خاڵە جیاوازەکانی ترەمپ و بایدن چین؟

  2020-10-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەنگدەرانی ئەمریکا کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن یەکێکیان هەڵدەبژێرن دەبێت زۆر بە ئاسانی بتوانن جیاوازیەکانی سیاسەتی ئەم دوو پیاوە لێکبدەنەوە.

لە کۆمەڵێک بابەتی جۆراوجۆردا ئەم کاندیدانە جیاوازی زۆریان هەیە لە ناویاندا بابەتەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا، باج، بازرگانی، پەیوەندی ڕەگەزی، ئاسایشی نیشتمانی، کۆچبەری لە هەموشی زیاتر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا

لە کاتێکدا زیاتر لە 225 هەزار هاوڵاتی ئەمەریکی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و ئاستی توشبوون بە ڤایرۆسەکە ڕۆژانە لە بەرزترین ئاستدایە، ئەوە ڕوونبۆتەوە کە بەرنامەی بەڕێوەبەرایەتی ترەمپ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە زیاتر کەوتۆتە سەر بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکان و چارەسەری بۆ توشبوان نەک هەوڵێکی تۆکمە بۆ خاوکردنەوەی ڕێژەی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە .

بایدن پشتیوانی لە بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکان و چارەسەری توشبوان دەکات، بەڵام لە هەمانکاتدا پشتیوانی لە هەوڵی زیاتری فیدراڵی دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە. بایدن بە بەردەوامی دەڵێت لەو بڕوایەدایە پێویستە لە سەرانسەری وڵات پێچانی دەمامک بکرێتە شتێکی یاسایی و پێویست .

گۆڕانکاری ژینگە

هەرچەندە بەردەوام ئاماژە بەوە دەکات کە دەخوازێت هەمو ئەمەریکییەکان ئاوی پاکی خواردنەوەیان هەبێت و هەوای پاک هەڵمژن، ترەمپ ئەمەریکای لە ڕێککەوتنی پاریس کشانەوە و چەندین هەنگاوی ناوە بۆ فراوانکردنی دەرهێنانی نەوت و خەڵوز لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا .

بایدن پێشنیازی پلانێکی کردووە کە تێچووکەی 2 ترلیۆن دۆلار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی دەرهاویشتە گازییەکانی، کە بەهۆکاری سەرەکی گۆڕانی کەشوهەوا دادەنرێ، و بەو ئاراستەیەدا کار دەکات کە بەرهەمهێنانی کارەبا هەتا ساڵی 2035 لە ئەمەریکا وای لێبێت دەرهاویشتەی کاربۆنی نەبێت.ئەو دەخوازێت ئەمەریکا بکاتە پێشەنگی فراوانکردنی بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و بەڵێنی داوە وڵاتەکە بگەڕێنێتەوە بۆ ڕێککەوتنی پاریس .

کاربەدەستانی چەسپاندنی یاسا و پەیوەندییە ڕەگەزییەکان

لە ماوەی ساڵی ڕابوردوودا، لە کاتێکدا خۆپیشاندانەکان لەسەر مردنی چەند کەسێکی ڕەشپێست پەیوەندی بە پۆلیسەوە هەبوو شارەکانی سەرانسەری وڵاتی هەژاند، دۆناڵد ترەمپ ڕوونی کردەوە کە ڕێک لە پشتی کۆمەڵگەی چەسپاندنی یاسا دەوەستێت.

بایدن هەوڵیداوە هێڵێکی ئاستەم دابنێت لە نێوان داواکردن بۆ چەسپاندنی یاساو ئیدانەکردنی توندوتیژییەکانی هەمو لایەنەکان لەگەڵ جموجۆڵێکی گەشەسەندووی ناو پارتەکەی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی توند چاکسازی بنەڕەتی لە کارەکانی کاربەدەستانی چەسپاندنی یاسادا بکرێت.

خزمەتگوزاری تەندروستی

بەڕێوەبەرایەتی دۆناڵد ترەمپ لە ئێستادا لەبەردەم دادگای باڵایە، مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکات بڕیاری خزمەگوزاریی بە پێی توانا، کە بە خزمەتگوزاری ئۆباما ناسراوە، بە تەواوەتی نەهێڵێت بەڵێنی داوە کە بەرنامەیەک پەسەند بکات کە باشتر و هەرزانتربێت، بەڵام هێشتا هیچی دیار نیە

بایدن دەیەوێت بەرنامەکە فراوانتر بکات بە دابینکردنی " بژارەی گشتی" بۆ بیمە کە بە پێی ئەوە ڕێگە دەدرێت خەڵکی بتوانن بەرنامەکانی هاوشێوەی Medicare بکڕن ئەگەر بیانەوێت. ئەو هەروەها پێشنیازیش دەکات تەمەن بۆ شیاوبوونی Medicare لە 65 ساڵیەوە کەم بکاتەوە بۆ 60 ساڵی .

