ڕۆمانی (ماڵی پشیلەکان)م بەمجۆرە خوێندەوە

  2020-10-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەلام محەمەد


ژینگەی ماڵی پشیلەکان

ژینگەی رۆمانەکە وڵاتێکی ئەوروپییە ( سوید ) کە خۆم نزیکەی سیی ساڵە لە سوید دەژیم و شارەزای چۆنیەتی رادەربڕین و هەڵسوکەوتیانم و لە نزیکەوە دەیانناسم، هەروەها تەوەری سەرەکیش ( ماڵی پشیلەی سیمبا ) یە لە ستۆکهۆڵم، کارەکتەرەکانیش بێجگە لە یوسف و ئاغای شەریفی و فریشتە و زیبای دایکی فریشتە و زیبای پشیلە هەموویان سویدین .

یوسف سزا دەدرێت بەوەی ماوەی مانگێک ( رۆژی هەشت سەعات ) لە ماڵی پشیلەی سیمبادا کار بکات ( لە بری زیندانیکردن ) لەوێش ئاشنایەتی لە گەڵ ( شاشتین )ی خاوەن و بەڕێوەبەری ماڵەکە و ( کارینا )ی کارمەندا پەیدا دەکات بێجگە لەوانەی بە کاروباری خۆبەخشانە و کڕین و دانان و بردنەوەی پشیلە دێن و دەڕۆن .

پێشەکی دەڵێم هەڵبژاردنی ژینگەیەکی لەو بابەتە شارەزایی و زانیاری وردی پێویستە دەربارەی پشیلە، شێوە و جۆر و رەگەز و رەنگی چاو و رەنگی پێست و رەفتار و خووەکانی کە ئاسان نییە بۆ نووسەرێکی کورد خۆی لە قەرەی بابەتێکی وا بدات، بەڵام هیوا قادر بەر لە نووسینی ئەم رۆمانە ماندوو بووە بە گەڕان بە دوای زانیاری پێویستدا و کە گەیشتۆتە ئاستی متمانە بەخۆبوون دەستی بە کارکردن کردووە و سەرکەوتووانە بەردەوامیی پێ داوە هەر لە سەرەتاوە تا کۆتاییە سەرنجڕاکێش و تراژیدیەکەی.

زمان و ڕۆمان

زمان کۆڵەکەی ڕۆمانە دیارە کە نووسەریش زیرەکانە لەم رووەوە وریا و شارەزایە ، بۆیە نەک تەنیا زمانێکی جوان و رەوانی بەکارهێناوە بەڵکو داهێنانیشی تیادا کردووە بۆ نموونە : لە کوردیدا زۆربەی کات خۆهەڵقورتاندن لە بری وشەی فزوڵ ( فچول - فچولی ) بەکار هاتووە یا زاراوەی دیکە ، ئەم وشەی ( کونجکوڵ )ی لە هەموو ئاڵتەرناتیڤەکانی دیکە بە لاوە باشترە بۆیە زۆر بەکاری هێناوە تەنانەت لە لاپەڕەیەکدا چوار پێنج جار دووبارە بۆتەوە بە بێ ئەوەی دووبارەبوونەوەکە لە ئاستی هونەری نووسینەکە کەم بکاتەوە بەڵکو کارێکی وا دەکات هیچ خوێنەرێک وشەکەی لە بیر نەچێتەوە.

شیعر و رۆمان دەستیان لە ملی یەکترە و بە ئاسانی کاریگەریی شیعر لە سەر ئەم رۆمانە دەردەکەوێت چونکە نووسەر سەرەڕای ئەوەی رۆماننوسە هەروەها شاعیرێکی سەرکەوتووشە. من واتێدەگەم هەمیشە ئەو رۆمانانە قوڵتر و هونەریترن کە خاوەنەکەی شیعریش دەنووسێت و فەزای گێڕانەوە و رووداوەکان ناسکتر و جوانتر دەبێت . شاعیر توانای رۆماننووسینیشی هەیە بەڵام رۆماننووس ناتوانێت شیعر بنووسێت ئیتر ئەگەر ئەو هەلە رێکەوت شاعیرێک رۆمان بنووسێت شانسی سەرکەوتنی زیاتر دەبێت . بریقەی ئاوێنەی شیعر لە دیمەنەکانی ( خەونەکانی گۆنیللا ) و شەوە هاوینەکەی بەیەکگەیشتنی ( پییا و کاللێ ) لە سەر تاشە بەردی ناو ئاوەکە و رووتبوونەوەیان ، پەیوەندییەکەی نێوان ( ئانا و ئاغای شەریفی هەروەها ئاغای شەریفی و زیبای خێزانی ) ، رووتبوونەوەی ( کارینا ) و پاڵکەوتنی لە بەردەم پشیلەکان و ... تاد کە هیوا قادر لە چەند شوێن و خەونێکدا ئەم تەقسە شیعرییەی وەک تابلۆیەک بە رەنگی جوان جوان رازاندۆتەوە.

