هەفتەی داهاتوو لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی هەرێم كۆدەبێتەوە

  2020-10-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو لیژنەی ئۆپراسیۆنەكانی هەرێم كۆدەبێتەوە و هۆكارەكانی زۆری ژمارەی مردنیش بە كۆرۆنا لە شارەكە ئاشكرا دەكات.


هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەوانان رایگەیاند، دۆخی كۆرۆنا لە سنوری سلێمانیدا لە دۆخێكی سروشتی خۆیدایە و بە تەواوی بڵاوبووەتەوە و شارەكانیتریش دۆخیان خراپتر دەبێت. 

پارێزگاری سلێمانی لەبارەی دۆخی تەندروستی شارەكەوە وتیشی، لە ئێستادا بە هاوكاری خەڵكی خێرخواز و شارەكە  تواندراوە كەرەستە و پێداویستیەكان كەموكورتی نەبێت هیوادارین سەرمایەی مرۆیی كەرتی تەندروستی زیاد بكرێت كە ئەوەش بە حكومەتی هەرێمی كوردستاند دەكرێت. 

لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری ژیان هەڤاڵ ئەبوبەكر وتی: هۆكاری زیادبوونی مردن لە سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ خراپی بژێوی خەڵك، بڵاوبونەوەی پەتای وەرزی، هاتنی خەڵكی لە شار و شوێنەكانی دیكەوە دێنە سلێمانی بۆ چارەسەری پزیشكی و مردنیشیان لەسەر سلێمانی هەژمار دەكرێت، وە تەندروستی سلێمانی ئامارەكانی مردنیش ناشارێتەوە. 

ناوبراو روونیكردەوە میدیاكان رۆڵی كاریگەریان هەیە لە هەڵمەتی هۆشیاری و راگەیاندنەوەی قەدەغەی هاتووچۆش چیتر وەك پێویست سودی نابێت، و دەشڵێت لیژنەی ئۆپراسیۆنەكان هەڵنەوەشاوەتەوە و بەردەوامین لە كارەكانمان. 

ئەوەشی ئاشكراكرد، لە هەفتەی  ئایندە لیژنەی ئۆپراسیۆنەكانی سلێمانی كۆدەبێتەوە و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنی هەرێمیش لە هەفتەی داهاتوو كۆدەبنەوە بۆ گرتنەبەری رێكاری پێویست. 


ڕیکلام