من و تۆ
له‌ژێر کۆنترین چه‌تری
زه‌مه‌نێکی پڕ له‌فۆبیا
وه‌ک دوو بوونه‌وه‌ری تۆقاو
له‌هیچێتی دنیایه‌کمان ده‌ڕوانی
که‌ناکرێت
به‌نێو ڕاڕه‌وه نهێنییه‌کانیا
بچینه‌وه سه‌ر یه‌قینی ئه‌و
فرمێسکانه‌ی
که‌له‌چاوی هه‌موو ئه‌وانه‌ی
که‌وه‌ک ئێمه‌ن
دێنه خوارێ
من و تۆ
له‌ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا
خۆمان له‌دڵۆپه بارانه‌کانی
وه‌رزێکی نه‌زانراو ده‌شارده‌وه
که‌لێوانلێو بوو له‌حوزنی
سه‌ده تاریکه‌کان
تۆ ئه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ناتناسم
نه‌ده‌بوو له‌ساتێکا پێکه‌وه‌بین
که‌جگه له‌ئێمه که‌س پێکه‌وه
نه‌بوو
ساتێک بوو
له‌نه‌حس و خورافه‌ی نه‌هاته‌کان
له‌ساتێکی ئاڵۆشاویی لینج
له‌لینجاویی
سه‌ر خه‌نجه‌ری خیانه‌تی
سولاله‌یه‌ک؛
له‌توخمی به‌شه‌ره بێڕه‌نگه‌کان
نه‌تده‌زانی
گه‌ر جێم بهێڵی چه‌تره‌که‌مت
له‌گه‌ڵ دێ..
یان بێ ئاگا
بۆ خۆت ده‌یبه‌ی!؟
نه‌تده‌زانی هه‌ر که‌بڕۆی
له‌نێو کوچه‌و کۆڵانێکی زه‌مه‌نا
ده‌بیته هاڵاوی خاک
یان له‌گۆپکه‌و گه‌ڵای دره‌ختێکا
غه‌یب ده‌بی..
پێش ئه‌وه‌ی داکاته باران
دڵنیام تۆ لێره بووی؛
له‌پاڵ دزێوترین په‌یکه‌ری پیاوێکا
ڕاوه‌ستابووی
وه‌ک هه‌میشه
ده‌نگت هه‌مان بۆنی
گوڵه کوێله‌و
دره‌خته‌کانی دارستانی قوڕی
لێده‌هات
تۆ ئه‌ی ئه‌وه‌ی
سیمات به‌ڕه‌نگی دوورترین
ده‌ریایه‌ک ده‌چێ
که‌چاوه ژه‌نگاوییه‌کانی یه‌ئسی لێ
ده‌بارێ
ساڵانێک به‌دیار پیربوونمه‌وه
چاوه‌ڕێ بووی
تاگه‌نجێتیت
له‌تاکه ئاوێنه‌یه‌کی ژووره‌که‌ما
بوو به‌ته‌نها وێنه‌یه‌ک..
نه‌ده‌بوو ئاله‌وێدا جێم بهێڵی و
ببیته کۆتره باریکه‌و
به‌سه‌ر ئاسمانی ڕه‌ش داگه‌ڕاوی
دزێویما هه‌ڵفڕیت
نه‌ده‌بوو له‌ژێر بارانێکا،
جێم بێڵی
که‌به‌چه‌شنێک ته‌ڕم ده‌کا
ئیدی به‌هیچ وشک نابمه‌وه..
نه‌تده‌زانی گه‌ر تۆ بڕۆی
من ته‌نها له‌و ساته‌وه‌خته‌ی
ته‌ڕبوونه‌دا ده‌مێنمه‌وه
نه‌تده‌زانی تاسه‌ر ئێسک ته‌ڕ ده‌بم
و بۆ هه‌تا هه‌تایه
له‌و شوێنه‌دا که‌جێت هێشتم
ده‌بمه په‌یکه‌ر و
ده‌بێت ڕۆژانه
سه‌دان پیاده‌ڕه‌و تێم بڕوانن
جار جارەش
سه‌گی به‌ڕه‌ڵڵا میز له‌په‌نامدا بکه‌ن
نه‌تده‌زانی ئیدی هه‌ر به‌ته‌ڕی ده‌مێنمه‌وه‌و
له‌ژێر هیچ هه‌تاوێکدا
وشک نابمه‌وه