دڵڕەقیم نیان دەبێتەوە، کاتێک بەر خەمباریت دەکەوێت

  2020-11-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
توڤە دیتلیوسن

وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە: ئالان پەری

خانمەشاعیری دانیمارکی توڤە دیتلیوسن لە گەڕەکی ڤێستەبغۆ کۆپنهاگن لەدایکبووە و هەر لەوەێش ژیانی لاوێتی و کۆچی دوایی کردووە. ڤێستەپۆرتی ئەو سەردەمە بە گەڕەکێکی هەژار نشین و شوێنی کرێکار و کارگەکان ناسراوبووە. بەڵام بۆچی توڤە ناوێکی دیاری ئەدەبی دانیمارکییە؟ چونکە ڕاستەوخۆ لە چینی کرێکاران و خەڵکانی کەم دەرامەت ئەدەبی خۆی واڵا کرد. یەکەم هۆکاری ئەوەی توڤە دەبێتە نووسەرێکی ناوداری دانیمارکی ئەوەیە کە باش دەنووسێت، دووەم هۆکاریش بۆ ئەوە دەگەڕێتە کە ڕۆڵێکی ئەوتۆی بینی لە نووسینی شیعر و دواتر وەک ڕۆماننوسێکی جیاواز دەرکەوت. 

لەسەر شۆستەیەکی ڤێستەبغۆ لەبەردەم ئەپارتمانی توڤە یەکەمەین شیعری خۆی لەسەر بەردێک هەڵکەنراوە کە لە یەکەمین دەفتەرە شیعرەکەی وەرگیراوە: 

تەنیا بۆ تۆ

ڕووناکییەک هەیە بە شەو دەسوتێ
تەنیا بۆ من دەسوتێ
فووی پیا دەکەم
گڕەکەی بەرپاتر دەبێ
گڕەکەی تەنیا بۆ منە 
بەڵام تۆ کە نەفەسێکی هێواش دەکەیت
نەفەسێکی کپکراوە
لەناکاو ڕووناکی ڕووناکترە و
لە قوڵاییمدا لە سەر سینگم دەسوتێ
تەنیا بۆ تۆ. 

توڤە دیتلیوسن هەرگیز خوێندنی ئامادەیی تەواو نەکرد چونکە دەبوایە وەک چواردە ساڵێک ئیشی بکردایە هەتا بژێوی ژیان بۆ خۆی و خێزانەکەی دابین بکات. لە شوێنێک ئاوا باسی منداڵیی خۆی دەکات:

منداڵیی ئێجگار درێژ و
وەک تابوت تاریکە
بێهودەیە بە هەوڵی خۆت دەستبەرداری بیت.

لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا یەکەمین شیعری خۆی بڵاوکردەوە بە ناونیشانی ''بۆ مەرگی منداڵەکەم'' کە بۆ ئەوکاتە بە شیوەیەکی فیکشن باس لە باری ناهەمواری ژیانی ئەو سەردەمە دەکرد. هەتا ئێستاش شیعر و سرودەکانی لە خوێندنگەکان دەخوێنرێتەوە. 

ڕیتمی وشەکان و قوڵبوونەوە لە ڕۆحی بوونەوەرەکان وا لە توڤە دەکەن کە خێرا شیعرەکانی لە دەفتەرێکدا بنووسێتەوە و دەیانشارێتەوە چونکە باوکی باوەڕی بەوە نەبووە کە کچەکەی ڕۆژێک لە ڕۆژان ببێتە نووسەرێکی بەتوانا. دوای ماوەیەک ڕەشنووسی ئەو شیعرانە بۆ وەشانخانەیەک دەنێرێت و خاوەنی وەشانخانەکە ڕازی دەبێت کە شیعرەکانی چاپ بکات و دواتر هەر خاوەنی ئەو وەشانخانەیە دەبێتە یەکەمین هاوسەری. تا ماوەیەکی زۆر ئەزمونی شیعرەکانی توڤە دیتلیوسن لەلایەن هاوسەرەکەی دەبێتە هاوکار و بەرەو پێشچوونی وەک خانمە شاعیرێکی پڕ خوێنەری ئەو کاتە.  

ئەوەی زیاتر لە شیعرەکانی ڕەنگی داوتەوە ڕیتمە، لە سەرەتا ئەزموونی شیعرەکانی ئەو ڕیتمە مۆسیقاییە بەدەر دەکەوێت و دواتر ئەو ئەزموونەی گۆرانکاری تیا بەسەر دێت و ئەوەی دەینووسێت شیعرێکی بار قورس و گرانە، دەبێتە ئەو هاوکێشە پێچەوانەیەی ئەو شێوەیە کە خود چۆنە و ئەوەی کە لە ئارادا هەیە. بۆ نمونە لە شیعری ''سێ نەمرەکە'' دا کە دەڵێت دەشێ کەسێک تۆی بوێت و لەهەمان کاتیشدا حەزت لەیەکێکی تر بێت. 


