16ى ئۆکتۆبەر.. خەنجەرى ریفراندۆم لە پشتى نەتەوەیەکدا

  2020-10-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دواى سێ هەفتە لە ئەنجامدانى ڕیفراندۆم لەکاتێکدا هێشتا گوێى خەڵکى کوردستان کاس کرابوو بە بەڵێنى دروستکردنى دەوڵەت، کورد لە باشورى کوردستان رووبەرووى گەورەترین مەترسى بووەوە کە هەندێک بە ئاشبەتاڵى ساڵى 1975 چوواندیان.

دواى ریفراندۆمى 25ى ئەیلولى 2017 عێراق هێزە سەربازییەکانى بۆ کۆنترۆڵکردنەوەى ناوچەکانى جێناکۆک کۆکردەوە چەند جارێک هۆشداریاندابووە بەرپرسانى هەرێم ئەوان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنانەىکە پێشمەرگە کۆنترۆڵى کردبوو دواى هاتنى داعش وەک سەربازگەکان و کێڵگەکانى نەوت.

حکومەتى هەرێمیش رەزامەندى دەربڕی بوو بەڵام رێککەوتنى سیاسی و سەربازى نەکرا پارتى و یەکێتى دواى چەندین دیدار و گفتوگۆ نەگەیشتنە رێککەوتنى کۆتایى عێراق ناکۆکییەکانى نێوان یەکێتى و پارتى قۆستەوە هەموو ناوچەکانى جێناکۆکى لە ماوەى 48 کاتژمێردا کۆنترۆڵکردەوە.

نزیکەى هەزار و 100 کیلۆمەترە کە لە خانەقینەوە بۆ رەبیعە درێژ دەبێتەوەدەکاتە 51%ى تەواوى خاکى باشورى کوردستان و نزیکەى 42 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە کە پێکهاتووە لە پارێزگایەک و 16 قەزا و 44 ناحیە.     

دواى رووداوەکە پارتى چەند سەرکردەیەکى یەکێتى کردە ئامانج و بە خیانەت تۆمەتبارى کردن یەکێتیش هەمان تۆمەتى ئاراستەى پارتى کردەوە کە بەهۆى گوێنەگرتن و حسابنەکردن بۆ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و عێراقەوە ریفراندۆمیان کرد و خۆشیان لە ئەنجامەکانى نەبان کرد نیوەى زیاترى خاکى کوردستان کەوتەوە دەستى بەغدا کە لە ماوەى سێ ساڵدا بەخوێنى زیاتر 1800 پێشمەرگەى شەهید توانرا بوو پارێزگارییان لێ بکرێت.

پارتى و بەتایبەتى مەسعود بارزانى کە لەوکاتەدا سەرۆکى هەرێمى کوردستان و فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان بوو سەربارى ئەوەى ئامادە نەبوون بەرپرسیارێتى ریفراندۆم بگرنە ئەستۆ لە ناوچەکانى ژێردەسەڵاتى خۆشیان بەرگرییان نەکرد هەر بۆیە بەردەوام ئەو پرسیارە دەکرێت ئەگەر کەسانێک لە ناو یەکێتییدا کەرکوک و ناوچەکانى دەوروبەریان تەسلیم کرد.

بۆ لە ناوچەکانى دەسەڵاتى پارتیدا بەرگرى نەکرا و تەسلیمى حکومەتى عێراق کرانەوە؟

حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى ئەو کاتەى عێراق و فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان دواتر لە چاوپێکەوتنێکدا رەتیکردەوە هیچ رێککەوتنێک یان هەماهەنگیان لەگەڵ لایەنێکى کوردییدا هەبوو بێت بۆ کۆنترۆڵکردنەوەى ئەو ناوچانە.

پانۆراماى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەر

دواى ئەوەى ژمارەیەک لە بەرپرسانى کورد بەبێ حیسابکردن بۆ هیچ شتێک ریفراندۆمیان ئەنجامدا عێراق لە سەرەتاى مانگى ئۆکتۆبەرى 2017 دا زۆربەى هێزەکانى کە لە شەڕى داعشدا بەشدارى پێکردبوون و  سەرکەوتنی گەورەیان لە مەیدانەکانى جەنگ بە دەستهێنابوو رەوانەى ناوچەکانى باشورى رۆژئاواى کەرکوک کرد.

لەگەڵ هاتنى ئەو هێزە زۆرە بۆ ناوچەکانى دەوروبەرى کەرکوک جۆرێک لە شڵەژان و دوو بۆچوونى جیاواز لەنێو بەرپرسانى سیاسى و سەربازى کورد دروست بوو بەشێک لە سەرکردەکانى کورد کە لە هەمانکاتدا سەرۆکایەتى ریفراندۆمیشان کردبوو بە حیسابى ورە بەرزکردنەوە دەیان وت ئەو هێزە بۆ شەڕ نەهاتووە و پێیان وانییە عێراق جارێکى تر شەڕى کورد و پێشمەرگە بکات.

