هەموو شتەکان با دەیبا

  2020-10-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کەریم دەشتی

1
چی بکەم باشە؟ تۆ هەبوون و نەبوونم بی
کێلگەی شەونم و شەوقم بی
چی بکەم باشە؟ من سێبەرو سایەی تۆ بم
تا بۆ ئەبەد، لە گەڵ تۆ بم.

2
سەرەنجام، دەچینەوە سەر زەمزەمەی جاران
لەوێ‌ سەرەو ژوور دەبینەوە 
دەچینەوە لای یاران
لای دانتی، دەرگای کتێبی فیردەوسمان بۆ دەکاتەوە
دەچینەوە لای نالی 
دەمانباتەوە ئەو حوجرەی 
دروستی کردبوو لە باران.

3
هەموو شتەکان دەشکێن
من و تۆ نەبێ‌ ئەی جاویدانی
تۆ لە ئەوینی  من و من لە ئەوینی تۆ
دەبینی، هەموو ئەوانەی من نووسیومە
لە نێرفانادا مەست بووە
هەموو ئەوانەی ناتوانم بۆ تۆی بڵێم
لەبادا ئاسێ‌ بووەو لە وەسەنیەتدا گیر بووە.

4
تۆ جەستەیەک ئاقیقی
باوەشێ‌ نوورو ڕووباری
تەوتەمی، لە هەموو پەرستگاکان دا هەی
لە هەموو مەیخانەکاندا ساقی و مەی
پێم بڵێ‌ چیت؟ تەمتومانی یا باخی بەی.

5
چەند سەرسامم دەمێ‌ بای 
دەمێ‌ پووش و دەمێ‌ ئاگر
دەمێ‌ ئاوی دەمێ‌ دوکەڵ 
دەمێ‌ باران و تەمتومان
ژەنینی بای هەندێ‌ جاریش قەدێ‌ گیای
دەمێ‌ لە بنارەکاندا میوانی کەفرو بادەی
هەندێ‌ جاریش لە کەڵیساکاندا مەریەمی
لای مەلەکان تاووسی و 
لە ناو بتەکانیش ئاموون
بۆیە من لە هەزاران هەزار دۆخدا سەرخۆشم.

6
هەرچیەک بۆ تۆی دەنووسم 
دەبێتە مەل و باڵ دەگرێ‌
هەرچییەک بۆ تۆی دەڵێم با دەیبا
هەمیشە لە بەرامبەرما وەستاوی
دیاریش نی
هەمیشە جێم دەهێڵی 
هەردوو چاوت داگیر کردووم.

7
دڵنیام تۆ نیت 
کەچی لە هەموو شوێنێکا هەیت
دڵنیام تۆ هەیت 
کەچی لە هیچ شوێنێکا نیت.

8
تۆ چەند دووری، هەر دەڵێی لەو سەری دونیای
چەند نزیکی هەر دەڵێی لەناو دڵمای


ڕیکلام