سێ نەمرەکە

دوو پیاو لەم دونیادا هەیە
ڕێگەم پێدەگرن
یەکێکیان ئەوەی خۆشم دەوێ
ئەویتریان منی خۆش دەوێ

یەکێکیان لە خەوی شەواندایە
لە نێو دڵی تاریکیم دەژی
ئەویتریان لە دەرگای دڵم ڕاوەستاوە
هەرگیز دەرگای بۆ ناکەمەوە

یەکێکیان نەفەسێکی پاکژی خۆشیی پێداوم
ئەویتریان هەموو ژیانی خۆی پێبەخشیوم و
ساتیکی لە من وەرنەگرت

یەکێکیان خوێن بە گۆرانییەکان ڕۆدەکات
بۆ خۆشەویستییەکی پاک و ئازاد
ئەویتریان یەکێکە لە ڕۆژە خەمناکەکان،
خەونەکانی نوقمی کردوون

هەر خانمێک لە بەردەم ئەم دوو عاشقە ڕادەوستێ;
خۆشەویستی پاک و بێگەرد
هەر سەد ساڵ جارێک دێت
تا بەم شێوەیە پێکەوە بۆ یەک بتوێنەوە. 


لە دەستپێکی نمونەیەکی تری شیعرێکی بار قورس و گرانەکانیدا دەنووسێت: 

دڵڕەقیم نیان دەبێتەوە،
کاتێک بەر خەمباریت دەکەوێت 

بوێرانە شیعری دەنووسی، کۆمەڵە شیعرێکی بە ناوی ''گەڕەکی منداڵیی'' بڵاودەکاتەوە کە باس لە باری ناهەمواری منداڵانی گەڕەکی ئەو شوێنەی کە تیایدا لەدایک بووە دەکات، شوێنی چینی هەژار و دوکەڵی گارگەکان و کرێکارانی شەکەت بۆ دابینکردنی سەرەتایترین پێداویستی وەک دابینکردنی ژەمێکی کەمی خواردن لە سەردەمی دونیایەکی گەشەسەندوی بواری سیایسی و هونەریدا. 

لە هاوسەرگیری دووەمیدا توڤە دەڵێت: ''بۆ یەکەم جارمە هەست بە دڵخۆشی ژیان بکەم و بتوانم ژیانێکی ئاسایی بگوزەرێنم.''
لەو ماوەیە تا دێت توڤە زیاتر دەناسرێت و زیاتر لە جاران دەنووسێت و پڕ بەرهەمی هەمەجۆرە لە بواری ئەدەبدا. بەردەوام دەنووسیت و حەوسەڵەی بەخیوکردنی منداڵی نامێنێت. لەگەڵ کاری نووسیندا هەمیشە بەدوای پیاو بووە و چەندین پیاوی جۆر بەجۆری ناسیوە، تا کار گەیشتە ئەوەی بۆ جاری سێهەم ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ پزیشکێک پێک بهێنێت لە ئاکاری ئەوە دووگیان دەبێت و نازانێت ئەو منداڵەی لە هاوسەری دوومە یان لەم پزیشەکەیە، هەر بۆیە هاوسەرە نوێکەی دەرمانێکی بێهۆشی پێ دەدات هەتا منداڵەکەی بەنهینی لەبار بەرێت چونکە بۆ ئەوکاتە منداڵ لەبار بردن کارێکی نا یاسایی بووە. ئەو دەرمانە بێهۆشەکەرەی کە منداڵەکەی پێ لەبار برت بووە هۆی ئەوەی شێوەیەکی بەرچاو تەسلیمی ئالودەی مادە بێهۆشکەرەکان بێت.

لە ئەنجامی ئەوە ماوەیەکی دژوار و پڕ ناڕەحەتی بەسەر دەبات و هاوسەرگیری چوارەم پێکدەهێنێت بەڵام بەردەوام دەمەقاڵەیان دەبێت، توڤە سەبارەت بە پرۆسەی هاوسەرگیری دەڵێت:
''بەڕای من هاوسەرگیری بە مانا کلاسیکیەکەی شتێکی مردووە، ناکرێت پێناسەی خۆشەویستی بە دەرپێ و دایبی گوواوی بکرێت.'' 

