قامەتی پاییز

  2020-10-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە (ژەنەڕاڵی پاییز) پێشكەشە

سەلام مستەفا

با كەناسەكان شەقام ڕاماڵن
پاییز بسپێرن بە داری خاڵی
منیش وەك مزراح بۆ خولانەوە
ئەچمەوە كۆشی جوانی مناڵی

***
گەر پاییز كەشكۆڵ بنوسێتەوە
تەنیا چرایەك دەكەمە دیاری
گڤەی (با)ی بەختی نائومێدییە
كە دەمرێ‌ دەنگ و سەمای كەناری

***
ڕۆژێ‌ پاییزێ‌ بۆ هەرزەكارییم
بە گەڵایەكا چەند ماچێكی نارد
بۆ رۆژی دوایی كە وەڵام نەبوو
ماچی بە كێلی سەیوانا سپارد

***
من كە ئاوابم، ئەبێ‌ ئاوابم
لە پیری دارا ئەبێ‌ ساوا بم
كە پاییز هەوری خۆی پیا باراندم
لە خۆكوشتنێ‌ تەوەلا نابم

***
تۆ سەفەرت كرد، گەڵات هاویشتە 
سەر سنگی ماتی هەموو تابوتێ‌
چییە با پاییز هەر بێ‌ نەوا بێ‌
چش لەوەی چرا، مۆمێ‌ نەسوتێ‌

***
پونگە، كوزەڵە، ترشۆكە، نەعنا
گەڵا دەوەرێ‌ بەسەر سەریانا
كەچی بۆ مەرگی پاییزە شیعرێ‌
كڕنوشێ‌ نابرێ‌ لەبەردەمیانا

***
ئەو بە (بۆران)ی دەوت حەزرەتم
كەمێ‌ چیرۆكی گەڵام بۆ بێنە
ئەگەر ژەهراوی دارستانیش بێ‌
بەسەر روخسارما دایببارێنە

***
گەر لە هەسارە خوێن تكا و باری
گەڵاو فرمێسكن دێنە خوارەوە
دواجار بۆ تەرمێ‌ پڕاوپڕ پاییز
دەبنە قوماشێ‌ بە دیوارەوە

***
گرەوەی پاییز هەر درۆ بووە
ئەیبەخشێتەوە بە نێو یارانا
بەیانیان تەمەن لەگەردن ئەداو
خامۆشی ئەكا لە ئێوارانا

***
پاییز بەو هەموو گەڵا زەردەوە
كوا كەی ئەبێتە ژێی سەر كەمانێ‌
تا لە ناو دڵی گۆڕستانێكا
ئاواز بۆ سنگی سەر كێلـێ‌ دانێ‌

***
لە كێل بنووسێ‌ تەمتومان بۆچی
بۆچی گەڵاكان ناچنەوە ئاسمان
وەرین هەتا كەی هەر بەردەوام بێ‌
گریە بێتەوە ناو مێشكی كاسمان

***
زۆر بێ‌ شەرمانە پاییز هاتە پێش
پرسیاری نەكرد لە هیچ گەردنێ‌
تەماشایەكی نێو گەڵاكان بوو
پێناسەی دانا بەر لە مردنێ‌

***
ژەنەراڵێك هات، جانتایەك گەڵا
باراندنی بەسەر كوچە و كۆڵانا
رۆژژمێرێكیش بەو تەمەنەوە
چووەوە بەسەر خەمی ساڵانا

***
((بابێین بەخێر بێن گشت شەپۆلەكان
كاتێك كە چەپۆك لە كەشتیم دەدەن
كەی هەوا و دەریای لە من توڕەبوو
لە ڕەنگی زەردی تەختەییم ئەگەن))


ڕیکلام