زەوی دووپات دەبێتەوە و بریقەی ئەفسانەی خوای دەنگخۆشەكان دەگەڕێنێتەوه بۆ گەردنی ژیان.

دەنگ و هەست و سۆزی تارا حاڵەتێكی جیاواز و دەگمەنە كە دەكرێ پێویست بێ بۆ ئێستای مۆسیقاو گۆرانی كوردی چونكە جۆشێكی ستوون بە خۆشی و هەستێكی تەریب بە جوانی لە كەسایەتی دەنگیی بەدی دەكرێت.

ئەوەی من تێبینیم كرد كاتێك كە تارا جاف پارچە موزیكێك لێدەدا ئەو ناوە لە زمان و لە گوتن دەوستێنێت و وات لێدەكات تەنها گوێت بۆ گۆرانی و چامە مۆسیقییەكانی شل بێت ،ئاوازەكانی وات لێدەكات تەنها بە ژەنینی ئەو میلۆدیانەوە خەریك و سەر‌مەست بیت، كە لەڕێی ئەو دەست و پەنجە سپیانەی ئەوەو دێنە دەرێ.

تارا هەر ئەو حەزەی منداڵییه بۆ مۆسیقا وای لێكردووە‌ كە ئێستا ئەو دەرگا خەیاڵاویانەی مۆسیقاو جیهانی ئاوازەكان بۆ خۆی بكاتەوە …هەر خۆی ویستویەتی لە ڕێی چەند ئامێرێكەوە بچێتە ئەو كانە ڕۆحییە ،،سەرەتا به ئامێری ‌پیانۆ دەستی پێكردووە و دواتر فێری گیتار ژەنینیش بووە ،تارا دەزانێ كە ئەو جۆش و ئەو ناخە هەڵقوڵاوەی پڕ لە عیشق بۆ ژیان و بۆ مۆسیقا بەم ئامێرانە نایەتە تەقین ، هەتا ڕۆژێك گوێ بۆ ئامێری چەنگ دەگرێت و خوو بە ژەنینی دەگرێت, چەنگ ئامێرێكی وروژێنەری ناخ و نەستەكانە و فێربونی زۆر ئاسان نییە كە ئێستا خاتوو تارا بۆتە پێشەنگێك بۆ ژەنینی ئەو ئامێرە…
ژەنینی هارپ بۆتە كارێكی ڕۆژانه ‌و بگرە هەموو ساتێكی لێ داگیر كردووە هەر وەك خۆی دەڵێت:

من كاتێك هەست بە زیندویی خۆم دەكەم ئەو كاتانەی كە پەنجەكانم لەسەر ژێكانی هارپەكەیە

بە ڕێكەوتێكی زۆر سەیر وەك هەموو ڕێكەوتێكی ژیانی خۆی ئەو ئامێرە دەبێتە هاوسۆز و هاو تاراوگەی ڕۆحی و ئیدی دەبنە دووعاشقی كارامە بۆ ژەنینی یەكتری ، تارا و هارپەكەی دوو ئامێزی بێ وڵاتن هەردووكیان هەوڵی ئەوە ئەدەن كە بگەنە باوەشی یەكتری و لەڕێی‌ تۆنە تەڕو بۆندارەكانیان ببنە پارچەیەك میلۆدی باڵدار .

ئامێری هارپ ئامێرێكی كۆنە و پڕ لە چیرۆكی ئەفسانەیە تاراش لەو كۆنییە شتی تازەمان بۆ دێنێ ، هەناسەی گەرمی بەفر و گەمەی جووتە عاشقێكی یاخی و پێكەنینی مناڵێكی سەر چیمەنە سەوزەكانی موحیبەت ، بەڵێ لە ڕێی ئەو لەرینی تەلانە ئەم وێنە سەرسام و ڕاموسانانە بە خەیاڵمان دەبینین.

گۆرانی چڕینی جۆش ئامێز كەمەست و حەیران و بەساقەی گیانی مۆسیقا كردبێ لە كەم هونەرمەند دا بەدی دەكرێ ، دەنگی تارا جاف دەبێتە دەنگێكی تایبەت و دەبێتە توانایەكی جیاواز كە بە ستایلێكی جیاوازتر ئێمە سەرمەست بە خوانی عیشق و ژیان و هەوادارانی خوماربوون دەكات، توانویەتی هاوسەنگییەكی جوان دروست بكات لە نێوان هەستی خۆی و تۆنی چەنگەكەی بە جۆرێك تارا بێ ئەو چەنگە ناتوانێ و چەنگەكەش بێ تارا ناتوانن ببنە دوو دوانەی مۆسیقا لە ئاسمانێكی تێكەڵ بە خورپەی ئەوین و خۆشەویستی .

