دان تورال

  2020-10-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هۆگری ژیانی ڕۆژانەم


وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە: ئالان پەری

شاعیری پڕ جەماوەری دانیمارکییەکان دان تورال وەک ئەرستۆکراتێک و لە شارێکی محافزکار لەدایک دەبێت وەک شاعیرێکی ڕەسەن و پەرهەڵستکار لە دژی ئایدیا ئەرستۆکراتییەکان کۆچی دوایی کرد. 
زۆربەی نووسەران بە مردنیان دیار نامێنن، بەڵام دان تورال جیاوازە و هەتا ئێستاش هەر دەخوێنرێتەوە، زیاتر ناوبانگی دەرکرد بە کتیبی بیروەرییەکانی ''وێنەکانی ڤانگاد*'' کە باس لە شوینی نیشتەجێی دان دەکات. 
دان بە شاعیرێکی چەپڕەوی ئەوکاتە ناوی دەرکرد و دەیویست جیاواز بێت، نینکۆکی بە بۆیەی ڕەش ڕەنگ دەکرد و بۆ ماوەیەکی زۆر کڵاوێکی کاوبۆیی لەسەر دەکرد و چەندین شیعری تەنز و گاڵتەجاری نووسیوەتەوە. لە خۆشەویستی خەڵک بۆ ئەم شاعیرە بە ''مامە دانی'' بانگیان دەکرد. هەمیشە دڵی بە جمەی ناو شار دەکرایەوە، هەردەم لە ناو خەڵکدا بوو. لەگەرمەی ناودەرکردن و شاعیر بوونی خۆی چەندین کاری تری کردووە، تاوێک پۆستەچی و تاوێکی تر پەنجەرەی پاک دەکردەوە، هەر ئەم کەسایەتییەی وای کرد لە زۆربەی شیعرەکانیدا ڕەنگ بداتەوە وای لێهات بە زمانی خەڵکی ئاسایی بدوێت و لە شیعرەکانیدا بەو زمانە بنووسێت. 

حەزی زۆری بە ژیان و تێکەڵبوونی لەگەڵ خەڵک وای کرد کەسێکی نزیکی خوێنەرەکەی بیت و تەنانەت لەکاتی باسی مردندا زۆر شتی نووسیوە وەک لەم شیعرەدا دەردەکەوێت:

دەمەوێ بژیم هەتا کاتی مردن
ئەمە شتێکی وا ئاستەم نییە
دەمەوێ خۆم وتەی سەر کێلی گۆڕەکەم بنووسم
ئەو وتەیەش بۆ ئەو ڕێبوارانە دەنووسم کە بە لای گۆڕەکەمدا تێدەپڕن:
بۆت نییە بێ هیچ مەبەستێک
لێرە بوەستیت.
 
هەروەها لە شوێنێکی تر بەم شێوەیە باس لە ناشتنی خۆی دەکات:

لە باخچەیەکی سێودا بمنێژن
بۆ ئەوەی جارێکی تر
بەر لێوتان بکەوم


لە بارەی شاعیر و نووسەریش شیعری هەیە و لە شوێنێک دەنووسێت: ''شیعر منی خست'':

شاعیر وەک منداڵ وایە
وشەکان وردە لمەکانێتی
کە بە هۆی زمان کۆشکێکیان لێوە دروست دەکات
هەتا ئەو کاتەی تاریکی دادێت دەمێنێتەوە و
ئیتر ڕەشەبا هەڵدەکات.
****
ژن وا لە پیاو دەکات پیاو بێت
 خوێنەریش شیعرێک دەکات بە شیعر

دان پڕ بە دڵی خۆی حەزی بە ئازادی بوو و کاری دەکرد بۆ ئەوەی ئازادی چێژێکی تایبەتی هەبێت، ئازادییەک پەیوەستە بە ئاشتی و بەردەوام لە شیعرەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە. 

ئازادی
جیهان ببەزێنین؟ نەخێر سوپاس،
زیاد بەدەر بایەخی مەدەرێ
بهێڵە جیهان من ببەزێنێ، گەر سورە لەسەر ئەوە

ئاشتی
باڵندەکان کەوتنە گۆرانی وتن
ئیتر هەموو کێشەکان هیچ بایەخێکیان نییە.

