چیتر کوردی باش کوردێکی مردوو نییە

  2020-11-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەربارەى ڕۆمانى (داگیرکردنى تاریکى)ى (بەختیار عەلی)


هیوا قادر

من، وەک خوێنەرێک و نووسەرێک، دواتریش وەک کوردێک هەست بە شانازییەکی بێ ئەنادازە گەورە ئەکەم کە ئەبینم ئەدەبی کوردی بووە بە خاوەنی یەکێک لە هەرە ڕۆمانە گەورەکانی خۆی کە ئەویش ڕۆمانی "داگیرکردنی تاریکی" بەختیار عەلییە.

دوای خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە زیاتر لە گرنگی ئەو دەستەڵاتە ئەفسوناویی و گەورەیەی ئەدەب تێ ئەگەین، کە چۆن ئەتوانێت هەر خۆی بە تەنها ڕۆڵی بەشێک لە شۆڕش و مێژووی میللەتێک بگێڕێت، تێشئەگەین کە ئەکرێت ڕۆمانێکی لەم چەشنە بەهاکەی هیچی کەمتر نەبێت لە ساڵانێکی زۆری خەبات و ڕۆح بەختکردن و ماڵوێرانی لە پێناوی مانەوەدا. لە کاتێکدا ئەم ڕۆمانە پڕوپاگەندەی هیچ ئایدۆلۆژیایەکی خۆسەپێن ناکات، جگە لە هەوڵدان بۆ ناسینی مرۆڤ و هەموو ئەو مانایانەی ناو ئەو دیوە شاراوە و ئاشکرایانەی کە لە نێوان دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵاتدا هەیە.

من پێموایە گرنگی ئەم ڕۆمانە ڕەنگە لەو کاتەدا زیاتر دەربکەوێت کە پێش هەر زمانێکی تر وەربگێڕێتە سەر زمانی تورکی، چونکە ئەم ڕۆمانە باسی ئەو مێژووە خوێناوییە ئەکات کە نزیکەی سەد ساڵە ناسیۆنالستی تورکی بێ ڕەحمانە و بەردەوام هەوڵی سڕینەوەی شوناسی کورد و ئەتنیەکانی تری ناو تورکیا ئەدات، بەهەمان هێزی ئەو بەردەوامییەش لەبەردەم هەموو دنیادا لە هەوڵی شاردنەوە و شێواندنی ڕاستییەکاندایە.

بیرۆکەی وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە بۆ زمانی تورکی هەمان ئەو هەوڵەی ڕۆمان نووسی جولەکە "ئامۆز ئۆز"م بیردێنێتەوە، کە ساڵانێکی زۆر سەرقاڵی وەرگێڕانی ئەدەبیاتی قەتلوعامکردنی جولەکەکان بوو بۆ زمانی عەرەبی و دواتر ناردنی ئەو کتێبانە بە قاچاخ بۆ ناو وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان، بۆ ئەوەی خوێنەرانی عەرەب بەو ئەدەبیات و مێژووە ئاشنابن کە بەسەر تەفروتوناکردنی جولەکەکاندا هاتووە. بیرکردنەوە لە کارێکی هاوشێوە و وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە بۆ زمانی تورکی، ڕەنگە هەمان کاریگەری هەبێت بۆ پیشاندانی ئەو ڕاستیانەی کە بەردەوام لە ناو تورکیادا هەوڵی شاردنەوەی ئەدرێت.

دڵنیام وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە بۆ زمانە زیندووەکانی تری دنیاش، کاریگەرییەکی گەورەی ئەبێت لەسەر ئەو هەزاران هەزار خوێنەرانەی کە لەتخوبە دوورەکانی دنیادا ئەژین و نائاگان لە ئازاری میللەتێک کە نزیکەی سەدەیەکە لە پێناوی زمان و مانەوەی خۆیدا وەک ماسییەکی قەتیس بوو لەم گۆمی خوێنەوە بۆ ئەوی تر باز ئەدات. چونکە ئەو کاریگەرییەی ڕۆمان هەیەتی، هەرگیز هەواڵەکانی ناو میدیا و مێژوو نیانە و ناتوانن ئاوها دەیان ئاسۆی بیرکردنەوە و تیڕامان لەبەردەمی مرۆڤدا بکەنەوە.

ئەم ڕۆمانە، بە گشتی هەم هەیبەتێکی گەورە ئەبەخشێتەوە بە هێز و کاریگەری ئەدەب و هەمیش ئەبێتە یەکێک لە شانازییە زیندووەکانی میللەتێک کە هێشتا لە دنیادا بە تراژیدیا و برینەکانیدا ئەناسرێتەوە، نەک بە شاکارە ئەدەبییەکانیدا.

ئەم ڕۆمانە، باشترین وەڵامێکە بۆ ئەو پەندە تورکییەی ناسیۆنالستەکان کە ئەڵێت: "باشترن کورد، کوردێکی مردووە"، نەخێر "چیتر باشترین کورد، کوردێکی مردوو نییە..."


ڕیکلام