ئێران سزای دارایی ئەو کەسانە دەدات کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان نابن

  2020-10-10  | 
تاران
ئێران سزای دارایی ئەو کەسانە دەدات کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان نابن
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆک کۆماری ئێران سزای دارایی ئەو کەسانەی دیاریکرد، کە لە تارانی پایتەخت پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان نابن و رێکارەکانی خۆپارێزی پێشێل دەکەن.

حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ژمارەیەک بڕیاری نوێی بۆ رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان لە شاری تارانی پایتەختی وڵاتەکەی دەرکرد و بەپێی بڕیارەکەش:

-هەر توشبوویەکی کۆرۆنا لە ماڵ بچێتەدەر و خۆی کەرەنتین نەکات، بەبڕی ٢٠٠ هەزار تمەن سزای دارایی دەدرێت.

- هەر کەس دەمامک بەکارنەهێنێت، بەبڕی ٥٠ هەزار تمەن سزا دەدرێت.

-هەر شوێن و فەرمانگەیەک کارمەندەکانی دەمامک بەکارنەهێنن و خزمەتگوزاری پێشکەشی ئەو کەسانە بکات کە دەمامکیان بەکارنەهێناوە، بۆ جاری یەکەم ئاگاداردەکرێتەوە، جاری دووەم بەبڕی ٣٠٠ هەزار تمەن سزا دەرێت، جارێ سێیەم بەبڕی یەک ملیۆن تمەن و بۆ جاری چوارەمیش شوێنەکە دادەخرێت.

-هەر شۆفێرێکی تاکسی دەمامک بەکارنەهێنێت، بەبڕی ١٠٠ هەزار تمەن  و بۆ هەر سەرنشینێکیشی ئەگەر دەمامکی نەبەستبێت، بەبڕی ٢٠ هەزار تمەن سزای دارایی دەدرێت.

ماوەی چەند ڕۆژێکە ئامارەکانی توشبوون و گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران بە گشتی و لە تارانی پایتەخت بەتایبەتی روو لەهەڵکشانە، بۆیە زیاتر لە هەفتەیەکە رێوشوێنی نوێ لە تاران گیراونەتەبەر و رێکارەکانی خۆپارێزی توند کراونەتەوە کە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ شەممە ١٠ی١٠ی٢٠٢٠، سیما سادات لاری وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند، لە شەو و ڕۆژی ڕابردوودا سێ هەزار و ٨٧٥ حاڵەتی دیکەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەو وڵاتە تۆمارکراون و بەوەش کۆی گشتی ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون گەیشتووەتە ٤٩٦ هەزار و ٢٥٣ کەس.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەو ماوەیەدا ١٩٥ توشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و کۆی گشتی مردووانی کۆرۆنا لە ئێران، گەیشتووەتە ٢٨ هەزار و ٢٩٣ کەس.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕاشیگەیاند، لەئێستادا دۆخی تەندروستی تاران و ٢٧ پارێزگای دیکەی ئێران سوورە و پارێزگاکانی سنە و هۆرمۆزگان و فارس و گوڵستانیش لە دۆخی هۆشداریدان.



ڕیکلام