هەر چەندە زۆر كۆسپ بوونەتە ڕێگر لە بەردەوامی بوون لە هونەرەكەی بەڵام بێ كۆڵنەدان هەوڵی گەیاندنی ئەو پەیامەی داوە كە دەبێت بگەێنرێ…پەیامی ئەو لە ڕێێ ئاوازو گۆرانییەكانی : ڕۆحێكی مژدە بەخشە بۆ بوونی ژیانی خۆی و خەڵكانی دەوروپشتی و بەخشینی ئارامییەكە بۆ مرۆڤەكانی تر .

كەسانی نزیكی خۆی بەردەوام بوون لە ڕێگەگرتن لە بەردەم هونەرەكەی بەڵام تارا جافیش ئەوەندە سەر سەخت بووە لە هەموو بۆنەیەكدا هاتنی و فڕینی خۆی سەپاندووە بە سەر دنیای گۆرانی وتن و دواجاریش هەر تارا جاف بۆتە یەكەمی براوەكان لەبەردەم هەموو ڕێگرییەكان ئەگەر ئەو كارەش بگاتە سەر ئەوەی تەنها گۆرانی بە زاراوەی هەورامی بچڕێ.

كەسانی دەوروپشتی تارا جاف زۆر كاریگەری كەلتور و گۆرانی و هو‌نەری هەورامی بەسەریانەوە زاڵه و عاشقی هۆرەی جافن‌،‌ هەر بۆیە تارا خوازیار و هیوای بووە كە تاقە ڕێگە بۆ ڕازی كردنیان تەنها چڕینی گۆرانی هەورامی بێت دواتر بوونی لە جیهانی گۆرانی وتن دەسەلمێنێ و بەردەوام هاریكاری لە كەسانی دەوروپشتی وەردەگرێت بۆ هەڵبژاردنی گۆرانییەكان و شیعرەكان بە تایبەت شیعرەكانی مەولەوی كە جێگەیەكی قوڵی لە دڵ و دەرونی هەریەك لە تارا و دەورووپشتەكەی جێهێشتووە. شیعر تێكەڵبونێكی ترە لە جیهانە پڕ لە سیحرەكەی هونەری تارا جاف، ئەو تێكستانەی كە هەڵیدەبژێرێ دەبێ تەواوكەری ئەو تێكەڵبونە بن كە لەناخی یاخی و جوانییەوە دێتە دەرەوە بۆ ئەوەی ببێتە‌ ئەزموونێكی پڕ لە بەهەرە و پڕ لە مەستیی.

1914915_1220590468586_6619718_nخەونی پەیامەكەی تارا بەوە كۆتایی نایەت تەنها‌ گۆرانی بچڕێ بەڵكو بە یارمەتیدانی هونەریی بۆ هاو مرۆڤەكانی خۆی كە لە سەرەتای دەستپێكردن دان بۆ هاتنە ناو ئەو هونەرە و دەست گرتنیان بۆ زیاتر پەرە بە بەهرەمەندیی خۆیان بدەن.. كە ئامادە و بەنیازە بە پێی توانا هەموو هاوكاریەك و كار ئاسانیەك بۆیان دابین بكات بۆ دەرخستنیان و دەركەوتنیان لە نێو هونەر و میوزیكی كوردی.

سەفەر جیهانێكی تری تارایە كە لە ڕێیەوە‌ چەندین خەونی سادە دەبنە ڕاستی و بە بینینی چەند هاوڕێ و هاودارانی هونەرەكەی دەگاتە ئەوپەڕی ترۆپكەی گەیشتن بە خودی خۆی‌. تارا جاف هەمیشە لەسەفەرە هەمیشە دووباڵی فڕیوی پڕ لە مۆسیقایە بۆ ئێمه و‌ نۆتەی عیشق و یەكئامێزیمان بۆ دەخاتە ڕوو.

