بڕیارێکى وەزارەتى ڕۆشنبیریی دەبێتە مایەى نیگەرانى نووسەران و ڕۆشنبیران

  2020-09-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتى ڕۆشنبیریی حکومەتى هەرێمى کوردستان لەم ڕۆژانەدا بڕیارێکى دەربارەى بەخشینى ژمارەى سپاردن بە کتێب دەرکردووە، کە تێیدا هاتووە(پێویستە ئەم ئەرکە بە گرنگى و بایەخ پێدانەوە جێ بەجێ بکرێت و تێیدا ڕەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نیشتیمانى و نەتەوەیی و پاراستنى بەها پیرۆزەکان بگیرێت و شیرازەى کۆمەڵایەتى و پاراستنى بەها پیرۆزەکان تێک نەدات).

مەبەست لەم بڕگەیەى ناو ئەو فەرمانەى وەزارەتى ڕۆشنبیریی ئەوەیە کە لەمەبەدوا بۆ پێدانى ژمارەى سپاردن بە کتێب پێویستە لیژنەیەک دابنرێت تاکو بەم مەرجانە بڕیار بدات و ڕێگە بە بڵاوبوونەوەى کتێبێک بدرێت.

ئەمە لە کاتێکدا پێشتر بەخشینى مافى چاپکردن بابەتێکى هێند جێگەى بایەخ نەبووە و نووسەران بە ئاسانى بەدەستیانهێناوە و کتێبەکانیان بەهۆیەوە بە چاپ گەیاندووە، لەوبارەیەوە نووسەر حەمە سەعید حەسەن لە واڵى تایبەتى خۆى لە فەیسبوک دەنووسێت: گەڕانەوە بۆ سانسۆر، گەڕانەوە بۆ کولتوورى بەعس.

هەروەها شاعیر و وەرگێر خەبات عارف هەر لە واڵى تایبەتى خۆى لە فەیسبوک نووسیوویەتى: ئەمە لە ڕێگرتن لە بیری ئازاد و ئازادیی بیروڕادەبڕین و سەربەخۆیی تاکەکەس زیاتر شتێکی تر نییە،ئەویش بە ناوی ''بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و نەتەوەیی پاراستنی بەها پیرۆزەکان''ەوە!.

ئەوشاعیرە دەڵێت" کام ''بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و نەتەوەیی پاراستنی بەها پیرۆزەکان!؟'' ئەوانەی بەر لە هەر کەسێکی تر ئێوە تێکتاندان و لە سۆنگەی ئەو قسانەوە کە خۆیشتان سەریان لێ دەرناکەن، سەرتان لە خۆتان و کوردیش شێواند و شێواندووە!؟ .

هاوکات شاعێران و نوسەران داوا دەکەن بڕیارەکە رابگیرێت و کاری پێ نەکرێت ئەوەش لە پێناو فروانکردنی ئازادی ڕادەربڕین و نوسین.


ڕیکلام