تەنانەت رەخنەى توندیشیان لەو بەرپرسە ئەمنى و سەربازیانە دەگرت کە لەسەر بنەماى ئەو زانیارییە ئەمنیانەى لە بەردەستیان بوو باسى هەڕەشەکانیان دەکرد و دۆخە راستەقینەکەیان بە خەڵک دەوت ئەوان دەیان وت دڵنیان ئەو هێزە زۆرەى عێراق بۆ ئاشتى نەهاتووە بەڵام لە لایەن گروپى یەکەمەوە رەخنەباران دەکران بەوەى هەوڵى رووخاندنى ورەى خەڵکى کوردستان دەدەن ئەگەر نا هیچ هەڕەشەیەکى راستەقینە لە ئارادا نییە.

لە جیاتى ئەوەى ئەم گروپە بەجدى دابنیشن و گوێ لە پەیام و هەڕەشەکانى بەغدا بگرن.

رۆژى 10 مانگ، لاهور شێخ جەنگى یەکێک لە کەسایەتییە ئەمنییە بەهێزەکانى هەرێمى کوردستان هەر وەک چۆن پێش ریفراندۆم هۆشداریدا کە بەهۆى ئەم بڕیارەوە ناوچە جێناکۆکەکان دەکەونە مەترسییەوە.

 لە کۆتا رۆژى پرسەکەى مام جەلالیش کە هاوکات بوو لەگەڵ ئەو رووداوانەدا جارێکى تر لەرێى پەیامێکەوە هۆشداریدا کە ناوچە جێناکۆکەکان رووبەرووى مەترسى دەبنەوە و پێویستە سەرکردایەتى کورد بە خێرایی بکەونە خۆیان و لە بەردەم بەرپرسیارەتییەکى مێژووی و ئەخلاقیدان بەڵام وادیار بوو سەرکردایەتى کورد هیچ گوێییەکیان بە هۆشدارى و مەترسییەکان نەدا لەو لاشەوە بەغدا پەیتاپەیتا خۆى بۆ ئەو شەڕە یەکلاکەرەوەیە ئامادە دەکرد.

بەپێى زانیارییەکان بڕیاربوو رۆژى 12ى مانگ هێرشەکە بکرێت درەنگانێکى شەو بە ئاگادارى کۆسرەت رەسوڵ و مەلا بەختیار لاهور شێخ جەنگى بە حوکمى ئەو پێگەیەى کە هەی بوو پەیوەندى بە حەیدەر عەبادییەوە دەکات و پێى دەڵێت هێرشەکە رابگرێت، بۆیە عەبادیش رازى دەبێت و 48 کاتژمێر مۆڵەت دەداتە سەرکردایەتى کورد تا بکەونە دانوستان بۆ گەڕانەوەى هێزە عێراقییەکان.

رۆژى دواتر فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆمارى عێراق دەگەڕێتەوە هەرێمى کوردستان و هەوڵى کۆبوونەوەى  هەر دوو مەکتەبى سیاسى یەکێتى و پارتى دەدات لە دوکان بەڵام مەسعود بارزانى بە پاساوى جۆراوجۆر لە رۆژانى 13 و 14ى مانگ ئامادە نابێت ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت لەکاتێکدا مۆڵەتە 48 کاتژمێرییەکەى بەغدا لە 14ى مانگ کۆتایی دەهات.

دواتر بۆ ئەوەى دەرفەتێک بدرێت بە کۆبوونەوەکەى دوکان کە سەرەنجام لە رۆژى 15ى مانگ بەڕێوەچوو بەغدا بۆ ماوەى 24 کاتژمێرى دیکە مۆڵەتەکەى درێژکردەوە بەپێى زانیارییەکان تەنها دوو بەرپرسى یەکێتى لە کۆبوونەوەکەى دوکان کە ئەوانیش بافڵ تاڵەبانى و رفعەت عەبدوڵا بوون باسیان لە مەترسییەکان و هێرشى عێراق کردووە.

بەڵام لە بەرامبەردا شاندەکەى پارتى و بەشێکى زۆرى بەرپرسانى یەکێتیش وتبوویان کە عێراق فشار دەکات و بەنیازى هێرش نییە دواى کۆبوونەوەکە هەریەک لە نێچیرڤان بارزانى و مەلا بەختیار هاتنە بەردەم زوومى کامێراکان و لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسیدا رایانگەیاند کۆبوونەوەیەکى مێژووییان کردووە بەبێ ئەوەى وەڵامێکى فەرمى بەغدا بدەنەوە.

ئەنجامەکانى کۆبوونەوەى دوکان بە تەمومژاوى مایەوە و وەڵامێکى ئەوتۆى بەغدا نەدرایەوە وەک کاتى ریفراندۆمەکە هەڕەشەکان بەهەند وەرنەگیران لێرەوە بەغدا دڵنیا بووەوە کە درێژکردنەوەى مۆڵەت هیچ سودى نییە و سەرکردەکانى کورد ئامادە نین هیچ رێککەتنێک بکەن لەسەر گەڕانەوەى دەسەڵاتى ناوەند بۆ ئەو ناوچانە.

