هێما ئەفسانەییەكان لە دوا نمایشی هونەرمەند(جەزا بەكر)دا

  2020-10-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەهبی ڕەسوڵ


لە داڕشتەكانی ئەم نمایشە نوێیەی هونەرمەند (جەزا بەكر)دا فۆڕمی هونەریی بەكۆمەڵێ‌ هێما و نیشانەی ئەفرێنراو تەنراوە، كە گرۆڤەیەكن لەسەر ڕوانگەیەكی فراوان و كراوە. لەمەوە پەیوەندی هونەرمەند بە واقعەوە دەردەكەوێت، ئەم پەیوەندیە لەڕێی خولیایەكی ئازادەوە مامەڵەی لەگەڵ یەكەكانی نێو ژیانی ڕۆژانە كردوە، و هەر بەو ئازادیەش جۆرێك لە نواندنی بۆ خستونەتەڕوو.

 پڕۆسێسێكی لەم چەشنە بە توانایەكی مەعریفی وەها دەگوزەرێت، كە پێش وەختە یاخود لە ساتەوەختە هەنوكەییەكانی كاركردندا ڕێڕەو و هەنگاو و ئاراستەكان دیاری بكات، تا دواتر ئەو توانا خودیانە دەرهاوێژێ‌ كە جێگرەوەیەكی دیاریكراون بۆ ڕوئیا، ڕوئیای زەمان و شوێنێكی ئاسایی و ئاشنا. 

چونكە پەیوەندی لەم داڕشتانەدا لەسەر بنەمای پێكهێنانەوەی یەكەیەك دێت لە مناڵدانی چەندان یەكەی تر. ئەو یەكانەی خاوەن مەرجی خۆیانن لە شەقڵ و هێڵ و ڕەنگ و ڕوناكی. هەربۆیە ئەوەی بەردەوام جێ‌ پرسیار و جەدەلە، چۆنیەتی بینین و ڕوانگە هونەریەكەی هونەرمەندە، بینینێك بۆ شتەكان كە هەڵگر و پشتبەستی بیرەوەریەك بێت، ڕۆچوو بە جوڵەی زەمەنە كەڵەكەبوەكاندا. دەبینین ئەم ڕوئیایە سپەیسە ئەفسانەییەكانی ڕیزبەند كردوە، وەك بەخششێك بۆ گوزارشتكردن لە ئەمێستابونی خۆی. تا پەیبردنە زانراوەكانی خۆی و ئێمەش بۆ ناسین و بینینی شتەكانی دەوروپشتمان هەڵوەشێنێتەوە، هەڵوەشاندنەوەیەكی وەها كە لە بنیاتنانەوەیاندا زۆر دوور ئەمانبات و لەوێ‌ لەناو نامۆییەكی سەرنجڕاكێشدا، بە تەنها جێمان دێڵێت.

هەندێ‌ جار تێپەڕینێك دەكات لەم هەڵوەشاندنەوەیە، تا مەعریفە و داچونی هزریانەی ئێمە بۆ شتەكان پێچەوانە بكاتەوە، بەدیهێنانی ئەم كۆبنیادە جیاجیایانە، وایكردوە ئیستاتیكای یەكەی نێو تابلۆكانی سەرچاوە و هێز لەوەوە وەربگرن، كە هەر بینەرێك بتوانێت بەجۆرێك سەربوردەیان پێ ببەخشێ و بگێڕێتەوە. ئەم یەكانە لەتوانایاندایە كە خستنەڕوو بۆ چەندان بینین و ڕوانگە بكەن، و بارگاوین بەدرێژایی چەندان خولگە لە ڕاڤەكاریی، بەهۆكاری نواندنیان بۆ بابەتی پەیوەست و پەیوەندیدار بە هێمای ئەفسانەییەوە. 
 
(ئەم كورتە نوسینە بەشێكە لە دیراسەیەكی درێژی ڕەخنەیی لەسەر دوا نمایشەكانی هونەرمەند، لەبەر تێپەڕنەبوونی كاتێكی درێژ بەسەر ئەم دوو نمایشە تایبەت و ناوازەیەدا، هێندەی هەناسەیەكی خێرا لە خوێندنەوەیەكی ئێرەدا، ڕوناكیم بەخشی بەم بەشەی.)


ڕیکلام