ئێران.. بەرزترین ژمارەی گیان لەدەستدان بەکۆرۆنا لەڕۆژێکدا تۆمارکرا

  2020-10-11  | 
تاران
بەرزترین ژمارەی گیان لەدەستدان بەکۆرۆنا لەڕۆژێکدا لەئێران تۆمارکرا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٥١ توشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و ئەوەش بەرزترین ئاماری ڕۆژانەی گیان لەدەستدانە بە ڤایرۆسەکە، کە تاوەوکو ئەمڕۆ لەو وڵاتە تۆمارکراوە.

سیما سادات لاری وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا سێ هەزار و ٨٢٢ حاڵەتی دیکەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش هەزار و ٧٢٤ نەخۆشیان لە نەخۆشخانە خەوێندروان.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەو ماوەیەدا ٢٥١ توشبووی کۆرۆنا لە ئێران گیانیان لەدەستداوە و بەوەش کۆی گشتی مردووانی کۆرۆنا لە وڵاتەکە، گەیشتووەتە ٢٨ هەزار و ٥٤٤ کەس.

دووپاتیشیکردەوە، پارێزگاکانی تاران، ئەسفەهان، قۆم، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، خوراسانی باشوور، سمنان، قەزوین، لوڕستان، ئەردەبیل، خوزستان، کرماشان، کەهگیلویە و بۆیرئەحمەد، گیلان، بوشەهر، زەنجان، ئیلام، خوراسانی رەزەوی، مازندەران، چوارمەحال و بەختیاری، ئەلبورز، ئەزەربایجانی رۆژئاوا، مەرکەزی، کرمان، خوراسانی باکوور، هەمەدان و یەزد لە دۆخی سووردان.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران راشیگەیاند، پارێزگاکانی سنە و هۆرمۆزگان و فارس و گوڵستان لە دۆخی هۆشداریدان.

ماوەی چەند ڕۆژێکە ئامارەکانی توشبوون و گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران لەهەڵکشاندایە و بەو هۆیەشەوە لە تارانی پایتەخت ڕێوشوێنە تەندروستییەکان توندتر کراونەتەوە و زۆربەی شوێنە گشتییەکان داخراون، هەر کەسیش بەبێ دەمامک لە ماڵ بچێتەدەر، بەبڕی ٥٠ هەزار تمەن سزای دارایی دەدرێت.

بەپیی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٥٠٠ هەزار و ٧٥ کەس لەو وڵاتە تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش ٢٨ هەزار و ٥٤٤ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ٤٠٦ هەزار و ٣٨٩ نەخۆشیش بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.



ڕیکلام