داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڤیەننای لەئەستۆگرت

  2020-11-03  | 
رێبوارێک لەکاتی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی ڤیەننا
ئەرشیڤ
ڤیەننا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەی شەوی رابردووی ڤیەننای لەئەستۆگرت کە بووەهۆی کوژرانی چوار کەس و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری ماڵپەڕی ئەعماق زمانحاڵی داعش بڵاویکردووەتەوە، هێرشەکەی شەوی رابردووی ڤیەننا، لەلایەن چەکدارێکی رێکخراوەکەیان ئەنجامدراوە و بە دەمانچە و چەکی دیکە ناوچەیەکی قەرەباڵغی لە ڤیەننا بەئامانج گرتووە.

رۆیتەرز ئاماژەی بەوەشکردووە کە داعش هیچ بەڵگەیەکی بۆ سەلماندی ئەو کارەی نەخستووەتەڕوو.

شەوی ڕابردوو لە شەش شوێنی جیاوازی ناو ڤیەننای پایتەختی نەمسا، چەکدارێک بەشێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەی لە خەڵکی ئاسایی و رێبوارانی سەرشەقامەکان کرد و لە ئاکامدا چوار کەس کوژران و ٢٢ کەسی دیکەش برینداربوون.

ئەمڕۆش، کارل نامر وەزیری ناوخۆی نەمسا رایگەیاند، هێرشبەرەکە لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ڤیەننا کوژراوە کە گەنجێک مسوڵمانی تەمەن ٢٠ ساڵی بەڕەگەز نەمسایی و مەکدۆنیاییە.

ئاشکراشیکرد، هێرشبەرەکە لە لایەنگرانی داعش بووە و پێشتر پیلانی بۆ هێرشەکەی شەوی ڕابردوو داڕشتووە.