ئەلزا ئارام: هونەر بۆ من ڕێگایەکە گەڕانەوەی نییە و بەردەوامی هەیە

  2020-10-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سازدانى: داستان

هونەر تەنیا بوارێک نییە، بەڵکو لە ناو هەر کام لە جۆرەکانى هونەردا کۆمەڵێک ڕەگەزى دیکە هەن کە هونەر بەبێ ئەوان ئەنجام نادرێت، لە ناو هونەرى شانۆ و سینەمادا ئارایشت یەکێک لە ڕەگەزە گرنگەکانە و ئەگەر بە وردیش مامەڵەى لەگەڵدا بکەین بۆخۆى دەبێتە هونەرێک کە ئەنجامدەرەکەى دەتوانێن توانا و بەهرەى خۆى تێدا نیشان بدات، ئەلزا ئارام خاوەنى بڕوانامەى دیبلۆم لە شانۆ و بەکالۆریۆسە لە سینەمادا و چەند ساڵێکە لە بوارى شانۆ و سینەمادا کار دەکات، چ وەک دەرهێنەر، چ وەک ئاکتەر، چ وەک مایکئەپ ئارتێست،.. بۆیە لەم دەرفەتەى (تۆڕى هەواڵى ژیان)دا مەبەستمان دەربارەى هەندێک بابەتى تایبەت بە ئارایشت ئەو بدوێنین.

*تاکو چەند ئارایشت جێگەى خۆى هەیە هونەرى شانۆ و سینەمادا؟

گرنگی ئارایشت لەهونەری سینەمادا نیشاندانی بەشێکی دیاری ڕووخساری کارەکتەرەکەیە کاتێک بە نمونە دەتەوێت وەسفی ئەکتەرێکی ڕووخۆش یاخود غەمگین یا پیرکردن وە یاخود برین و جۆرەکانی تر بکەیت ... هەموو ئەمانە دەبنە وەسیلەیەک بۆ خزمەتی کارێکی هونەری وە بۆ ئەکتەر بەتایبەت ، بۆ شانۆش بەهەمان شێوە بەڵام جیاوازتر لەسینەما دەبێت ئارایشت بەشێوەیەکی تۆخ و بەرچاو بکرێت واتا زیادەڕەوی تێدا دەکرێت.

*ئەو بەرەپێشچوونانە چین ئارایشت بە خۆیەوە بینیوە؟ لە ڕووى ماددەى بەکارهێنان و تەکنیک و هونەرییەوە؟

لەدونیای هونەری ئێمەدا ئارایشت تاڕادەیەکی باش پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە دیوە بەو پێیەی کە لەساڵانی ڕابردوودا مەوادی باش و پێویستی و بەرهەمەکانی ئارایشت بەردەست نەبووە ، ئەمە هۆکارێک بووە بۆ گرنگی پێنەدانی و بەهەند وەرنەگیراوە لەکارە هونەرییەکاندا ، وە ڕێگەیەکی ئاسان نەبووە بۆ بەدەستهێنانی ناچار هەوڵدراوە سوود لەڕەنگ و بابەتی سروشتی وەربگیرێت . بەڵام لەئێستادا جیاواز لەساڵانی ڕابردوو گرنگی پێدەدرێت و کار بەکەسانی شارەزا دەکرێت بۆ ڤیدیۆ کلیپ و ڕیکلام ... لێرەدا ئەمەوێت بڵێم ئەوەی کە جێگای نیگەرانییە کەسانی پسپۆڕو شارەزا ژمارەیان زۆر کەمن، ئەوانەش کە ئامانجیانە فێربن هیچ دەرفەت و بوارێکیان بۆ نەڕەخساوە بخوێنن و قوڵبنەوە لەم هونەرەدا تەنها بەهەوڵی خۆیان فێری ئارایشتی جوانکاری بوون کە ئەمە دوورە لەکارە هونەر و سینەماو شانۆوە . لەبیرمان نەچێت هەمیشە لەکارە شانۆییەکاندا ئارایشت بەکارهاتووە ، بەڵام بەبڕوای من لەچوارچێوەیەکی داخراودا ماوەتەوە هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا نەکراوە تاکو ئەم ساتەوەختەی ئێستاشمان.

*ئایا ئێمە کەسانێکمان هەن پیشەمەندانە ئەم کارە بکەن؟ یان تەنیا وەک کارێکى لاوەکى دەکرێت؟

هونەر هیچ کات لەلای ئێمە نەبۆتە پیشەیەک کە بتوانین لەسەری بژین ، بێگومان لەپاڵ کاریتردا دەتوانرێت ئەو بۆشایی پڕ بکرێتەوە.

*بەو پێیەى تۆ لە هەدوو بوارى شانۆ و سینەمادا کارى ئارایشتت کردووە دەمانەوێت بزانین جیاوازى چییە لە نێوان ئارایشتى شانۆ و سینەمادا؟

ئەو جیاوازیانەی هەیە لەئارایشتی شانۆدا ئەوەیە کە دەبێت زیادەڕەوی تێدا بکرێت و بەشێوەیەکی تۆخ ئەنجام بدرێت بۆئەوەی لەچاوی دوورترین بینەری ناو هۆڵێکی شانۆوە ڕوخساری ئەکتەر ببینرێت ، بەڵام دەربارەی کاری سینەمایی بەپێچەوانەوە دەبێت ئەکتەر ڕوخسارێکی زۆر سادەو سروشتی هەبێت زیادەڕەوی تێدا نەکرێت ، چونکە کاتێک ڕوخساری ئەو ئەکتەرە لەفرەیمێکی نزیکدا وەردەگیرێت وادەکات ئەکتەرەکە نائاسای وەک بوکەڵەیەک دەرکەوێت.

*نوێترین کارى کە وەک ئارایشتکار کارت بۆ کردبێت؟ بەرنامەى ئایندەت چییە لەم بوارەدا؟

نوێترین کاری من بەشداری کردنم بوو وەک مایکەپ ئارتیست لەشۆت فیلمێکدا بەناوی (وێڵاش) ، لەدەرهێنانی دێنی بەکر ، لەم کورتە فیلمەدا جیاواز لەکارەکانی پێشترم دروست کردنی سکی ئافرەتێکی دووگیان بوو هەروەها منداڵێک بەناوک و وێڵاشەوە  بۆ ساتەوەختی لەدایکبوونی کۆرپەیەک کە وا پێویست بوو بۆ فیلمەکە . هونەر بۆ من ڕێگایەکە گەڕانەوەی نییە و بەردەوامی هەیە ، بۆیە هەمیشە بەدوای جۆرێک لەکارکردنەوەم کە جیاوازو سەرنجڕاکێش بێت بۆ وەرگر ئەگەرچی زۆر ماندوبوونیشی پێویست بێت چێژبەخشە دووبارە هێزم پێدەبەخشێتەوە بۆ دەستپێکردنەوەو گەڕان و تازەبوونەوە .


ڕیکلام