هان کانگ: ئەگەر لەسەدا سەد تەندروست بوومایە نەمدەتوانی ببم بە نووسەر

  2020-10-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سازدانی: هانا بێکەرمان

وەرگێڕانی: گوڵان مەحمود


هان کانگ نووسەرێکی کۆریای باشورە کە ڕۆمانەکانی وەرگێردراونەتە سەر زمانەکانی دیکە لەوانەش ڕۆمانی ڕەفتارەکانی مرۆڤ و ڕووەکی_وە ساڵی ۲۰۱٦ خەڵاتی نێودەوڵەتی مان بووکەری بردەوە. دوایین کاری، کتێبی سپی، خودژیاننامەیەکی هەستبزوێنە، کە دەربارەی لەدەستدان و پەژارەیە.

هانا بێکەرمان: کتێبە نوێیەکەت باسی چیرۆکی خوشکەکەت دەکات کە دوو کاتژمێر پاش لەدایکبوونی مردووە. چی وایلێکردیت بتەوێت_یاخود هەستبکەیت دەتوانیت_ئێستا دەربارەی ئەوە بنووسیت؟

هان کانگ: پلانم دانەنابوو دەربارەی خوشکە گەورەکەم بنووسم. لەلایەن ئەو دایک و باوکەوە گەورەکرام کە نەیانتوانی لەبیریبکەن. کاتێک ڕەفتارەکانی مرۆڤم دەنووسی، دێڕی گفتوگۆیەک هەبوو: "مەمرە، تکایە مەمرە." بەشێوەیەکی نامۆ ناسراوبوو و لەناوەوەمدا دەسوڕایەوە. لەناکاو ئەوەم بۆ دەرکەوت ئەوە لەیادەوەری دایکمدا هەبووە: پێیگوتم بەردەوام ئەو وشانەی دەگوتەوە بەو خوشکەم کە مرد بەر لەوەی من لەدایکبم.

هانا بێکەرمان: دەربارەی ئەوە نووسیوتە کە چۆن "لەدایکبوویت و گەورەبوویت لەجێگای ئەو مردنە". چۆن ئەوە کاری لە گەورەبوونت کرد؟

هان کانگ: ئەوە تەنها دەربارەی لەدەستدان نەبوو. بەڵکو دەبارەی ئەوەش بوو کە ئێمە چەند بەنرخین. دایک و باوکم بە من و براکەمیان گوت: "بەشێوەیەکی بەنرخ لەدایکبووین و ماوەیەکی زۆر چاوەڕێمانبوون." بەڵام لەهەمان کاتدا پرسە هەبوو. گەورەبوونم تێکەڵەیەک بوو لە خەم و هەستکردن بە ژیانێکی بەنرخ.

هانا بێکەرمان: لە کتێبەکەتدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەیتەوە کە ئەگەر یەکەم دوو منداڵی دایکت نەمردنایە، تۆ و براکەت نەدەبوون. ئەو هەستە چۆنە؟

هان کانگ: کاتێک دایکم بەمن دووگیان بوو، زۆر نەخۆش ببوو، بۆیە دەرمانی زۆری خواردبوو. وە لەبەرئەوەی زۆر لاوازببوو چاوەڕێی لەبارچوون بووە. بەڵام دواتر هەستیکردووە لەناوەوەیدا دەجوڵێم و بڕیاریداوە بهێڵێت بێمە ژیانەوە. پێموایە کە جیهان کاتییە و منیش بە بەخت دراوم بەم جیهانە.

هانا بێکەرمان: لە لاپەڕەکانی سەرەتایدا، تۆ دەڵێیت کە دەتەوێت پڕۆسەی نووسینی ئەم کتێبە ببێتە هۆی گۆڕانکاری: ئاوا دەرچوو؟

هان کانگ: بەڵێ پڕۆسەکە بەڕاستی یارمەتیدام. هەموو ڕۆژێک وەک نەریتێکی بچووک بوو: وەک نوێژ. کاتێک دەمنووسی، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ، هەستمدەکرد کە زیاتر نزیک دەبمەوە و بڕوادەهێنم، به بەشێکی دیاریکراو لە ناوەوەمدا ناتواندرێت وێرانبکرێ یاخود ئازاربدرێت.

