ژیان: محه‌مه‌د جه‌مال
ئه‌ڵماس مسته‌فای شاعیر، یه‌كێكه له‌و ده‌نگه مێینانه‌ی كه 21 ساڵه له غوربه‌ته‌وه شیعر ده‌نووسێت و ده‌خوێنێته‌وه و تا ئێستا خاوه‌نی 48 شیعره.
ئه‌و له چاوپێكه‌وتنێكیدا بۆ "ژیان" ده‌ڵێت" ده‌ستپێكی نووسین لای من خۆڕسكانه بووه و پێشتر هیچ كتێب و گۆڤار و ته‌نانه‌ت ڕۆژنامه‌یه‌كیشم نه‌خوێندبۆوه و كاریگه‌ری هیچ شاعیرێكیشم له‌سه‌ر نه‌بووه كاتێك كه ده‌ستم به نووسین كرد.
ژیان: له نێو هه‌موو ژانره ئه‌ده‌بییه‌كاندا چۆن و بۆچی شیعرتان هه‌ڵبژارد؟
ئه‌ڵماس: من شیعرم هه‌ڵنه‌بژارد، به‌ڵكو شیعر خۆی منی هه‌ڵبژارد و هات منی ڕاپێچی دنیای خۆی كرد، شیعر به منی گوت" ده‌توانی هه‌سته‌كانت لای من بدركێنیت و من بۆت ده‌خه‌مه سه‌ر خامه و كه‌مێك له نیگه‌رانییه‌كانت بۆ كه‌م ده‌كه‌مه‌وه.
ژیان: واته هه‌ست و خه‌یاڵه‌كانت به ئاشكرا له‌نێو شیعره‌كانتدا به‌دی ده‌كرێت؟
ئه‌ڵماس: شیعرخۆی ھەست وخەیاڵی شاعیرەکەیە، ئەو شیعرانەی من دەینوسم، به‌ڵێ ھەمووی گوزارشت لە ناخی خۆم دەکات، بۆیه شاعیر ده‌بێ هه‌میشه ڕاستگۆیانه بدوێ لەگەڵ ئەو خەیاڵانەی ئاوێتەی ڕۆحی دەبن.
ژیان: بۆچی له شیعره‌كانتدا زۆرترین وشه‌ی ڕۆمانسی به‌كاردێنیت؟
ئه‌ڵماس: حەسرەتی ئەوین وای لەمن کرد ڕۆمانسییانە ھەستەکانم لای شیعر دەربڕم، له‌به‌رئه‌وه من شاعیرێكی ڕۆمانسیم و خۆشه‌ویستی له‌ڕۆحی مندا وه‌ك ئه‌و نه‌وره‌سانه وان كه له كه‌نار ده‌ریا یاری له‌گه‌ڵ شه‌پۆل و سه‌مای ده‌ریا ده‌كه‌ن.
ژیان: جوانترین وشه له‌نێو شیعره‌كانتدا چییه و تۆ له‌سه‌ر كام ڕێبازی ئه‌ده‌بی شیعر ده‌نووسیت؟
ئه‌ڵماس: جوانترین وشە لەشیعرەکانمدا وشەی "ماچ"ـه کە لە زۆربەی شیعرەکانمدا ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی ھەبووە. هه‌روه‌ها شیعرەکانی من ئازادن و له‌سه‌ر ڕێبازی نوێ شیعردەنوسم.
ژیان: بۆچی هه‌میشه له كۆڕه شیعرییه‌كان و پرۆگرامه‌كانی ته‌له‌ڤزیۆنی و ڕادیۆیی شیعری شاعیرانی كلاسیك ده‌خوێنیته‌وه؟
ئه‌ڵماس: پێم‌خۆش بوو ئەم پرسیارەت کرد، من زۆر بە دوای شیعردا گەڕام بۆ ئه‌وه‌ی بیانخوێنمەوە، ئەوەی سەرنج وھەستی منی ڕادەکێشا شیعری کلاسیک بوو، بۆیه پێموانیە لەو جۆرە شاعیرانە دروست ببنەوە. هه‌روه‌ها ئه‌و کاتانه‌ی ئەو شیعرانە دەخوێنمەوە واھەست دەکەم کەخۆم نووسیومە و ڕۆحم زۆر پێی ئاسودە دەبێت.
ژیان: له‌نێو شیعره‌كانتدا "یاخیبوون" تا چه‌ند ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووه؟
ئه‌ڵماس: لەناو شیعرەکانمدا سەد لەسەد "یاخیبوون" ڕەنگدانەوەی زۆری پێوە دیاربووە، چونکە ئەوەی لەناخی مندا پەنگی خواردبێتەوە، بێ سل کردن و گوێ پێدان لەھیچ شتێک و داب و نەریت و کو‌لتوور، من نوسیومە.
ژیان: تا ئێستا هیچ كتێبێكی شیعریت بڵاوكردۆته‌وه؟
ئه‌ڵماس: نه‌خێر، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت نه‌بووه، به‌ڵام ته‌واوی شیعره‌كانم كۆكردوونه‌ته‌وه و به‌نیازم له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا چاپی بكه‌م، هه‌روه‌ها له‌ماوه‌ی 21 ساڵی نووسینم كه خاوه‌نی 48 شیعرم، به‌شێكی شیعره‌كانم بۆ سه‌ر چوار زمان وه‌رگێڕدراون، وه‌كو "سوێدی، ئه‌لمانی، ئینگلیزی، عه‌ره‌بی" ته‌نانه‌ت به‌زمانی سوێدی شیعریشم نووسیوه و له گۆڤارێكی سوێدی بڵاوكراوه‌ته‌وه.