لە زۆربەی سەفەرەكانی ئەبێ هارپەكەی لەگەڵ خۆی بەرێ و مۆسیقا هاوڕێی سەفەرێتی و سەفەریش هاوڕێی مۆسیقایەتی.

شێوازی جلو بەرگ پۆشینیشی تایبەتمەندییەكی تێدا هەیە ، كە هەموو جارێك لە كۆنسێرتەكانی دەردەكەوێت بە جلێكی گەرم ڕەنگی كوردی ئامادەیی خۆی بۆ ساردیی هۆڵەكان دەردەخات ، هەندێ جار بینەر وا هەست دەكات ئەو جلانە هەر بۆ باوەش و ژەنینی ئەو ئامێرە لە بەركراون و ڕێكەوتنێكی سیماجوان لە نێوان جلەكانی و هارپەكەی و تۆنە سیحریەكانی بەدی دەكرێ .

هەروەها لە زۆربەی كۆنسێرتەكاندا ئامادەبوونی خۆی بە ڕۆحێكی‌ جوان و بە پەنجە سپییە بۆندارەكانی مۆسیقا نیشانداوە و لە زۆر جێگاوە بانگهێشت دەكرێت كە دیارترینیان كۆنسێرتەكەی فیستیڤاڵی چاند و هونەری كوردی بوو لە باژاری بات مان لە ساڵی 2005 كە جەماوەرێكی فراوانی كورد تیایدا ئامادەبوو.. ئەو فیستیڤاڵە بووە هۆی كە كۆمپانایەكی كوردی بۆ كاری هونەری ئەركی لە چاپ دانی سیدیەكەی بگرێتە ئەستۆ . هەروەها لەم دواییانه كۆنسێرتەكانی دیار بەكر و دەرسیم و ئەزمیر دەنگی زۆری دا‌یەوە لە زۆریی جەماوەر و ڕێكو پێكی كۆنسێرتەكان.

دوا دواترین كۆنسێرتیش كە لە وڵاتی دانیمارك سازی دابوو لە گەڵ هونەرمەند عەدنان كەریم كە بە هەردوكیان دوانەیەك بوون لە چڕینی ڕۆحی پڕ لە سۆزی ئاواز و گۆرانی ، تارا بە هارپە مێینەكەی و عەدنان كەریمیش بە عود و دەنگە پڕ لە نەشئەكەی و بە بەشداری لێدەری دەف نیهاد جەمشیر . ئەم كۆنسێرته لە ڕووی دابین كردنی هۆڵێكی شایستە و هاتنی جەماوەرێكی هێمن و تینوو بۆ مۆسیقا ‌ بە سەركەوتوترین كۆنسێرت لەقەڵەم درا لە تاراوگە.

سیدییەكانی تارا جاف لە زۆر لاوه ڕەواجێكی هونەریی باشی هەیە و لە زۆر شوێن بەدوای دەگەڕێن ،هەروەها له نێو‌ نێوەندە ڕۆشنبیریی وفەرهەنگییەكان و لەلای خەڵكانی بیانی، زۆر بە ڕێزەوە دەڕواننە هونەرەكەی .

ماوەتەوە بیڵێین تارا جاف یەكەم خانمه كوردە‌ كە پەنجە‌ سپییەكانی تێكەڵ بە سۆزی گەورەی ئەو ئامێرە دەبێت،یەكەم ئاوازێكی ڕۆح سووكە كە لەدەرگای ئەندێشەو ئارامیمان دەدات و هزر و هۆشمان دێنێتە جۆش ، و ژیان ،هەوا،گەردوون ، زیاتر لەلامان خۆشەویست دەكات. ناسكیی و میهرەبانیی ڕۆحی مۆسیقای تارا جاف لەوە دەردەكەوێت كە توانای ژەنینی مۆسیقای هەبێ بۆ نەخۆشەكان و دڵ ئارامی و ئاسودەییان پێببەخشێ وهەروەها گۆرانی وتن بۆ ئاژەڵەكان كە زمان و گۆیان نییە ،كارێكە جێی ڕامان و وەستانە بۆ ئەو ئامادەییە پڕ لە بڵندییەی بۆ نەخشینی هەموو شتێكی جوان بۆ جوانتر و هەمووشتێكی ناشرینیش بۆ جوان.


ڕیکلام