ئاماری گیان لەدەستدان بەکۆرۆنا لە ئێران بەرزبووەوە

  2020-10-05  | 
تاران
ئاماری گیان لەدەستدان بەکۆرۆنا لە ئێران بەرزبووەوە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئاماری گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران جارێکی دیکە بەرزبووەوە و لە شەو و ڕۆژی رابردوودا ٢٣٥ کەسی دیکە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

سیما سادات لاری وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا سێ هەزار و ٩٠٢ حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرتاسەری ئێران تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش هەزار و ٩٥٣ کەسیان لە نەخۆشخانە خەوێندروان و لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەو ماوەیەدا ٢٣٥ تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ماوەی چەند هەفتەیەک بوو ئاماری تووشبوون و گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردبوو و ڕۆژانە کەمتر لە ١٥٠ کەس بەڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستدەدا.

ئەوەشی خستەڕوو، چەندین پارێزگای ئێران لەوانەش تاران و ئەسفەهان و قوم و کرماشان و لوڕستان و هەمەدان و گیلان و ئەردەبیل و سمنان و یەزد لە دۆخی هێڵی سوری نەخۆشییەکەدان.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕاشیگەیاند، باردۆخی پارێزگاکانی سنە و هۆرمۆزگان و فارس و گوڵستان مەترسیدارە و ئاوا بڕواتەپێش، ئەو چەند پارێزگایەش دەچنە هێڵی سورەوە.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ ٤٧٥ هەزار و ٦٧٤ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش ٢٧ هەزار و ١٩٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و باری تەندروستی چوار هەزار و ١٦٧ نەخۆشیش ناجێگیرە و لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدان، هەروەک  ٣٩٢ هەزار و ٢٩٣ تووشبووی کۆرۆنا بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.  



ڕیکلام