زارێ

  2020-10-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قەندیل بێستون

زارێ گیان

لەم زەمینە بێزراوە

بێزارم

هێندە بە دوای ڕزگارکەرێکا گەڕاوم

خۆم ون بووم؛ بینیم بە دووی خۆمدا دەگەڕێم

ئاخر بێزار بووم هێندە ڕزگارکەر بم ئەمن .

زارێ گیان،

گەر خۆم ون بم و ڕزگارکەر بم، کێم ئەمن؟

دە بێرە گۆ، بێ تۆ، چ بکەم ئەمن؟

زارێ گیان

پڕم لە زریان

ئەو زریانانەی چەشنی گریانی خودان

ئەو گریانانەی چەشنی کۆتایین؛ پەسڵان

دەتگوت: زامدارم بێ تۆ

دەمگوت: لە هەموو شتێک زویرم، بێ تۆ

دەمگوت: بێرۆ، دەترازێم بێ تۆ

دەتگوت: ناتوانم، دایکم لێم زیزە بێ هۆ

خۆزگە دەتزانی چەند خوازیارم بۆ ئامێزت

چەند شەیدا بۆ ماچێکت، بۆ نازێکت

ئێستایش، ناتوانی بزانی ئەم دابڕانەمان؛

چەندە خۆمی لێ دوور خستمەوە، چەند لە خودان

دە بێرە گۆ، بێ تۆ، چ بکەم ئەمن؟

زارێ گیان

بیرتە، لە دەم زێیەکاندا، چەند خۆشم دەویستی؟

چەند شەیدایانە سەمام لەگەڵ دەکردی؟

بیرتە، لە زناری شاخەکاندا، چەند هاوارم بۆ دەکردی؟ شیعری عاشقانەم بۆ دەگوتی؟

دەمگوت: زارێ

دەتگوت: گیانێ

دەمگوت: ماچم بکە نازدار حەیرانێ

نازت دەکرد و

بزەت دەکرد و دەتگوت: ئەوڕۆ نا، بابم دەمبینێ

دەمگوت: ئەدی سبەینێ؟

بیرمە، کەزییەت لادەبرد و بە دزییەوە ماچت دەکردم؛ بە چرپەوە پێت دەگوتم :

تەنێ تۆم لە دونیا دەوێ .

زارێ گیان

ئێستا

بێدەنگیم؛ کەس نالەرزێنێ

هاواریش بکەم؛ کەس نامدوێنێ

دەنگێک لە زاری تۆوە نەبێ؛ نامبزوێنێ

دە بێرە گۆ، بێ تۆ، چ بکەم ئەمن؟

نە گوێیەک هەیە بزرینگێتەوە

نە مێشکێکی زرنگ؛ تاوەکوو تێبگا

تاریک بوو ژینی زێڕەوشانم

دە بێرە گۆ، بێ تۆ، چ بکەم ئەمن؟

زارێ گیان

وەختێ ڕووت لێم نییە

بێ بزەم؛ ڕەنگی ڕووم زەرد هەڵگەڕاوە

خۆر ئارەزووم دەکات

لە کاتێکدا من عاشقی تریفەی مانگم

هاوڕێی کاکێشانم

ناسیاوی ئەستێرەکانم

دوژمنی ئەم هەموو زەریا و زرێبارانەم

کە زبر و زەنگی دەخەنە نێو جیهانم

دە بێرە گۆ، بێ تۆ، چ بکەم ئەمن؟

زارێ گیان

خۆ دەزانم هەرگیز ساڕێژ نابێت برینمان

ئای زەمانە چەندە زاڵم بوو لە هەمبەر ڕاز و نیازەکانمان

لە پێناو چی بمرم، دەژیم ئەمن؟

کام زیوار بگرمە بەر، دەمگەیەنێ بە تۆ؟

ئەم بێزارییە، بێ زاری کردووم

زارێ گیان، بێ تۆ، چ بکەم ئەمن؟


ڕیکلام