شاعیرێک بە هەموو ئەندازەیەک پڕ لە ئەوین و جوانیی، هەمیشە بوێرانە لە دەربڕینی ئەوینداری نێوان مرۆڤەکان نەسڵەمیوەتەوە و هەمیشە لە هەستەکانی نەترساوە سەبارەت بە ڕق و خۆشەویستی و سەبارەت بە جیاوازییەکانی ژن و پیاو لە شیعرەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە، وەک لەم چەند کورتە شیعرانەدا دەردەکەوێت: 

ئەوین
ئەوەی خۆشەویستی دەکات
ڕووناکییەکی جوانە
ئەوەی ڕقلەبەرە
ڕووناکییەکی جوانە
با ڕق و کینە گەورە بێت
باشترە لە کەم ئەوینی
باشترە لە کەم ڕقلەبەرێتی

بۆ ژن
پەیامی زۆر سادەی من
بۆ ئەو کچانەی کە دەیانناسم ئەوەیە
کە هێندەش ئاسان نییە پیاو بیت
****
لە ڕەگەزدا ئەوین دەردەکەوێت
لە ئەویندا ڕەگەز دیار نامینێت
هەر بۆیە ڕەگەز دەرگای ئەوینە
کرانەوەیەکی کراوەیە
رێگایەکە بۆ ڕێگا.

هەموو کاتێک ویستوویەتی بە کتێب و ئەزمونی شیعری جیاواز خوێنەرانی سوپریز بکات، بۆ نمونە لە دەفتەرە شیعرێکی دا و لە شوێنێک وا دەنووسێت:

مادام دەسەڵات، یان دەسەڵاتی میدیا
کۆنتڕۆڵی ئاگایی خەڵک دەکات
من زیاتر ئەو جێگایەی کە هیچ ئاگاییەکی تیا نیە 
زیاتر ڕامدەکێشێ بەرەو نەشئە
کێشە نییە چۆن و لە کوێوە ئەو نەشئەیە دێت
مادام ئاگاییەکەم  بە مەتریاڵی بۆ شیدەکاتەوە.
ئەوە ئەو ڕووناکییە پەرشەیە
وەک شەختەیەکی تاریک.

شیعرەکانی کراون بەگۆڕانی و بەناوبانگترییانن ئەم شیعرەیە کە لێرەدا بەشێکی کورتی دەخەینە ڕوو: 

هۆگری ژیانی ڕۆژانەم

هۆگری ژیانی ڕۆژانەم
زیاتر من هۆگری ژیانی ڕۆژانەم
هۆگری ئەو بەخەبربوونەوە هێواشەم بەرەو دیمەنێکی ناسراو
هەر چەندە زۆر ناسراویش نییە

خێزانێک بە ڕاڕەوەکە بە ئاگاییەوە 
بەناو ڕوخسارە نەناسراوەکاندا تێدەپەڕێت

ماچکردنی بەیانیان
پۆستەکان بە داڵانەکاندا دەتوێنەوە
بۆنی قاوە
پیاسەکانی ڕۆژانە بەرەو کۆشکەکە
بۆ کرینی شیر و جگەرە
هۆگری ژیانی رۆژانەم
هەرچەندە لە ڕووبەروو بوونەوەی هەموو گازندەکان
ئۆتۆبووسەکە بەسەر شەقامەکاندا پەرەتەوازە دەبنەوە
پەیوەندییە تەلەفۆنیەکان شۆخەکان دەشێوێنن
هیچ غەریبییەک لە حەوزی ماسییەکەم بەدی ناکرێت
باڵندەکان لە قەفەزەکانیاندا دەخوێنن
دراوسێیەکی پیر بەویانەدا تێدەپەڕێت
منداڵەکان لە باخچەی ساوایان دەهێنرێنەوە
لیستی شتومەک کرینەکە لە گیرفاندایە
کە بریتیە لە کڕینی گۆشت، پەتاتە، قاوە و پسکیت
من هۆگری ژیانی ڕۆژانەم
عاشقیم
ئەی هاوار چەند هۆگری ژیانی ڕۆژانەم
هۆگری بۆن ناخۆشی ژیانی ڕۆژانەم. 

