چاپخانەی كارۆ بۆ جاری دووەم خەڵات دەبەخشێتە نووسەران

  2020-11-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
چاپخانەی كارۆ كە یەكێكە لە چاپخانە ناسراوەكانی شاری سلێمانی، وەك نەریتی ساڵانەی خۆی ئەمساڵیش نووسەرێكی كورد خەڵات دەكات، خەڵاتەكەش بریتییە لە چاپكردنی كتبێكی نووسەر لەگەڵ پۆرترێتێكی نووسەر بە شێوەی ڕیلیف.

عەتا مەحمود، بەڕێوەبەری چاپخانەی كارۆ بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: وەك ئاگادارن خەڵاتی پار لە بواری شیعر دا بوو، ئەمساڵ لە بواری چیرۆك دەبێت، ئەوەش لەدوای پرس و ڕا بە لیژنەیەكی سێ كەسی، بڕیارماندا خەڵاتی كارۆی ساڵی ۲٠۲٠ بۆ مامۆستا ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل بێت. 

ئەو روونیكردەوە خەڵاتەكە لەسەر كۆمەڵە چیرۆكی " خەونە بێسەروبەرەكان" لە ۱۱ كورتە چیرۆك و دوو لێكۆڵینەوە پێكهاتووە، لێكۆڵینەوەی یەكەم لە نووسینی سەڵاح حەسەن پاڵەوان و لێكۆڵینەوەی دووەم لە نووسینی سالار كەریم ـــە، لەگەڵ دەقی وتاری هەر سێ ئەندامی لیژنە. لە دوو توێی كتێبێكدا لەسەر ئەركی چاپخانەی كارۆ بە تیراژی ٥٠٠ دانە چاپ دەكەین و لە ڕێوڕەسمێكی شایستەدا لەگەڵ پارچەیەك ڕلیڤ كە پۆرترێتی نووسەرە و لە هاڕاوەی بەرد درووست دەكرێت، دەكەینە دیاری بۆ نووسەر، ‎لە ئێستادا كاری تایپ و هەڵەچنی و دیزاینی بەرگ و ناوەرۆكی كتێبەكە ئامادە بووە و لەژێر چاپدایە.

سەبارەت بە ڕۆژی بەخشینی خەڵاتەكەش وتی: هەر كاتێك ئامادەكاریەكان تەواوبوون كات و شوێنی مەراسیمەكە دیاری دەكەین. لەدوای مەراسیمەكەش تێكڕای كتێبەكانی تر كە دەمێننەوە بەسەر كتێبخانەكانی شار و شارۆچكەكانی كوردستاندا دابەش دەكرێت. سەرجەم تیراژی كتێبەكە بۆ نووسەر دەبێت.

لە كۆتاییدا دەربارەی لیژنەی ئەمساڵی خەڵاتی رایگەیاند: ئەندامانی لیژنە بریتین لە هەریەك لە نووسەران (بەختیار عەلی، بەیان سەلمان، د. مارف عومەر گوڵ).


ڕیکلام