شیعری پیێر لاگەرکڤیست

  2020-11-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کوردییەکەی خەبات عارف


ڕۆحم تەنیایە لە قووڵایی تاریکیدا،
خۆم لە سەرەوە لەنێو خۆردا پێ دەکەنم؛
جارنا یەکتر دەبینین
بەڵام پێکەوە هەڵناکەین و
چیی تر بە دوای یەکتردا ناگەڕێین.

ئاخر هیچ مانایەکی نییە کە لەگەڵ کەسێکدا بگەڕێیت کە کەمتر لەوانی تر بەرگەی دەگریت و کە خەڵک هەموویان بە لاچاو تێی دەڕوانن و وەک شتێک دەیبینن کە هیی ئەوە بێت پێی پێ بکەنیت.

شەرم دەکەم کە لەسەر شەقام پێی دەگەم و جلکە پیسەکانی دەبینم چۆن تۆزوخۆڵی کۆن و پیسییان پێدا شۆڕ بووەتەوە و چۆن هەمیشە دەڕوات و خوێن لە هەمان برینەوە کە گێلانە بەسەر سنگیەوە دەمی کردووەتەوە دەچۆڕێت؛ برینێکی کۆنی پێکەنیناوی کە ئەو هەرگیز نایدرووێتەوە. شەرم دەکەم لەبەر ئەوەی کە من خۆم هەمیشە دەست بە خۆمدا دەهێنم تا ڕێکوپێک لەنێو خەڵکدا دەربکەوم و نەبم بە شتێک بۆ سەرنجڕاکێشانێکی ناخۆش.

بەڵام ئەوەیش ڕووی داوە، کاتێک شەوێک بە تەنیا بەنێو کوچە و کۆڵاناندا گەڕاوم، هەستم بە بۆنی خوێن کردووە و دەیشزانم کە بۆنی خوێنی ئەوە، ئەمەم لێ تێک ناچێت. سەیری زەوین دەکەم. لەوێ شتێکی گەرم کەوتووە و دووکەڵی لێ هەڵدەستێت.

چۆڵوهۆڵە و بێدەنگ. خەڵک نووستوون. سەرلەبەری دنیا ئارامە. ئەوەی کە مرۆڤێک لە تاریکیدا خەریکی چییە، هەرگیز هیچ کەس نایزانێت.

لەسەر دەم دەکەوم و بە زمان شوێنپێی گەرمی ئەو کڵۆڵە دەلێسمەوە.

چون گوناهە پێی پێدا بنرێت و
پیس و چەپەڵ بکرێت؛
لەگەڵ ئەوەیش هیچ کەس چاوی لێ نییە
کە مرۆڤێک بەدزییەوە ئەوە دەکات.

سەرچاوە: کۆمەڵەشیعری نیگەرانی، ١٩١٦، کۆشیعری پیێر لاگەرکڤیست، ٢٠١٤، ل٨١-٨٢


ڕیکلام