هەمووان ئارەزوو دەكەن ببنە كەركەدەن

  2020-10-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەیان سەلمان

دەربارەی شانۆنامەی (كەركەدەن)ی (یۆژین یۆنیسكۆ)

ئەم شانۆگەرییە، لە سێ پارچە و چوار تابلۆ پێکهاتووە. نووسەری شانۆگەری ناودار (ئوژێن یونیسکۆ) نووسیوێتی. ئەم بەرهەمە شانۆگەرییە لە ساڵی ١٩٥٩ چاپ کراوە. بە یەکێک لە شانۆگەرییە گرنگەکانی قوتابخانەی (بێ هودەیی) (مسرح العبپ) Théâtre de l‌Absurde هەژمار دەکرێت.

بابەتی ئەم شانگۆگەرییە لەسەر دیاردەیەکی خەیاڵیی داهێندراوە کە خەڵکی شارێک تووشی پەتای ''بوون بە کەرکەدەن'' بوون هەتا سەرانسەری شارەکە دەگڕێتەوە. 

ئەم پەتایە ئاماژەیەکە بۆ دەسەڵاتی تۆتالیتاریزم کە چۆن لە کاتی شەڕی جیهانی دووهەمەوە بڵاو بۆتەوە. یەکڕابوون و هاودیژیبوون دوو چەمکی سەرەکین تێیدا. چەندە کەسەکان دەکەونە ناو یەکڕەنگی و یەکڕابوون؟ تا چەندە بەرگریی دەکەن؟ ئایا دژی دەوستنەوە؟ کێ لەو بەرگرییە سەرکەوتوو دەبێت؟ 

بە نێوەندی نمایشکردنی دوو جیهان، کە یەک ناگرنەوە، هەتا دێت لە یەک دوور دەکەونەوە و ئاشتبوونەوەیان محاڵە، ئیدی چیرۆکی کەرکەدەن بەسەر زاری هەمووانەوە زاڵە. لە جیهانی ''ڕاستەقینەی'' ناو شانۆگەرییەکە، سادەترین کێشە قورسە و چارەسەری نییە. جیهانێکی دژە –یۆتۆپییە، بە نێوەندی داهێنانی شوێنێکی دەستکرد کراوە بە ڕووبەری ڕووداوێک کە بۆتە ئەلتەرناتیفێک بۆ دەسەڵاتی سیاسی. 

گۆڕانکاریی جەستەیی کەسایەتیەکان بۆ ئاژەڵێکی کێوی، بۆ کەرکەدەن، ئاماژەیە بۆ جیهانێکی محاڵ کە بێ ئەو گۆڕانکارییە کەس ناتوانێ تێیدا بژی. لە کۆتاییدا، شانۆگەرییەکە ئەوەندەی جەغت لەسەر بێهودەیی و پرسیارکردن و دڵەڕاوکە دەکات، پێشنیاری متمانە و مۆدێلێکی وەدواکەوتن ناکات. گۆڕانی جەستە بۆ ئاژەڵێک، پتر پێشنیارە بۆ پێداچونەوەی خود، بۆ بینینی قوڵایی ناوەوە، لە ڕواڵەتی پێستێکی ئەستوور کە هەقیقەتی بیرنەکردنەوەی شاردۆتەوە و بە تووشبوونی پەتای گۆڕانکارییەکە هەموو بیرکردنەوەیەک دەسڕدرێتەوە و هەموو پەیوەندییەکیش بە دنیای دەرەوە دەپچڕێت. کەسایەتیەکان تەنیا بەرامبەر بە خۆیانن، جیهانێکی ئاسایی دەخرێتە بەرچاو، بەڵام جیهانێکە قسەی زۆر هەڵدەگرێت، زۆیرمان دەکات، نارەحەتمان دەکات، سەر لەسەری ئەو قسانەش هەڵدەداتەوە کە نەوتراون و بە شێوەیەکی دی دیانخاتەڕوو و بە گوێماندا دەدات.