کاتژمێر 2ى بەرەبەیانى 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 لە ناوچەى تازەوە هێرشى سەربازى عێراق بۆ سەر کەرکوک دەستیپێکرد.

هێزە بەشدارەکانى عێراق لە هێرشەکەدا بریتی بوون لە

فرقەکانى 9 و 15ى سوپاى عێراق و فرقەى پێنجى سەر بە پۆلیسى فیدراڵى و لیوایەکى تایبەتى سەر بە هێزى ئاڵتونى و کە فەرماندەى گشتى هێزەکە و فازڵ بەروارى یەکێک لە بەرپرسەکانى پارتى بوو و لیوایەکى سەر بە وەڵامدانەوەى خێرا و سێ لیواى سەر بە رێکخراوى بەدر و لەگەڵ چەندین فرقە و یەکەى سەربازى دیکەى و حەشدى شەعبى و کە تێکڕا نزیکەى 18 هەزار چەکدار دەبوون.

لەو شەڕەدا کە نزیکەى 6 کاتژمێرى خایاند بەهۆى نابەرامبەرى هێز و ناکۆکى سیاسییەوە پێشمەرگە لە تێکڕاى ناوچەکانى جێناکۆک کشایەوە بەهۆى شەڕەکەشەوە 29 پێشمەرگەى یەکێتى شەهید بوون کە وەک فەرماندەکانیان رایانگەیاند زۆربەیان لە لایەن هێزى ئاڵتونییەوە کە فەرماندەکەیان پارتى بوو، شەهید کران.

زیاتر لە 70 کەسیش لە هێزە عێراقیییەکان کوژران بەڵام ئەنجامەکەى کشانەوەى پێشمەرگە بوو لە تێکڕاى ناوچەکانى جێناکۆکدا.

دواى رووداوەکان لێکدانەوە و شیکارى زۆر کران بەدواداچوون و لیژنەى جۆراوجۆر دروستکران بەڵام هیچیان نەگەیشتنە ئەنجامێکى قبوڵکراو لاى خەڵک حکومەت و دەسەڵاتى هەرێم لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتى و ناوچەییەکاندا پشتگوێخران.

بەتایبەتى بەهۆى ریفراندۆمەوە کورد دۆستەکانى لەدەستدابوو باسکى دەوڵەت بەهێزبوەوە موچەى فەرمانبەران بەتەواوەتى کەوتە مەترسییەوە عێراق تەواوى کێڵگە نەوتییەکانى سنورەکەى کۆنترۆڵکردەوە.

پرسیارێکى باو تائێستاش دەکرێت ئەگەر ریفراندۆم نەبوایە کورد بەو شێوەیە زیانى پێدەگەشت و بەغدا بە خێرایى دەگەڕایەوە؟

وەڵامى مەنهەجیش لاى زۆربەى چاودێران ئەوەیە ئەگەر ریفراندۆم نەکرایە و  بەدیلەکان قبوڵبکرایە رێککەوتن لەگەڵ عێراق بکرایە تەنها ئیدارەى هاوبەش هاوشێوەى پێش شەڕى داعش دروستدەکرا نە حەشدى شەعبى دەهاتنە ناو شارەکانەوە و  نە نیوەى خەڵکى ئەو ناوچانەش ئاوارەى هەرێمى کوردستان دەبوون.

لەمبارەوە رۆژنامەى نیویۆرک تایمزى ئەمریکى رۆژێک پێش هێرشەکە نوسیویەتى "ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەى عێراق دەبێتە یەکەم بەکارهێنانى سەربازى دژ بەهەوڵى جیابوونەوەى ناوچەکانى ئۆتۆنۆمى لە باکورى عێراق کە لە کۆتایى مانگى رابردوودا دەنگى بۆ درا".

دواى شەڕەکەش هەریەک لە ئەمریکا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و سعودییە و تورکیا و ئێران و  چەند وڵاتێکى دیکە پشتیوانیان بۆ عێراق دەربڕی.

رۆژى 25ى ئۆکتۆبەر حکومەتى هەرێم بە فەرمى ئەنجامى ریفراندۆمى سڕکرد بەغداش وەک هەڵوەشانەوە وەسفى کرد.

13 رۆژ دواى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەر مەسعود بارزانى لەژێر فشاردا دەستبەردارى  پۆستەکەى بوو پێشمەرگە گەڕایەوە بۆ سنورەکانى پێش کەوتنى رژێمى پێشووى عێراق لە 9ى نیسانى 2003

شاند و سەرۆک و بەرپرسانى وڵاتانیش کە پێشتر بەهۆى شەڕى داعش و بەهێزى پێگەى کوردەوە دەهاتنە هەرێمى کوردستان ئێستا لە بەغدا کورد دەبینن هەر ئەوانەشى بانگەشەى ریفراندۆمان دەکرد دەڵێن شانازى دەکەن کە عێراقین.