دان تورال حەزێکی زۆر بە ژیانی ناو شار هەبوو، نهێنی ناو جەرگەی شار و کوچە و کۆڵانەکانی بە هەموو تاوان و شوێنە نهێنییەکانی ناو شار ئیلهامی بە خشیە بۆ نووسینی ١٢ زنجیرە ڕۆمانی تاوان لە ژێر ناوی (کوشتنێک لە تارییکیدا) کە بووە جێێ ناوبانگ و بایەخی خوێنەران. 
شاعیرێک بوو بە هاوتا لەگەڵ مۆسیقا، و بەتایبەت لەگەڵ  مۆسیقای جاز، بەشێوەیەک وا هەست دەکەیت ئەوەی کە دەینووسێت ئەدەبێکی پاک و بێگەردە بە مۆسیقا. وەک لێرە باس لە تەمەن دەکات:

بەڵێ ئەوەی سەیرە لە تەمەندا ئەوەیە
ڕۆژگارەکان درێژتر دەبنەوە 
لەکاتێکدا ساڵەکان کورتر دەبنەوە.

بەڵام زیادەڕەوەی لە خورادنەوەی ئەلکهول وای لێکرد شەکەتتری بکات و چەند کاتژمێرێک بە دیار نووسینەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نەخۆشتری دەکات. بەڵام بەردەوام دەبێت لە نووسین و شیعر نووسین لەلای ئەو بۆ جێژ و دورکەتنەوە بوو لە بەدخواردنەوەی ئەلکوهەل. هەمیشە سەرسامی خۆی بۆ گەردوون و خەڵک و سەرقاڵیەکانی ژیان دەربڕیوە. هەمیشە دەیوت: ''نانووسم بۆئەوەی شتم بیربکەوێتەوە بەڵکو دەنووسم بۆ لەبیرکردنەوە''.

هەر لەبەر ئەوەشە کە لە شارەکەی خۆیدا مەیدانێک بە هەموو پیەتەکانی ئەلفابێت بەناوەی ئەوەوە ناونراوە. بۆیە ئێستاشی لەگەڵ بێت شیعرەکانی دان تورال دەخوینرێتەوە و بەردەوام هەوادارانی وەک یادکرندەوەی شاعیرەکەیان لەسەر گۆڕەکەی قەڵەم بەسەر گۆڕەکەی دەچەقێنن وەک یادێک بۆ خوێندنەوەی شیعرەکانی.


دان تورال  Dan Turèll بە ''مامە دانی" یش ناسراوە شاعیری دانیمارکی لە دایکبوی ساڵی ١٩٤٦ و لەساڵی ١٩٩٣ بە نەخۆسی ژێپەنجە کۆچی دوایی کردووە. یەکێکە لەو شاعیرە دانیمارکانەی زۆرترین جەماوەر و خوێنەری هەیە و بە ڕادەیەکی زۆر کاری کردۆتە سەر ئەدەبی نوێی دانیمارکی. یەکەمین دەفتەرە شیعری خۆی بە ناوەی ''لەرینەکان'' لە ساڵی ١٩٦٦ دا بڵاوکرۆدتەوە. کارەکانی نزیکی ١٠٠ کتیب دەبن لە نێوان شیعر و پەخشانە شیعر و بیرەوەری و زنجیرە ڕۆمانی تاوان. وەک شاعیرێکی نوێخوازی ئەو سەردەمە زۆر کاریگەری بە شاعیری ئەمریکایی تی. ئێس. ئیلۆت هەبووە لە شەستەکاندا. دان هەرگیز بۆچوونە سیاسیەکانی نەدەشاردەوە و بەردەوام دیدە چەپڕەوەکانی خۆی ئاڕاستەی تەوژمی حافزکارانی دانیمارک وتۆتەوە و تا سەرئیسقان بەدوای دادپەروەری و یەکسانی دەگەڕا بۆ هاومرۆڤەکان.

*(ڤانگاد) ناوچەیەکی مەحافکارانە و جێنشینی نووسەرە.

سەرچاوە: ماڵپەڕی (پەڕەی ئەدەب) بە زمانی دانیمارکی. 


ڕیکلام