لالە عەبدە: تۆ بڵێیت ئەمجارە کە پەنجە گەسترا بڵێن خۆزگەمان بەجاران.

  2020-11-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەو لە پۆستێکی تەنزئامێز و ڕەخنەگرانە لە دۆخی ئابوویی ئێستا و ڕابردوو، هاوکات ئەو گۆڕانکارییەی لە مرۆڤی ئەم کۆمەڵگایەدا ڕوویاندا ڕاشکاوانە قسە دەکات.



هونەرمەندی شێوەکاری کورد  لالە عەبدە لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک لە ژێر ناوی (پایدەرلێدانی بێهودە) بە تەنزەوە باس لەو گۆڕانە لە ناکاوە ئابوورییە دەکات کە چەند ساڵی ڕابردوو ڕووی لە کوردستان کرد و دەڵێت: هێشتا دەرگا و پەنجەرە و دیوار بۆنی برسێتی لێدەهات، لە پر لە ئەسمانەوە پارە باری، خوشکەزاکەم شانازی بەوەوە ئەکرد کە لەسێ دەزگا مووچە وەردەگرێت.

ئەو هونەرمەندە بە تەنزەوە دەڵێت: پایدەری فیشاڵ بۆ دەوڵەمەندبوون لێدرا، بۆ پێشبڕکێ کەس نەما بەشدارنەبێت، سوودمەند بوون بووە باوی سەردەم، کارەبای لەخۆبای دنیای ڕووناک کردەوە.

ئەو لە کۆتایی پۆستەکەیدا دەڵێت: کە مژدەی ئیفلاسی بڵاو کرایەوە، بازاڕی نێرگەلە بووە جێگای خواپەرستی، پۆزی تاکی تەفرەدراو هاتەوە سەر سفر، تۆ بڵێیت ئەمجارە کە پەنجە گەسترا بڵێن: خۆزگەمان بەجاران؟!

لالە عەبدە:

* هونەرمەندێکی شێوەکاری کوردە.
* پەیمانگای هونەرەجوانەکانی لە بەغداد تەواوکردووە.
* ئەکادیمیا هونەرەجوانەکانی لە وڵاتی ئیتاڵیا خوێندووە.
* لە ساڵی (1976)ە لە ئەوروپا نیشتەجێیە
* تابلۆکانی چوونەتە دەرەوەی دونیای کوردی و لە چەندین پێشانگای جیا لە وڵاتی جیا بەشدارییان کردووە.
* لە ڕۆژنامە و گۆڤارە بیانییەکاندا دەربارەی کارەکانی نووسراون
* ناوی وەک هونەرمەندێک لە چەندین فەرهەنگ  و کەتەلۆکی تایبەت بە شێوەکاریی لە وڵاتانی جیاجیای جیهاندا هەیە.
* لە (ئاکشن گەلەری) کە گەلەرییەکی بەناوبانگی جیهان و وڵاتی ئەمریکایە تابلۆکانی نمایش کراون.
* لە چەندین گەلەریی دیکەی وڵاتی فەرەنسا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا کارەکانی نیشاندراون.
* پاش تەمەنێکی بەرچاو لە بواری هونەری شێوەکارییدا، تاکو ئێستاش بەردەوامە لە کارکردن.
* کۆتا ئەزموونی کارکردنی ئەو کارکردنە بە بۆیەی ئاوی، خۆی گوتەنی وەک گەڕانەوەیەک بۆ خەونێک کە هەست دەکات وەک پێویست نەهاتۆتە دی، یان ئەزموونێک کە تەواو نەبووە.


ڕیکلام