توانای شیعری توڤە دیدتلیوسن ئەوەیە کە دەتوانێ بە ئاشکرا کاریگەرییەکانی خەمۆکی و تەنیایی لە شیعردا بنووسێتەوە. بگرە زیاتریش دەڕوات و دەبێتە فیمینیست بە شێوازی خۆی و لە دژی ئەو پیاوانە دەوەستێتەوە کە ژن دەستبەسەر دەکەن و دەیان چەوسێنێتەوە. 

من مرۆڤێکی بەنەفرەتم
من کەسێکی خراپم
مرۆڤێکی گەندەڵم
بێ خەو و بێ دارم وەک کونەپەپوو
وەک ژنەجادوییەک ناشرینم
شەرابی سپی لە باتی خوێن بە دەمارەکانمدا دەڕوات


چەندین شیعری توڤە دیتلیوسن لەلایەن خانمێکی گۆرانیبێژی دانیمارکی کراون بە گۆرانی، دیارترینیان شیعری ''کچێکی گەنج لە ناخی مندا دەژی'' لە دەفتەرە شیعری بە ناوی ''بیری ژن''

کچێکی گەنج لە ناخی مندا دەژی

کچێکی گەنج لە ناخی مندا دەژی 
کە ناتوانێت بمرێت
چیتر ئەو من نییە، منیش ئەو نیم
بەڵام بە چاوی دەریاچە لە ئاوێنەکە تەماشام دەکات
بەدوای شتێک دەگەڕێت، کە چیتر نایدۆزێتەوە.

بە تاسەوە بەرەو نیانی دەڕوانم، بەرەو وشە بێدەنگەکان دەڕۆم،
 نەرمی و دڵنیایی بەردەوام  لێیان دەڕوێ
بە تاسەوە بۆ ڕزگارکردنی دڵێکم،
کە هەرگیز بە گڕە بڵندبووەکەی ناسوتێت.
بەڵام من نە نیان و نە وشە بێ دەنگەکانیشم
هەر بۆیە لەبەردەم رێگا سەختەکەم نا پشکوێن

ئەوە دڵمە دەستنیشانی دەکات، ئەوە باوەڕی منە
من تەنها ئەو ڕۆحەم خۆش دەوێت کە ئارام بۆتەوە. 


لە دوا ساڵەکانی ژیانیدا توڤە دەستدەکات بە نووسینی مەرگننامەکەی خۆی کە لە بەشێکیدا وا دەنووسێت:

''دوێنێ نووسەر توڤە دیتلیوسن لە باشترین تەمەنیدا کۆچی دوایی کرد، مەرگەکەی شکستێکی گەورەیە لە جیهانی نووسینی ئەدەبی دانیمارک. لەلامان سەیرە کە ئەم نووسەرە باشە هەرگیز خەڵاتی ئەکادیمایی ئەدەبی پێ ڕەوا نەبینرا و نەبووە یەکێک لە ئەندامانی کۆمەڵەی نووسەرە گەورەکان.'' 



توڤە دیتلیوسن Tove Ditlevsen خانمە شاعیری دانیمارکی لە دایکبووی  ساڵی ١٩١٧ لە کۆپنهاگن. یەکەمین دەفتەرە شیعری خۆی لە ساڵی ١٩٣٩ بە ناونیشانی ''بیری ژن'' بڵاوکردۆتەوە. توڤە خاوەنی زیاتر لە ٣٠ بەرهەمی ئەدەبی وەک شیعر و ڕۆمان و چیرۆک و یاداشتە. لە خێزانێکی زۆر هەژارنشین پەروەردە بووە، لە گەڕەکێکی پڕ لە کرێکار و کارگەی جۆراوجۆر لە کۆپنهاگن. کاردانەوەی ئەو ژیانە لە زۆربەی کارە ئەدەبییەکانی ڕەنگی داوەتەوە، بە شێوازی خۆی داکۆکی و باس لە کرێکاران و گەڕەکی منداڵیی و کچە بێ مافەکانی ئەو سەردەمە کردووە. لە ژیانیدا چوار جار ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە، چەندین جار تووشی خەمۆکیی تووند بووە بە هۆی ژیانی پێشووی و ناهەمواری باری دەروونی دوو جار ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونی کراوە و لەهەمان کاتدا زیادەڕەوی لە ئەلکهول و ئالودەبوون بە دەرمانی بێهۆشی زیاتر خەمۆکی دەکات بەڵام لە کاری نووسین ناوەستێت. لەساڵی ١٩٧٦ و لەتەمەنی ٥٨ ساڵیدا کۆتایی بەژیانی خۆی دەهێنێت بە خواردنی بڕێکی زۆر لە حەبی خەویی.

*سەرچاوە: دەفتەرە شیعری ''جیهانی بچوک'' Lille verden 


ڕیکلام