هەنا بێکەرمان: تووشی پەستانی دەروونی بوویت لەکاتی هەرزەکاریتدا. ئەوە چۆن کاریگەری هەبووە لەسەرت؟

هان کانگ: هەمیشە پەستانی دەروونی ئەوەم بیردەخاتەوە کە مرۆڤم، چونکە کاتێک پەستانی دەروونی دێت، دەبێت کارەکەم، خوێندنەوەکەم و ڕۆتینەکانیشم بوەستێنم، بۆیە هەمووکات واملێدەکات لەخۆم ببوورم، یارمەتیمدەدات هەستبکەم مردوو و لاوازم. ڕەنگە ئەگەر لە سەدا سەد تەندرووست بوومایە نەمتوانیایە ببم بە نووسەر.

هانا بێکەرمان: گوتت کە لە چواردە ساڵیتدا زانیت کە دەتەوێت ببیت بە نووسەر. چۆن ئەوەت زانی؟

هان کانگ: بەدوای وەڵامدا دەگەڕام بۆ پرسیارە بنەڕەتییەکان. دوای ئەوە، وەک خوێنەرێک، بۆمدەرکەوت کە هەموو کتێبێک هەوڵی دەستخستنی وەڵامەکان دەدات و هیچ ئەنجامێکیان نییە، بەڵام هێشتا دەنووسن، بۆیە بیرمکردەوە بۆچی منیش ئەو کارە نەکەم؟

هانا بێکەرمان: باوکیشت بەهەمان شێوە ڕۆماننوس بوو. ئەوە چۆن کاریگەری هەبووە لەسەرت؟

هان کانگ: کاتێک کە گەورە دەبووم ژمارەیەکی زۆر کتێب لە ماڵەکەماندا هەبوو_پێموایە ئەوە گرینگترین شتە.

هانا بێکەرمان: کتێبە دڵخوازەکانی منداڵیت کامەبوون؟

هان کانگ: زۆر حەزم لە کتێبە کۆرییەکان و کتێبە وەرگێڕدراوەکان بوو، وەک برایانی لیۆن هێرتی ئەسترید لیندگرین.

هانا بێکەرمان: چ نووسەرێک زۆرترین کاریگەری هەبووە لەسەر نووسینەکانت؟

هان کانگ: لە ناو نووسەرە کۆرییەکاندا، حەزم لە کورتە چیرۆکەکانی لیم چوول_ووە. وە لەناو بیانییەکانیشدا دۆستۆیڤسکیم خۆشدەوێ.

هانا بێکەرمان: چ کەسایەتییەکی ئەدەبی هەیە، زیندوو یان مردوو، حەزدەکەیت بیابینیت؟

هان کانگ: نامەوێت نووسەرەکان ببینم: بەڕاستی بینیمن لە ڕێگای کتێبەکانیانەوە. ئەگەر کتێبەکانیانت خوێندەوە و هەستت بە شتێک کرد، ئەوا ئەو شتە بەنرخە. نووسەرەکان باشترینی خۆیان دەخەنە ناو کتێبەکانیانەوە بۆیە ئەوەندە بەسە بۆ من کە بیانخوێنمەوە.

هانا بێکەرمان: ڕۆمانی ڕووەکیت خەەڵاتی نێودەوڵەتی مان بووکەری بردەوە. ئەوە چ کاریگەرییەکی هەبووە لەسەر پیشەکەت؟

ژمارەیەکی زۆرتر خوێنەرم بینی و پانتاییەکی زیاتر میوان. بەڵام دەمویست کە ژیانی تایبەتیم دووبارە نوێبکەمەوە پاش چەند مانگێک، چونکە بۆ نووسەر هەمیشە بڕێکی زۆر لە سەرنج باش نییە. مەحاڵە کە گرنگی بە سەرنجەکان بدەیت و هێشتاش بنووسیت.

ڕۆژنامەی گاردیەن


ڕیکلام