یەکێک لە کەموکوڕییەکانی رۆمان دووبارەبوونەوە و درێژدادڕیە کە بە هیچ جۆرێک لەم رۆمانەدا هەستیان پێ ناکرێت بە شێوەیەکی تەکنیکی کورت و جوانی تایبەت بە نووسەر خۆیەوە بەسەرهاتەکان روودەدەن.

کوردبوون و کێشە

لە سەرەتای رۆمانەکەدا لە باڕێکی ( سوێدەر )ی ستۆکهۆڵم یوسف دەماری کوردبوون دەیجووڵێنێت لە گارسۆنە تورکەکە دەدات چونکە گێچەڵ بە یوسف دەکات و پێی دەڵێ نە کورد بوونی هەیە نە کوردستان ئەویش خۆی پێ ناگیرێت و تێروپڕی لێ دەدات تا پۆلیس دێن و لە گەڵ خۆیاندا دەیبەن، سزای مانگێک زیندانی بە سەردا دەسەپێنرێت و لە بری ئەوە پێویستە لە ( ماڵی پشیلەی سیبا )دا رۆژانە هەشت سەعات کار بکات . واتە سەرەتای ئەم رۆمانە هۆکارێکی نەتەوەییە، بەڵام هونەرمەندایەتی نووسەر لەوەدا دەردەکەوێت زۆر درێژە بەو باسە نادات چونکە سەنتەر و مەبەستی رۆمانەکە ماڵی پشیلەکانە نەک کێشەی نەتەوایەتی بۆیە تەنیا لە کاتی زۆر پێویستدا ئەو باسە دێتە پێشەوە.

ڕۆشنبیریی ڕۆمانووس

تێگەیشتن و ئاستی رۆشنبیری نووسەری هەر رۆمانێک لە کارەکەیدا دەردەکەوێت نەک بە ژماردنی ناوی ئەم و ئەو بەڵکو لەو هونەرەی بەکاری دەهێنێت کە دەزانێت چی دەنووسێت و ناهێڵێ رۆمانەکەی ببێت بە هەقایەتێکی سوواو یا کۆمەڵێ لوغزی هەڵکێشراو لە ناو یەکتریدا و پچڕاندنی پەتی تەرکیزی خوێنەر بە باس و رووداوی ترەوە . ئەم چەند کورتە رووداو و کورتە چیرۆکێکی بەکار هێناوە وەک خەونەکانی گۆنێللا و پییا و کاللێ و ئاغای شەریفی ، بەڵام لە سنووری دیاریکراودا نەک دەرەوەی ژینگەی رۆمانەکە کە تەوەری سەرەکی ماڵی پشیلەکانە.

کارەکتەرەکان هەر یەکە و دونیایەکی تایبەتی خۆیان هەیە و بە ئاسانی کەسایەتییان دەخوێنینەوە، هەرهەموویشیان سەرنجیان راکێشام بە تایبەتی کوڕە کوردەکەی لە مەڕ خۆمان کە زۆر بە باشی هەموو یاسا و رێساکانی ماڵی پشیلەکان فێر دەبێت لە هەڵسوکەوتیشدا زۆر زیرەکانە وەڵامی داوەتەوە یا بێدەنگ بووە کە ئەو رەنگدانەوەیە بە ئاسانی لای پەناهەندە و رۆژهەڵاتی دروست نابێت بە تایبەتیش پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی لە گەڵ کارینادا.

بە درێژایی رۆمانەکە گوێم لە ترپە ترپی دڵی شیعر بووە کە شەوق و زەوقێکی تایبەتییان پێ بەخشیوم و هونەرمەندانە لە شوێنی خۆیدا بەکارهاتووە بە بێ ئەوەی تۆسقاڵێک لە نرخی رۆمانەکە کەم بکاتەوە.

........................................................
ڕۆمانی: ماڵی پشیلەکان
نووسینی: هیوا قادر
چاپکراوی: دەزگای ئەندێشە


ڕیکلام