وەرە بەیەكەوە بژین

  2020-10-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
كەژاڵ ئەحمەد


سبەینێ واز
لەماڵەباجێنەی تەنیایی ئەهێنم
تۆش واز لە دارلاستیكی سەركێشی بهێنە.

من رێگەی هەموو رۆژێك و
ئەدرێسی ژیانم ئەگۆڕم
بەكۆدێكی زۆر نهێنی
كە دڵتە
تا هیچ كەسێ نەتوانێ بمدۆزێتەوە
كلیلی دڵم ئەشكێنم.

وەرە بەیەكەوە بژین...
لەناو ئینجانەیەكی زۆر بچكۆلەدا
كە عاشقێكی خوێنشیرین
لە حەوشەی خوێندنگەیەكی تێكەڵاوا
دایبنێت و
مامۆستایەك بەتاسەوە بۆنی بكا.

وەرە بەیەكەوە بڕۆین
بەرەو خوار
وەكو دەنووكی زۆر سووری دوو باڵدار
ئیتر لەناو یەكترا بین
بمناسێنە بەو چاوانەی سەیرمان ئەكەن
بڵێ ئەوە ماڵەوەمە و منیش هەر ماڵەوەی ئەوم
سەرگەردانیم چیرۆكێ بوو كۆتایهات.

من و تۆ بەیەكەوە بین
هێڵی تەلەفۆنەكانی شار
بیست و چوار سەعات سەرقاڵی گوێگرتن لە ئەوین نابن.
من و تۆ بەیەكەوەبین
ئیتر كارەبا نابڕێت و
هەموو رۆژێ ئاودێتەوە
‏Googleیش رزگاری ئەبێ لەگەڕانمان بەدوای یەكدا و
كچان بۆ تۆ و
كوڕان بۆ من ناتوێنەوە.

هەر ئێستا وەرە مارەمكە
بەپێشەكی خەندەیەك و
بەپاشەكی نیگایەكت قایل ئەبم
تۆ (بمهێنە) بۆ ناو قسەیەكی خۆش و
منیش بۆ ناو شیعرێكی كچانە (ئەتهێنم) !

هەر ئەمڕۆ مارەمكە
بەپێشەكی چەپكێ گوڵ و
بەپاشەكی ماچێكی دۆستانە
یان بەسێ جار وتنی وشەی (گیانەكەم)
تەڵاقمدە و تەڵاقتەدەم !
باوەڕبكە ...
هەر بەو وشەیەش دێینەوە
بۆ ماڵێكی پڕ لە ڕیتمی خۆشەویستی و
بەرامەی باخی رێحانە.

سبەینێ واز
لەخووی خراپی زۆر نووستن ئەهێنم.

مۆڵەت لە شیعر و خەڵك و خوا وەرئەگرم و
لەناو كلۆرە دارێكی پوورەی هەنگا
مانگی هەنگوینی لەگەڵ تۆ بەسەرئەبەم!
فێری وتنی شیرین و
خستنەوەی وەچەی شیرین و
ئاشتییەكی شیرین ئەبم.

هەر ئەمڕۆ واز
لەم تووتڕكی تووڕەبوونانەم ئەهێنم
كە لەدڕكی پەستبوونی تۆ ئەچێ
بۆ لەمەودوا
گوڵ ئەگریت و گوڵ ئەگرم.

ئەگەر دڵت هێندەی دڵم گەورەنییە
بڕۆ وازم لێبهێنە با هەروەكو جاران بژیم.

٢٠٠٨ سلێمانی


ڕیکلام