باج

دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت باج لەسەر دەستکەوتەکانی سەرمایە کەم بکاتەوە، ئەو قازانجانەی کە وەگەڕخەرانی سەرمایە دەیکەن لە کاتی فڕۆستنی سەهمەکانیان و بەرزبوونەوەی نرخەکان، و گوتویەتی ئەو تاوتوێی دوواخستن یان لێخۆشبوون لە باجی موچە دەکات وەکو بەشێک لە هاندانی ئابوری.

بایدن شەرمی نەکردووە لە خواستەکانی بۆ بەرزکردنەوەی باج بۆ سەر دەوڵەمەندەکان و کۆمپانیاکان. ئەو زۆرێک لە یاساکانی کەمکردنەوەی باجی 2017 هەڵدەوەشێنێتەوە لە کاتێکدا بەڵێن دەدات تەنها باج لەسەر ئەو کەسانە زیاد دەکرێت کە ساڵانە داهاتیان لە 400 هەزار دۆلار زیاترە. بایدن پێشنیازیشی کردووە باج لەسەر قازانجی کۆمپانیاکان بە %21 بۆ %28 دابنێت .

بازرگانی

ڕێبازی بازرگانی دۆناڵد ترەمپ باجی گومرگی لەسەر کاڵای ئەو وڵاتانە داناوە کە پێی وایە مامەڵەی ڕەوا لەگەڵ ئەمەریکادا ناکەن بە تایبەتی چین .

ئەو باجی گومرگانە، پێچەوانەی لێدوانە هەمیشەییەکانیەتی، بە شێوەیەکی کاریگەر باجێکە لەسەر کڕیارانی ئەمەریکایی کە هەوڵ دەدەن کاڵا لەو وڵاتەوە بکڕن

بایدن گوتویەتی ئەو تاوتوێی ئەو بڕیارە دەکاتەوە کە یەکەم هەنگاوی ترەمپ بوو پاش ئەوەی هاتە سەر دەسەڵات ئەویش بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا لە هاوبەشی هەردووبەری ئۆقیانوس، ڕێککەوتنی بازرگانی گشتگیر کە کۆمپانیاکانی سەرانسەری دەوروبەری پاسفیک دەگرێتەوە. هەروەها دەشڵێت جارێکی تر پێداچوونەوە بەسەر ڕێبازی گومرگی ترەمپدا دەکات و بەلایەنی کەم هەندێکیان لادەبات .

دادگاکانی فیدراڵ

بە یارمەتی سیناتی زۆرینە کۆماری، دۆناڵد ترەمپ توانی سەدان دادوەری پارێزکار دەستنیشان بکات بۆ دادگا فیدراڵییەکانی کە پۆستەکەیان بۆ هەتا هەتاییە لە هەمو ئاستەکاندا. .

زۆربەی دیموکراتەکان لەو بڕوایەدان کۆمارییەکانی سینات بە ناڕەوایانە دادگاکانیان پڕکردووە لە پارێزکاران، سەرەتا بە ڕێگەگرتن لەوەی بەربژێرەکانی دادگا نزمەکان لەلایەن باراک ئۆباماوە دەستنیشان بکرێت و پاشانیش ڕێگەنەدان بە دەنگدان لەسەر بەربژێرێکی ئۆباما بۆ کورسییەکی دادگای باڵا لە ساڵی هەڵبژاردنی 2016 دا .

بایدن بە ئاشکرایی پشتیوانی لە زیادکردنی ژمارەی دادوەرانی دادگای باڵا نەکردووە بەڵام گوتویەتی کۆمسیۆنێک پێکدەهێنێت بۆ تاوتوێکردنی بیرۆکەکە .

ئاسایشی نیشمانی

لە ئاسایشی نیشتمانیدا ترەمپ هەوڵ دەدات ژمارەی هێزەکان لە دەرەوەی وڵات کەمبکاتەوە لە هەردوو ناوچە پڕ لە شەڕەکانی وەکو ئەفغانستان و عێراق وهەروەها لە خاکی هاوپەیمانانی ئەمەریکای وەکو کۆریای باشور و ئەڵمانیاش .

بایدن، لە کاتێکدا پشتیوانێکی سەرەکی لەشکرە و هاندەربووە بۆ ئەوەی بە وریاییەوە هێزی ئەمەریکا بنێردرێتە دەرەوە،کەسێکی نێونەتەوەیی ترە لە ترەمپ. ئەو کە جارێک سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی سینات بوو پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە لەگەڵ بەشێکی زۆر لە ڕێبەرانی هاوپەیمانە نەریتییەکانی ئەمەریکادا هەیە و چاوەڕوان دەکرێت دەستبکاتەوە بە دروستکردنەوەی ئەو پەیوەندییانە ئەگەر هەڵبژێردرێت .

ئەم ڕاپۆرتە لە دەنگی ئەمریکا وەرگیراوە



ڕیکلام