لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێران، پارێزگاری تاران رایگەیاند، لەمڕۆوە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بەشێکی زۆر لە ناوەندە حکومی و ناحکومییەکانی پایتەخت دادەخرێن.
پاڕیزگاری تاران بڕیاریدا بە داخستنی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و فیرکاری، مزگەوت و حسێینییەکان، سینەما، مۆزەخانە و پارک و شوێنە گەشتیارییەکان، ئارایشتگا و سالۆنەکانی جوانکاری، هۆڵەکانی وەرزش و چاییخانە و کافتریاکان.
هەروەک بەڕێوەچوونی سەرجەم ڕێوڕەسمە کۆمەڵایەتی و کڵتورییەکان لە تاران، تاوەکوو کۆتایی ئەم هەفتەیە قەدەغەکرا.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا و دوای بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی تاسوعا و عاشورا، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا و گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسەکە لە ئێران، جارێکی دیکە ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد.
ئەمڕۆ شەممە ٣ی١٠ی٢٠٢٠، سیما سادات لاری وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند، لە شەو و ڕۆژی ڕابردوودا سێ هەزار و ٥٢٣ حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرتاسەری ئێران تۆمارکراون و ١٧٩ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی دواین ئاماری
وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئەمڕۆ،
زیاتر لە ٤٦٨ هەزار و ١١٩ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تووشی کۆرۆنا بوون،
لەو ژمارەیەش ٢٦ هەزار و ٧٤٦ کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەک ٣٨٧ هەزار و ٦٧٥
تووشبووش پەتاکەیان تێپەڕاندووە و بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە.