ڕۆمانی خورمای سەر پەنجەکان

  2020-10-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

وەک سەباح هورمز لە وتارێکیدا دەربارەی ئەم ڕۆمانە دەڵێت: (ئەگەر عەلی بەدر سێ ڕۆمانی نووسیبێت، هەریەکەیان گوزارشت لە قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووی عێراق بکەن، کە هەر ڕۆمانێکیان دوو سەد لاپەڕە دەبێت: (بابا سارتەر) مێژووی ساڵانی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکان، (مامۆستایانی وەهم) ساڵانی هەشتاکان، (ژنە کافرەکە) ساڵانی دوای ٢٠٠٣ بگێڕنەوە؛ ئەوا محسن ئەلڕەملی ئەم سێ قۆناغە لە ڕۆمانی "خورمای سەر پەنجەکان" دەگێڕێتەوە.)

تێمای سەرەکی ئەم ڕۆمانە لە دەوری سێ کارەکتەری سەرەکی دەخولێتەوە، کە سەر بە سێ نەوەی جیاواز و خاوەن سێ ئایدۆلۆجیای جیاواز و سێ دنیابینی جیاوازن، ئەوانیش: باپیر (حاجی موتڵەق) خاوەن کاریزما و سەرۆکی خێڵەکەی خۆیان و خاوەن ئیمانێکی پتەو و کەسایەتیی بەهێز. باوک (نووح)، کە دەبێتە کوڕی موتڵەق و لە دێیەکەی خۆیان کەسایەتیییەکی بێئەندازە گوێڕایەڵ بۆ باوکی و ئیماندار، بەڵام لە ئەوروپا ڕوویەکی نوێ لە کەسایەتیی دەردەکەوێت، کە خاوەن کەسایەتییەکی سەرکێش و یاخی و لێوانلێو لە حەزی بۆ ئافرەت و مەیخواردنەوە و گاڵتەوگەپ و خۆشنوودی. هەروەها کەسایەتی سێیەم کوڕ (سەلیم)، کە خودی چیرۆکخوانی ڕۆمانەکەیە کەسایەتییەکی ئاشتیخواز و خۆپارێز و دوور لە کێشە.

چیرۆکەکە لەو کاتەوە دەست پێدەکات، کاتێک نووح کچەکەی خۆی (ئیستەبرەق)-کە دەبێتە خوشکی سەلیم- دەبات بۆ تکریت بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی، لەو کاتەدا خوشکەزای سکرتێری جێگری سەرۆک دەست دەبات بۆ سمتی ئیستەبرەق. نووح بەو دیمەنە کۆنترۆڵی خۆی لەدەست دەدات و بە توندی لێی دەدات و سێ گوللـە لە دەمانچەی کوڕەکە دەردەهێنێت و دووانیان لە قوونی دەچەقێنێت و فریای سێیەم ناکەوێت و دەمێنێتەوە بۆ کاتێکی تر. بەمەش کێشەکە گەورە دەبێتەوە و ئاگری ئەم بەڵایە هەتا کۆتایی ڕۆمانەکە لەگەڵ ئەم خێزانە بەردەوام دەبێت.

تەکنیکی ڕۆمانەکە لەسەر ئەو لەیەکچوون و جیاکارییانە بنیاد نراوە، کە لە نێوان ئەو سێ کارەکتەرە لە لایەک و هەر کارەکتەرێک لەگەڵ خۆیدا، یان لەگەڵ کەسایەتییە دژبەرەکەی لە ناخی خۆیدا لە لایەکی تر هەڵی گرتووە. تاکە شتێک هەموو ئەم کەسایەتییە جیاواز و لەیەکچووانە کۆدەکاتەوە ئەویش خورمایە؛ وەک هێمایەک بۆ خاک، بۆ نیشتیمان، بۆ ئەو خەونەی لە ناوکەکانیدا ژیان بە چەندین شێوە تێیدا بەرجەستە بووە، کە لە کاتی خوێندنەوەیدا، خوێنەر پەی بەو مێژووەی خورما و نهێنییەکانی لە نێو ئەم خێزانەدا دەبات.

محسن ئەلڕەملی نووسەر و وەرگێڕێکی عێراقییە و لە ئیسپانیا دەژی. جگە لە چەند کتێبێکی شیعری و چەند شانۆگەرییەک و چەندین بەرهەمی وەرگێڕان لە ئیسپانی و عەرەبییەوە، خاوەنی شەش ڕۆمانە، کە تا ئێستا پێنج دانەیان کراون بە کوردی. ڕۆمانی خورمای سەر پەنجەکان دووەمین ڕۆمانی محسن ئەلڕەملییە ساڵی ٢٠٠٩ بڵاو کراوەتەوە و لە ساڵی ٢٠١٩ وەرگێڕ (ڕەنجدەر جەبار) کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ڕەهەند چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. لە ڕۆژانی ئایندەدا هەمان ناوەند چاپی دووەمی ئەم ڕۆمانە و ڕۆمانی (باخچەکانی سەرۆک)ی هەمان نووسەر، کە ئەویش وەرگێڕی ناوبراو کردوویەتی بە کوردی، بڵاو دەکاتەوە. 


ڕیکلام