ڕادەی خێرایی گۆڕانکاریی لە جەستەی کەسایەتیەکان، تەنها لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە نییە، بەڵکوو لە کۆکبوونە لەسەر بوون و گۆڕانەکە، واتە ڕێکەوتن لەسەرئەوەی هەموو وەک یەک بن، بگرە سەرزنیشتی ئەو کەسەش بکرێت کە خۆی دەپارێزێ و بەرگریی دەکات لەوەی نەچێتە ناو کۆگەلێکی یەک ڕنگ و یەک بەرگ؛ بەمانای یەک دیدگا. جیهانی بەرچاوی نێو ئەو شانۆگەرییە مەترسی ئەوە دەخاتەڕوو کە کەس بەئاسانیی دەرباز نابێت، ئەوەی دواجار نەچێتە ناو ئەو پرۆسەی بوونە بە کەرکەدەن بەرەو شێتبوون دەڕوات. بەو شێوەیە ئەلتەرناتیف هەر نییە، چونکو هەڵبژاردن نییە. یان کەرکەدەن، یاخود شێتبوون. 

کەرکەدەن ئاژەڵێکی کێویە، ئەوانەی دەگۆڕێن دەبنە ئاژەڵێکی کێوی کە توانای پێشێلی و کوشتنیان هەیە. هێزی ئاژەڵ دابڕانە لە هێزی فیکر و ڕەتکردنەوەی نادادپەروەریی و ڕەتکردنەوەی بەرگریی لەو بیرو ڕایە. ئەوانەی بەتەواوی خواستیان ملکەچی ئەو گۆڕانکارییە دەبن، هەر ئەوانەشن کە پشت دەکەنە بەرگریی لە جوانی و خۆشەویستی بەپێویست نازانن. ڕازیبوون بەبوون بە کەرکەدەن، لادانی سنوورە لە نێوان ئەقڵ و نەبوونی. پانتایی دژە-یۆتوپیاییە، هاودژی ئەو یۆتوپیاییە کە (پلاتۆن) و (تۆماس مۆڕ) و (سان ئۆگستا) پێشنیاری دەکەن. جیهانێکی شەڕانگێزە دژی جیهانێکی ئیدیاڵ. جیهانی کەرکەدەنەکان بەڵگەیە لەسەر فشارخستنە سەر تاکەکان بۆئەوەی لە جیهان داببڕێن. ئەو گۆڕانکارییە دوورە لەوەی تاک خۆی بدۆزێتەوە، بەپێچەوانەوە زمانێکیشی بۆ دادەهێنێت کە یەکزارەکییە (مرخەیەکە) کە چیدی پێویست بە کەمترین دەربڕین ناکات.

خودی دەربڕین زمانی ئازادییە، ئەو زمانەیە کە بەرگریی پێ دەکەین، یەکزارەکیی تەواو هاودژە و شۆڕبوونەوەیە بۆ ناو بێقەراریی تاریکی. زمانی کەرکەدەن زمانی فریودانیشە، چونکو ئەو زمانەیە کە بە نێوەندییەوە ئەو کەسانەی رادەکێشرێن بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە مێگەل. مێگەلێک کە لە سەرەتادا بە جوانی باس لە خۆی دەکات، بەختەوەرە کە ببێتە یەک پارچەیەک، بەڵام بەرەو نادیار دەڕوات و نازانێت دواتر چی چاوەڕوانی دەکات.

بەرابەر بە هاواری ئەوانەی بوون بە کەرکەدەن و هاواری ناو نەستی کەسایەتی سەرەکی (بێرانژێە) فەلسەفەیەکی نوێ لەدایک دەبێت کە تاکێک هەرچی ڕیشەی ترس و تۆقاندنە لەناخی هەڵدەکێشێ و بەرگریی دەکات. ترسی ڕاستی ئەو کەسایەتیە، بوونە بەو ئاژەڵە و تێکەڵبوونە بەو مێگەڵە. هاواری ئەو هاواری تاکە کەسێکە کە بە مرۆڤ ماوەتەوە.   

دواجار، شانۆگەرییەکە بۆخۆی ''تێزێکە''، سەکۆی شانۆیش، وەک (یونیسکۆ) خۆی دەڵێ ''گەورەترین پانتایی ئازادیی خەیاڵێکی شێتانەیە''. خەیاڵێک کە داهێنانی وەبەرچاو گرتووە و نەمریی بۆ ڕووداوێکی ناماقوڵ تۆمار کردووە. پێمان دەڵێ، ئەوەی لەسەر شانۆ ڕوویدا دەکرێ زۆر چاک لە ڕاستیشدا ڕوو بدات. مەرج نییە لە بەرگی ئاژەڵ، بەڵام شێوە زۆرە بۆ ئەوەی مرۆڤ بگۆڕێن بۆ یەک ڕەنگ، یەک دەنگ و یەک بەرگ.


ڕیکلام